هاواری "اللە اكبر" فڕۆكەخانەیەكی ئەڵمانیای بۆ ماوەیەك داخست

:: PM:04:12:17/01/2021 ‌
لە یەكێك لە ترمیناڵەكانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی فرانكفۆرتی ئەڵمانیا، كەسێك لە كاتی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پۆلیس، لە كاتێكدا جانتایەكی بەدەستەوە بووە، چەند جارێك گوتوویەتی "اللە اكبر" و بەم هۆیەشەوە فڕۆكەخانەكە بۆ ماوەیەك گەشتەكانی دەوەستێنێت.

هاووڵاتییەكە پێش ئەوەی لە لایەن پۆلیسەوە بگیرێت، هەڕەشەی كوشتنی لە خەڵك كردووە، بۆیەش دوای گرتنی ئەو هاووڵاتییە پۆلیس دەست بە پشكنینی زۆر لە بەشەكانی فڕۆكەخانەكە دەكات و بۆ ماوەیەك دادەخرێت.

بەگوێرەی دۆیچەوێلە، تۆمەتبارەكە تەمەنی 38 ساڵە و دەمامكیشی نەبەستووە، دوای ئەوەی پۆلیس لەو سەرپێچییەی ئاگاداری دەكاتەوە، ئەویش جانتاكەی فڕێ دەداتە شوێنی كۆنترۆڵی پاسپۆرت و هاوار دەكا "اللە اكبر هەمووتان دەكوژم."

كەسەكە هەوڵی داوە لە دەستی پۆلیس هەڵبێت، بەڵام سەركەوتوو نەبووە


كەسەكە هەوڵی داوە لە دەستی پۆلیس هەڵبێت، بەڵام سەركەوتوو نەبووە و دوای پشكنینی جانتاكەش، دەركەوتووە هیچ شتێكی تێدا نەبووە مەترسیدار بێت.

پۆلیس لە بەدواداچوون و گەڕانی ناو فڕۆكەخانەكەش هیچ شتێكی دەست نەكەوتووە و دواتر دەست بە گەشتەكانی ئەم فڕۆكەخانەیە كراوەتەوە.


وشە - سلێمان تاشان