20ی ئەم مانگە دانوستانی نێوان ئەنەكەسە و تەڤدەم دەست پێ دەكاتەوە

:: PM:02:06:14/01/2021 ‌
هەرچەندە ئەنەكەسە گۆڕینی ئاڵدار خەلیل لە سەرۆكایەتی شاندی دانوستانكاری تەڤدەمی كردووەتە مەرجی درێژەدان بە دانوستانەكان، بەڵام  نوێنەرێكی باكور و رۆژهەڵاتی سووریا  دەڵێ لە 20 مانگ گفتوگۆكانی نێوان ئەنەكەسە و تەڤدەم لە ئاستی باڵاتر دەست پێ دەكەنەوە.

فەتحوڵا حوسێنی ئەندامی نوێنەرایەتی باكور و رۆژهەڵاتی سووریا، بە "وشە"ی راگەیاند، لەگەڵ ئەنەكەسە رۆژی 20ی ئەو مانگە گفتوگۆكانیان دەست پێ دەكەنەوە و هەردوولا بە پەرۆشن و دەیانەوێ رێككەوتنی سیاسی بكەن و بەشێوەی پاكێج بگەن بە چارەسەر، جگە لەمە پرسی پێشمەرگەی رۆژ پرسێكی سەربازییە و ئەوان دەیانەوێ لە رووی سیاسی و دیپلۆماسی و سەربازیش رێككەوتن بكەن.

پێشمەرگەی رۆژ خەڵكی رۆژئاوان و مافیانە بەرگری لە ناوچەكە بكەن و بگەڕێنەوە


ئەو ئاماژەشی دا  "قسەكانی ئاڵدار خەلیل لەبارەی پێشمەرگەی رۆژ بۆ گفتوگۆ و رێككەوتنەكانمان كێشە دروست ناكات، ئێمە دەمانەوێ كاری گەورە بكەین، پێشمەرگەی رۆژ خەڵكی رۆژئاوان و مافیانە بەرگری لە ناوچەكە بكەن و بگەڕێنەوە ئەو ناوچەیە."

وەك زیاتر خستیەڕوو، هەردوولا لەسەر ئاستێكی باڵاتر رێككەوتن و گفتوگۆ دەكەن و خوازیارن كۆتایی بەو كێشانە بهێنن و لەسەر ئاستی سیاسی و دیپلۆماسی رێك بكەون، لە ماوەی رابردووشدا گفتوگۆكان بەردەوامییان هەبووە.

بەڵام  نەواف حەسەن سەرۆكی نوێنەرایەتی ئەنەكەسە لە ھەرێمی كوردستان، بۆ "وشە" پێی وایە، لێدوانی ئاڵدار خەلیل سەرۆكی شاندی تەڤدەم كە چەندان جۆر دژایەتی تێدایە، بێ ھۆكار نییە و خۆی ئەندامێكی مەكتەبی ناوەندی پەكەكەیە، بەفەرمانی پەكەكە ئەو لێدوانە دەدات بۆ ئەوەی دانوستانەكان سەركەوتوو نەبن و تێكی بدەن.

ئەو دەڵێ قبووڵی ناكەن ئاڵدار خەلیل چیتر سەرۆكی شاندی تەڤدەم بێت، ناكرێ لە لایەك دژایەتی ئەنەكەسە بكات و لە لایەكی تریش سەرۆكی شاندی دانوستانكار بێت.

ئاڵدار خەلیل بە فەرمی داوای لێبوردن لە كەسوكاری پێشمەرگەی رۆژیش بكات


نەواف حەسەن بە پێویستی زانیوە ئاڵدار خەلیل بە فەرمی داوای لێبوردن لە كەسوكاری پێشمەرگەی رۆژیش بكات. جگە لەمە نابێت ئەمەریكاش ئەو بێڕێزییە قبووڵ بكات كە سەرپەرشتی دانوستانەكان دەكات.

جەدعان عەلی ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا، بۆ "وشە" بە پێویستی دەزانێت بۆ دانوستانەكان كەشوھەوا لەبار بێت بۆ ئەوەی سەركەوتووبن، ناكرێت لێدوانی دژ بە یەكتر بدرێن، بە تایبەت كەسێكی وەك ئاڵدار خەلیل كە بەردەوام دژایەتی ئەنەكەسە دەكات، ناكرێ سەرۆك شاند بێت و پێویستە تەڤدەم لای ببات بۆ ئەوەی رەزامەندی ئەنەكەسە دەستەبەر بێت.

"ئاڵدار خەلیل نوێنەری پەكەكەیە و بەفیتی پەكەكە ئەو كارە دەكات بۆ ئەوەی ئاستەنگ بۆ دانوستان دروست بكات ، بەڵام ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی كە پێویستە دانوستان بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی بتوانن خزمەتی خەڵكی رۆژئاوای كوردستان بكەین و تەڤدەمیش ئەو كەسە لە شاندی دانوستانكار لا بدات و كەسێكی تر دابنێت". جەدعان عەلی وای گوت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی-بڵند ئیبراھیم


وشە - سلێمان تاشان