نرخی دۆلار دەگەڕێتەوە 1200 دینار؟

:: PM:07:04:13/01/2021 ‌

یەكێك لە هۆكارەكانی هەڵبەز و دابەزی نرخی دۆلار بەرانبەر بە دیناری عێراقی لە بازاڕەكاندا ئەو قسانەن كە تا ئێستە ئەو نرخەی بانكی ناوەندی دیاری كردووە، ئەگەری گۆڕین و گەڕانەوەی بۆ نرخی كۆنی هەیە، ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دووپاتی كردەوە كە ئەو بابەتە پێوەستە بە بانكی ناوەندییەوە.
گۆڕینی نرخی دراو پێویستی بە كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی چالاك هەیە
ئەحمەد سەفاڕ، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەم گوتی، دیاریكردنی نرخی دۆلار ئەركی بانكی ناوەندی عێراقە و ئەو تاكە لایەنە سەرپەرشتی سیستمی نەختێنە و بارستەی نەختێنە و نرخی فرۆشتنی دراوی بیانی دەكات، بۆیە وەك پەرلەمان مافی ئەوەمان نییە بێینە ناو بابەتی دیاریكردنی نرخەوە.

زیاتر گوتی، گۆڕینی نرخی دراوی بیانی بەپێی بیردۆزە ئابوورییەكان، سیاسەتێكی بەسوود و كاریگەرە، بەڵام مەرجی هەیە لەوانە، فەراهەمبوونی كەرتێكی كشتوكاڵ و پیشەسازی چالاك و بەرهەمهێنەر.

شایەنی باسە نرخی دۆلار و دراوە بیانییەكان لەلایەن بانكی ناوەندی عێراقەوە دیاری دەكرێت، لەبەر ئەوەی ئێستە عێراق بە دۆخێكی سەختی دارایی و ئابووریدا تێپەڕ دەبێت تا ئاستی بێتوانایی لە خەرجكردنی مووچەی مانگانەی فەرمانبەر و خانەنشینان، بۆیە بانكی ناوەندی وەك هاوكارییەك بۆ حكوومەت بڕیاری دا بە كەمكردنەوەی بەهای دیناری عێراق، پێشتر نرخی فرۆشتنی دۆلار لە مەزادی بانكی ناوەندی كەمتر لە 1200 دینار بوو بۆ دۆلارێك، ئێستە بۆ 1450 دینار بەرز كرایەوە.

لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2021ی عێراق نرخی دۆلار بە نرخی نوێ جێگیر كراوە، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت دوای پەسندكردنی پڕۆژەیاساكە لەلایەن پەرلەمانەوە، نرخی دۆلار لە بازاڕەكان بۆ خوار 1500 دینار بۆ دۆلارێك بەرز ببێتەوە، چونكە بانكی ناوەندی بە 1450 دینار دەیفرۆشێت.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل

ئه‌م بابه‌ته 14342 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