لە هەرێمی كوردستان ملیۆنێک و 776 هەزار ئۆتۆمبێل هەیە

:: AM:11:18:21/01/2021 ‌
سەرۆكی دەستەی ژینگە ڕای دەگەیەنێت، لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە یەك ملیۆن و 776 هەزار ئۆتۆمبێل هەیە، هەروەها هەزار و 300 پڕۆژە مۆڵەتیان پێ دراوە كە زۆرترینیان لە هەولێر بووە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 21ـی كانوونی دووەم، عەبدولڕەحمان سدیق سەرۆكی دەستەی ژینگە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، ژمارەی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی كوردستان یەكجار زۆر بووە، ئەوەی تۆمار كراوە لە ساڵی 2020 لە هەموو هەرێمی كوردستان یەك ملیۆن و 776 هەزار ئۆتۆمبێل هەیە.

مۆڵەت و ڕێپێدانی بە هەزار و 329 پڕۆژە داوە كە زۆرترینیان لە هەولێر بووە
سەرۆكی دەستە گوتی، دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێمی كوردستان، مۆڵەت و ڕێپێدانی بە هەزار و 329 پڕۆژە داوە كە زۆرترینیان لە هەولێر بووە، ئەویش 407 پڕۆژەی جۆراوجۆرە، هەروەها بەدواداچوون بۆ كاری پڕۆژەكان و جێبەجێكردنی بە ڕێنوێنییەكان هەبووە، 19 پڕۆژەش ڕێپێدانیان ڕاگیراوە.

ڕوونی كردووە، لە ساڵی 2020 لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان بەهۆی پابەندنەبوون بە ڕێنوێنییە ژینگەییەكان، بەو هۆیەشەوە 76 ملیۆن دینار سزایان وەرگرتووە.

باسی لەوەش كرد، سكاڵایان هەبووە، ژووری یاسایی 665 سكاڵایان تۆمار كردووە و بەشێك لەو سكاڵایانە یەكلا كراونەتەوە.




وشە - رامیار جەواد