ناڤالنی پێنج رۆژی تر دەگەڕێتەوە بۆ رووسیا

:: PM:01:39:13/01/2021 ‌
ئۆپۆزسیۆنەكە رژدەكەی ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیا، دوای ئەوەی دۆخی تەندروستیی باشتر بووە، سینگ دەردەپەڕێنێ و دەڵێ لە دوای پێنج رۆژی تر، دەگەمە رووسیا.

پێگەی "ئیلاف" ئەمڕۆ چوارشەم 13ی كانوونی دووەم بڵاوی كردووەتەوە، ئەلێكسی ناڤالنی كە بە ئۆپۆزسیۆنە رژدەكەی سەرۆكی رووسیا ڤلادیمێر پوتین هەژمار دەكرێت، دوای ئەوەی ماوەیەك بەر لە ئێستە ژەهراوی كرا، دواتر لە كەناری مردن گەڕایەوە و ئێستەیش دەڵێ، لە 17ی كانوونی دووەم لە رووسیا دەبم.

ناڤالنی سەرۆكی ئۆپۆزسیۆنی رووسیا ئەمڕۆ لە تۆڕی "ئینستەگرام" نووسیویەتی، من لە دۆخە مەترسیدارەكە رزگار بووم كە پوتین فەرمانی بە كوشتنم كردبوو، بۆیە لە 17ی ئەم مانگە دەگەڕێمەوە.

لەبارەی ژەهراویكردنیەوە گوتی، پوتین فەرمانی بە كوشتنم دابوو، بەڵام رزگار بووم، ئەو فەرمانی بە فەرمانبەرەكانی كردووە هەموو شتێك بكەن تا نەگەڕێمەوە بۆ وڵات، بەڵام دڵنیابن لە 17ی ئەم مانگە دەگەڕێمەوە و لە رووسیا دەبم.

ناڤالنی كە لە رووسیا بە ئۆپۆزسیۆنێكی رژدی پوتین ناو دەبرێ و سەرۆكی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتەیە، ماوەیەك بەر لە ئێستە دۆخی تەندروستیی تێكچوو و راستەوخۆ گوازرایەوە بۆ ئەڵمانیا بۆ چارەسەر. لەوكاتەوە دەیان هەواڵ و راپۆرت لەبارەی ژەهراویبوونیەوە بڵاو كرانەوە و مەترسیی زۆر لەسەر ژیانی هەبوو، زۆربەی میدیاكان ئاماژەیان بە پوتین دەكرد كە گومان هەیە دەستی ئەوی لە پشت بێت.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د