ئێران مافی دەنگدان لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانی لێ سەنرایەوە

:: AM:09:56:18/01/2021 ‌
ئێران مافی ئەوەی لێ سەنرایەوە لە كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی گشتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بەشداری هیچ هەڵبژاردنێك بكات، لەگەڵ چەند وڵاتێكی تر وەك میوان بۆیان هەیە لە كۆبوونەوەكاندا ئامادە ببن.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نامەیەكدا بۆ وەلكان بۆزكەر سەرۆكی 75ەمین ئەنجوومەنی گشتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، داوای جێبەجێكردنی مادەی 19ی دامەزراوەكەی كرد.
ئێران و نۆ وڵاتی ترئەو مافەیان لێ سەنرایەوە

بەگوتەی سكرتێری گشتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئێران و نۆ وڵاتی تر لەوانەش لیبیا، نێجەر، كۆنگۆ، سۆماڵ، سوودانی باشوور، كۆماری ئەفریقای ناوەندی، زیمبابۆی، سائوتومە بەهۆی ئەو قەرزانەی لەسەریان كەڵەكە بووە، مافی دەنگدانیان لێ دەسێنرێتەوە.

بەپێی مادەكە هەر وڵاتێك بۆ ماوەی دوو ساڵ مافی ئەندامێتی لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان نەدات، ئەوا لە مافی دەنگدان بێبەش دەكرێت.

بەگوێرەی رادیۆ فەردا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش هۆكاری نەگەڕاندنەوەی قەرزەكانی بۆ ئەو سزایانە گەڕاندەوە كە ئەمەریكا بەسەریدا سەپاندووە. ئاماژەشی داوە هیچ رێیەك نەبووە تا بەهۆیەوە پارەكە بگوازێتەوە.

سەعید خەتیب زادە داوای لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە خۆی بانكێك دەستنیشان بكات تا جێی متمانە بێت و بتوانێت بۆ گەڕاندنەوەی قەرزەكە سوودی لێ وەربگرێت.


وشە - سلێمان تاشان