داتای فه‌رمی: 101 تریلیۆن لە 2005ـەوە چووەتە سلێمانی و خزمەتی پێ نەكراوە

:: AM:11:18:22/01/2021 ‌
لە ساڵی 2005ەوە كە حكوومەتی عێراق بودجەی پەسەند كردووە و بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكانی دەنارد، تا كۆتایی 2013 بەبێ كێشە مانگانە بەردەوام بووە و لەو ماوەیەدا سلێمانی سێ تریلیۆن و نیوی تەنیا لە پەرەپێدانەوە بۆ هاتووە و لە بودجەی 17%ی كوردستانیش 47%ی بۆ چووە، ئەوە جیا لەو خەرجییانەی لە 2014 تا ئێستە حكوومەتی هەرێم پێشكەشی كردووە و بێ لە شیرینی نەوتیش كە نیوەی بۆ چووە، بەڵام وەك بەرپرسانی شارەكە دەڵێن، ئەو بودجە زەبەلاحە وەك پێویست خزمەتی شارەكەی پێ نەكراوە.

بەچڕی كار لەسەر بەلاڕێدابردنی بۆچوونی خەڵكی شارەكە دەكرێت
بەپێی بەدواداچوونەكانی "وشە" پارێزگای سلێمانی لەو بڕە پارەیەی بۆ هەرێمی كوردستان دیاری كرابوو لە بودجەی پەرپێدانی پارێزگاكان لەناو پرۆژەیاسای بودجەی ساڵانەی عێراقدا، %47ی كۆی بودجەی كوردستانی بۆ چووە و پارەكەیش راستەوخۆ لە بەغداوە بۆ سلێمانی رەوانە كراوە. 

وەك بەرپرسانی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لەم بەدواداچوونەی "وشە"دا زانیارییەكان دەخەنە ڕوو، لە 2005 تا 2020 بڕی 100 تریلیۆن دینار لە بودجەی هەرێم و عێراقەوە بۆ پارێزگای سلێمانی چووە، جیا لەوەی بەرپرسانی ئەنجوومەنی پارێزگا بەردەوام دووپاتی دەكەنەوە كە داهاتی شارەكەیش دیار نییە و ناچێتەوە خەزێنەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان. 

بەڵام وەك لە میدیاكانی سلێمانی ئاماژە و هەڵمەتی بۆ دەكرێ، بەردەوام هەولێر وەك پایتەختی كوردستان تیرباران دەكرێ بەوەی ستەمی لە سلێمانی كردووە، لە كاتێكدا ئەگەر ئەو بودجە زەبەلاحە بەهەدەر نەدرایە و بەرپرسیارانە بخرایەتە خزمەتی سنوورەكەوە، ئێستە لە هەموو روویەكەوە پێشكەوتووترین ناوچەی عێراق بوو. بەڵام ماوەیەكە بەچڕی كار لەسەر بەلاڕێدابردنی بۆچوونی خەڵكی شارەكە دەكرێت، بەو ئامانجەی بۆ مەبەستێكی سیاسیی بەكار بهێنرێن و قەوارەی كوردستانی پێ تێك بدرێت.


"وشە" لەم بەدواداچوونەدا ساڵەكانی دارایی و ژمارەی ئەو تاك و تێكڕای بودجەی خەرجكراو بۆ سلێمانی دەخاتە ڕوو كە لە زاری بەرپرسان خۆیانەوە بڵاو دەكرێنەوە.

زیاد كاكەڕەزا، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، بە"وشە" دەڵێ، لە ساڵی 2005ـەوە كە بودجەی عێراق پەسند كراوە و بڕگەكانی دیاریكراوە، بەشێكی تایبەت بووە بە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان و پارێزگای سلێمانی لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك پارەی زیاتری بۆ تەرخان كراوە كە لە 47%ی كۆی بودجەی هەرێمی كوردستان بووە. دووپاتیشی دەكاتەوە "پارەكەش راستەوخۆ لە بەغداوە بۆ سلێمانی دەهات".

عێراق لە 2005 تا 2013 بێ كێشە ساڵانە و مانگانە بودجەی كوردستانی ناردووە، وەك كاكەڕەزا گوتی، "تەنیا پارێزگای سلێمانی ساڵانە 372 ملیار دیناری بۆ پەرەپێدانی پارێزگا وەرگرتووە كە ئەو پارەیە دەبوو بۆ پرۆژە و خزمەتگوزاری خەرج بكرایە، واتە لە ماوەی ئەو نۆ ساڵەدا تەنیا پارێزگای سلێمانی سێ تریلیۆن و 348 ملیار دیناری لە بەغداوە راستەوخۆ بۆ هاتووە".

"پارێزگای سلێمانی بەهۆی زۆری رێژەی دانیشتوانی كاتی خۆی وا دانراوە لە 47%ی هەرێمی كوردستان پێكدێنێت، بۆیە بۆ هەر جۆرە خەرجییەك بەپێی ئەو رێژەیەی حساب بۆ هەرێمی كوردستان كراوە یان هەرێم خۆی پرۆژەی كردبێت هەتا ئێستەیش، 47%ی بۆ سلێمانی و 53% بۆ هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك دەبێت" ئەندامەكەی ئەنجوومەنی پارێزگا وای گوت.

پارێزگای سلێمانى لە پڕۆژەكانی حكوومەتی هەرێمیش پشكی شێری بەركەوتووە
ئەو بەرپرسە وردەكاری زیاتری بە ژمارە دركاند و گوتی، "ئەو نۆ ساڵەی حكوومەتی عێراق ساڵانە 13 ملیار دۆلاری بۆ هەرێمی كوردستان وەك بەشە بودجە دەنارد، 47%ی بۆ پارێزگای سلێمانی خەرج كراوە كە نزیكەی شەش ملیار دۆلار دەكات بۆ هەر ساڵێك، واتە بە تێكڕا لە 2005 بۆ 2013 كە بەغدا بودجەی هەرێمی كوردستانی داوە، 54 ملیار دۆلار بۆ پارێزگای سلێمانی خەرج كراوە".

