لە كۆبوونەوەیەكی نهێنی كازمی و سەرانی حەشدی باسی چی كراوە؟

:: PM:09:41:16/01/2021 ‌

لە ماوەی دواییدا ئەمەریكا سزای بەسەر دوو فەرماندەی باڵای حەشدی شەعبی سەپاند و ئەوانی خستە لیستی رەشەوە، ئەوانیش هەریەك لە فالح فەیاز، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و عەبدولعەزیز محەمەداوی "ئەبو فەدەك"، سوپاسالاری حەشد بوون، پێنجشەم مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ ئەواندا كۆ بووەتەوە و داوایان لێی كردووە بەناوی حكوومەتی عێراق هەڵوێستی هەبێت. 
كازمی زانیاری بە ئەمەریكا و یارمەتی سەپاندنی سزاكانی داوە
سەردانی مستەفا كازمی بۆ بارەگای دەستەی حەشدی شەعبی هاوكاتە لەگەڵ پەرەسەندنی ئاڵۆزییەكانی ناو دامەزراوەكە، كە زۆرینەی گرووپەكانی سەر بە ئێرانن، سەرچاوەیەك وردەكاریی كۆبوونەوەكەی ئاشكرا كرد و گوتی، لەو كۆبوونەوەی نزیكەی 24 سەعات دوای سزاكانی ئەمەریكا هات، بەهۆی تێوەگلانیان بە پێشێلكردنی مافی مرۆڤەوە.  

بەپێی سەرچاوەكە كازمی بۆ خۆبێبەریكردن لەو تۆمەتانەی ئاراستەی كرابوو پێوەست بە سەپاندنی سزاكانی ئەمەریكا، سەردانی بارەگای حەشدی شەعبی كردووە، كاتێك دوای دەرچوونی سزاكان فالح فەیاز دەستی بە سازكردنی هەڵمەتێك دژ بە كازمی كردووە و بە سەرانی حەشدی شەعبی گوتووە كە ئەو زانیاری بە ئەمەریكا و یارمەتی سەپاندنی سزاكانی داوە. 

بۆیە فەیاز سەرانی حەشدی لەوە وریا كردووەتەوە كە كازمی پلانی هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو هێزە، ئەوەیش دوای ئەوەی یەك لەدوای یەك سزا بەسەر سەركردەكانیدا دەسەپێنێت، بۆیە كازمی لە سەردانەكەیدا، كە چاوی بە فەیاز و ئەبو فەدەك و سەرانی حەشد كەوتووە، پێی راگەیاندوون ئەو قسانە راست نییە و ئەو هیچ رۆڵێكی لە سەپاندنی سزاكانی ئەمەریكادا نییە. 

هەروەها لەو كۆبوونەوەی زیاتر لە سەعاتێك بەردەوام بوو، سەرانی حەشدی شەعبی داوایان لە كازمی كردووە هەڵوێستێكی فەرمی رابگەیەنێ و سەپاندنی ئەو سزایانە رەت بكاتەوە و داوای هەڵوەشاندنەوەیان بكات، بەپێچەوانەوە وای دادەنێن ئەو دەستی لە بابەتەكەدا هەیە، بەڵام تا ئێستە كازمی خۆی لەو بابەتە دەدزێتەوە، چونكە نایەوێ لەگەڵ ئەمەریكادا بكەوێتە كێشەوە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل