سۆكار بورهان شێوه‌كار و په‌یكه‌رساز، له دیمانه‌یه‌كی بۆ "وشه" باس له كاره هونه‌رییه‌كانی ده‌كات، ده‌ڵێ: ئامانجم ئه‌وه‌یه نرخ، جوانی و تایبه‌تمه‌ندیی هونه‌ر بناسێنم.
سه‌ره‌تای ئه‌زموونت وه‌ك شێوه‌كار بۆ كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
من شێوه‌كارێكی بچووك بووم، وێنه‌كێشان هه‌میشه خه‌ونێك بووه له منداڵیمدا و تا ئێسته له‌گه‌ڵ ته‌مه‌نم گه‌وره بووه، به‌ڵام ده‌ستپێكی ده‌ركه‌وتنی كاره‌كانم له ڕێی پێشانگه‌ی هاوبه‌ش بووه، له ماوه‌ی كه‌متر له دوو ساڵ له ڕێی "گرووپی هونه‌ریی كوردستان" توانیم تابلۆ و كاره‌كانم ئاشنای هونه‌رمه‌ندان و هونه‌ردۆستان بكه‌م، ئێسته‌ش ئه ندامی ده‌سته‌ی كارگێڕیم له‌و گرووپه‌دا.
له كوێ ده‌خوێنیت و ئامانجی تۆ وه‌ك ژنێكی شێوه‌كار چییه؟
من له قۆناغی سێی په‌یمانگه‌ی هونه‌ره جوانه‌كانم، له به‌شی "په‌یكه‌رسازی" ده‌خوێنم كه تاكه به‌شی هونه‌رییه من لێی شاره‌زا نه‌بم، بۆیه ئه‌م به‌شه‌م هه‌ڵبژاردووه و ده‌مه‌وێت ته‌واو شاره‌زای هه‌موو به‌شێكی هونه‌ری بم. ئامانجی سه‌ره‌كیم ئه‌وه‌یه كه نرخ، جوانی و تایبه‌تمه‌ندیی هونه‌ر بناسێنم، چونكه ڕه‌نگه‌كان جوانین بۆ بینین و ئارامین بۆ دڵ، هه‌روه‌ها له ڕێی تابلۆكانمه‌وه له هه‌ر بۆنه و بارودۆخێكدا بدوێم.
به‌شداریی چه‌ند پێشانگه‌ت كردووه؟
تا ئێسته له كوردستان به‌شداریی حه‌وت پێشانگه‌ی هاوبه‌شم كردووه، هه‌روه‌ها له توركیا به‌شێوه‌ی ئۆنلاین یه‌ك جار به‌شداریم كردووه، چه‌ند جارێكیش له وڵاتانی عه‌ره‌بی به‌هه‌مانشێوه به ئۆنلاین به‌شداریم كردووه. له‌باره‌ی پێشانگه‌ی تایبه‌ت، تا ئێسته هیچ پێشانگه‌یه‌كم نه‌بووه، به‌ڵام پلانم ئه‌وه‌یه كه دوای ته‌واوبوونی به‌شی په‌یكه‌رسازیم له په‌یمانگه، پێشانگه‌یه‌كی شێوه‌كاری و په‌یكه‌رسازی تایبه‌ت به‌خۆم بكه‌مه‌وه.
هونه‌ر و شێوه‌كاری له‌لای تۆ چ مانا و په‌یامێك ده‌گه‌یه‌نێت؟
هونه‌ر به‌گشتی و شێوه‌كاری به تایبه‌تی، له‌لای من مانا و په‌یامی جوانی بۆ ژیان ده‌گه‌یه‌نێت، هه‌ر به‌هۆی ئه‌م په‌یامه‌وه، هه‌موو دیواری ماڵه‌كه‌م به تابلۆ ڕازاندووه‌ته‌وه، پێم خۆش بوو شاره‌كه‌شم دیواره‌كانی به‌وێنه بنه‌خشێنرێن، چونكه وێنه و تابلۆ زمانێكه هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ك به سه‌یركردنی لێی تێده‌گات كه باس له چی ده‌كات.
له كاره‌كه‌تدا لاسایی هیچ له هونه‌رمه‌ندانی ترت كردووه‌ته‌وه؟
ئه‌گه‌ر تابلۆیه‌ك زۆر سه‌رنجی ڕاكێشابم، هه‌وڵم داوه دروستی بكه‌مه‌وه، به‌ڵام زیاتر هه‌وڵم داوه بیرۆكه‌ی خۆم به‌كار بهێنم. جگه له‌وه من هه‌میشه حه‌زم كردووه ڕه‌نگی ئاڵتوونی "gold" له تابلۆكانم به‌كار بێنم، چونكه له چاوی منه‌وه جوانی و تایبه‌تی به تابلۆكه ده‌به‌خشێت، ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌م تایبه‌ت به‌خۆم كردووه.
هونه‌رمه‌ندانی تر كاریگه‌رییان له‌سه‌رت هه‌بووه؟
هه‌میشه هه‌وڵم داوه جوانترین و باشترین وه‌ربگرم له هونه‌رمه‌ندانی تر، واته دیاریكراو نین و هه‌ندێك كات شێوه‌كار یان هونه‌رمه‌ند نه‌بوونه، به‌ڵام فكره و ڕاوبۆچوونی جوانیان هه‌بووه، هه‌روه‌ها هه‌میشه سه‌رسامی وردی و جوانی كێشراوی وێنه‌ی ناو كۆشك و دیواری سه‌رده‌می كۆنی وڵاتانی ده‌ره‌وه بووم، وه‌ك فڕه‌نسا.
تا ئێسته وێنه‌ی هیچ كه‌سایه‌تییه‌كی به‌ناوبانگت كێشاوه؟
وێنه‌ی "monalisa – Klimt kiss – klimt golden tears " ئه‌و تابلۆیانه بوون كه له‌لای من جوانی و تایبه‌تییان هه‌یه و چه‌ند جارێك كێشاومه‌ته‌وه.
خه‌ون و پڕۆژه‌ت بۆ ئاینده چییه؟
خه‌ونی من زیاتر گه‌وره‌بوونی هونه‌ره‌كه‌م و ئاشنابوونمه به هونه‌ر، هه‌روه‌ها ئاشنابوونی كاره‌كانمه به هونه‌رمه‌ندانی ده‌ره‌وه. پڕۆژه‌ی داهاتووشم كاركردنه له‌سه‌ر په‌یكه‌رسازی و وێنه‌كێشان و كاری دیزاینی جلوبه‌رگ و خشلی كوردی كه بیرۆكه و دیزاینی تایبه‌ت به‌خۆمه، ئێسته‌ش براندێكم به‌ناوی "Sultan Designs" كردووه‌ته‌وه.
وشه/ محه‌مه‌د جه‌مال