حكوومەتی عێراق لە شوباتی 2014 بودجەی كوردستانی بڕی و هەرێم بەناچاری پشتی بەخۆی بەست و تووشی تەنگژەی دارایی بوو، بەڵام لە هەر ماوەیەكدا بودجەی بەردەست زیاد بووبێت، پڕۆژەی پێ كراوە.

بەگوتەی زیاد كاكەڕەزا، "لە دوای بڕینی بەشە بودجەی كوردستان لەلایەن بەغداوە، مانگانە هەرێمی كوردستان هەر بڕە داهاتێكی لەبەردەست بووبێت و خەرجی كردبێت بۆ مووچە و پرۆژە، پارێزگای سلێمانی زۆرترینی ئەو داهاتەی بۆ خەرج كراوە، واتە ئەگەر مانگانە 700 ملیار دینار بۆ مووچەی كوردستان خەرج كرابێت، 329 ملیار دیناری كە دەكاتە 47%ی ئەو پارەیە، بۆ مووچەی فەرمانبەرانی پارێزگای سلێمانی بووە".

"واتە لە 2014ەوە تا كۆتای 2020 ئەگەر لەو حەوت ساڵەدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان ساڵانە 10 تریلیۆنی خەرج كردەبێت، چوار تریلیۆن و 700 ملیار دیناری بۆ سلێمانی بووە" ئەو ئەندامەی ئەنجوومەن وا دەڵێ.

دووپاتیشی دەكاتەوە كە پارێزگاكەی لە پرۆژەكانی حكوومەتی هەرێمیش پشكی شێری بەركەوتووە و هەر لەسەر بنەمای 47% حسابی بۆ كراوە.

بەگوێرەی ئەو داتا و ژمارانە، لە ساڵی 2005ەوە تا 2013 بەغدا نزیكەی سێ تریلیۆن و 348 ملیار دیناری تەنیا بۆ پەرەپێدانی پارێزگا بە سلێمانی داوە. هەروەها لە هەمان نۆ ساڵدا 54 ملیار دۆلار بودجەی پارێزگای سلێمانی بووە.

لە 2014 تا ئێستە كە تەنگژەی دارایی هەبووە و وەك پێویست حكوومەت نەیتوانیوە لە كاتی خۆیدا مووچە دابەش بكات، بەڵام كاتێك پارە هەبووبێت سەتان پڕۆژە خراونەتە خزمەتەوە. ئەگەر لەو ماوەیەدا بە مووچە و پرۆژەوە رێژەیەك وەربگرین بۆ نموونە ئەگەر ساڵانە حكوومەتی هەرێم بۆ هەر ساڵێك 10 تریلیۆن دیناری خەرج كردبێت، هەر ساڵەی چوار تریلیۆن و 700 ملیاری بۆ مووچە و پرۆژەكانی سنووری سلێمانی بووە كە لەو حەوت ساڵدا كۆی گشتیی دەكات 70 تریلیۆن و لەو بڕەیش 32 تریلیۆن و 900 ملیار دینار بۆ سلێمانی بووە. 

بە كۆكردنەوەی ئەو ژمارانە دەردەكەوێت، لە 2005 تا ئێستە، سێ تریلیۆن و 348 ملیار دینار كۆی 32 تریلیۆن و 900 ملیار دینار كۆی 54 ملیار دۆلار /65 تریلیۆن دینار/، واتە لەو ماوەیەدا 101 تریلیۆن و 248 ملیار دینار بودجە و پەرەپێدانی سلێمانی بووە. پرسیارەكە ئەوەیە بۆچی ئەم بودجە زەبەلاحە نەخراوەتە خزمەتی شارەكەوە و بۆ كێ چووە و بۆچی بەرپرسان خۆیان لە راستی دەدزنەوە و هەولێر تۆمەتبار دەكەن بەوەی سلێمانی پشتگوێ خستووە؟

كاسترۆ مەعرووف، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، بە"وشە"ی راگەیاند، "تا ئێستەیش ئەنجوومەن لەسەر داهاتی پارێزگای سلێمانی هیچ نازانێت، تا بزانین سنوورەكە چەند پارەی هەبووە و چەندی خەرج كراوە و بۆچی خزمەت ناكرێت؟".

ئەوەیشی گوت، ئەگەر بابەتەكە بە سیاسیی نەكرێت، پارێزگای سلێمانی بە هەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین و هەڵەبجەوە، لە رووی پرۆژە و خزمەتگوزارییەوە خزمەتی باشی نییە، ئەگەر حكوومەتی هەرێم دەزانێت ساڵانە چەند پارەی بۆ خزمەتی پارێزگاكەمان و دروستكردنی پرۆژە و خزمەتگوزاری ناردووە، با ئاشكرای بكەن بۆ هاووڵاتییان، ئەوكات ئێمەیش بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە دەكەین بزانین ئەو پارە زۆرە هاتبێتە سلێمانی بۆ كوێ و لە چیدا خەرج كراوە؟.

سلێمانی بێ لەو داهاتە فەرمیی و ئاشكرایانەی بۆی چووە، لە شیرینی نەوتیشدا كە پێشتر حكوومەت و حزبەكان باسیان كردووە و بە چوار ملیار دۆلار خراوەتە ڕوو، نیوەی بۆ سلێمانی و یەكێتی نیشتمانیی كوردستان بووە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - محەمەد میران