هه‌ریه‌ك له هیله‌ری كلینتن و چێلسی كلینتنی كچی له ڕێی كۆمپانیای Hidden Light به ڕه‌زامه‌ندی نووسه‌ر گایل تزیماخ لیمون خه‌ریكی به‌رهه‌مهێنانی زنجیره درامایه‌كی تهلڤزیۆنین له‌سه‌ر ژنانی كورد و ڕۆڵیان له شه‌ڕی تیرۆر و له‌ناوبردن و تێكشكاندنی چه‌كدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش.
ئه‌مه یه‌كه‌م به‌رهه‌می كۆمپانیاكه‌ی هیله‌ری و كچه‌كه‌یه‌تی له به‌رهه‌مهێنانی زنجیره‌ی ته‌له‌ڤزیۆنی، ئه‌وان كتێبه‌كه‌ی گایل به ناوی "كچانی كۆبانێ: چیرۆكی هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه و بوێری و دادپه‌روه‌ری"یان كردووه‌ته سیناریۆی زنجیره‌كه و كه یه‌كێك بووه له پڕفرۆش‌ترین كتێبه‌كان له چه‌ند ساڵی ڕابردوو دا.
زنجیره‌كه جیا له‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی پشتی به‌و كتێبه به‌ستووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یش سه‌دان سه‌عات چاوپێكه‌وتن و ڕاپۆرتی مه‌یدانی له‌سه‌ر ژنانی كورد ده‌خاته ڕوو كه له كۆبانێ و ناوچه‌كانی تر له دژی تیرۆریستانی داعش شه‌ڕیان كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رگری له ئازادی و كه‌رامه‌تی خه‌ڵكی ناوچه‌كه بكه‌ن و یه‌كسانی و دادگه‌ری له نێوان ڕه‌گه‌زه‌كان بهێننه دی و كۆتایی به پیاوسالاری له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بهێنن، به بڕوای كلینتن و كچه‌كه‌ی ئه‌م كاره‌ی ژنانی كورد جێی ڕێز و ستایشه و ناكرێ بێ دروستكردنی به‌ڵگه‌فیلم و زنجیره‌یه‌كی وا گه‌وره تێپه‌ڕێ و به بێ بایه‌خییه‌وه له مێژوو تۆمار بكرێت، ئه‌وان زیاتر و زۆرتر زانیاریان ده‌ستكه‌وتووه، له هێزه تایبه‌ته‌كانی ئه‌مه‌ریكا كه ڕۆڵی پشتیوانی و ڕاوێژیان پێداون و هاریكاری زۆریان كردوون.
كاره‌كانی ئه‌و زنجیره تهلهڤزیۆنیییه به‌ره‌و كۆتایی ده‌چێ و بڕیاره له 16ی شوبات/فێبرایه‌ری ئه‌مساڵ نمایش بكرێت و له نێتفلێكس و ئه‌پڵ تیڤی و سه‌كۆكانی تری وه‌شاندنی فیلم و زنجیره‌ی نوێ بخرێته به‌رده‌م بینه‌رانه‌وه.
یه‌كه‌م به‌رهه‌می كۆمپانیاكه‌ی هیله‌ری و كچه‌كه‌یه‌تی و سه‌رچاوه‌ی زنجیره دراماكه له فیلمێكهوهیه كه پڕفرۆش‌ترین كتێبی 2019 بووه له ئه‌مه‌ریكا
هیله‌ری
كلینتن وه‌زیری پێشووی ده‌ره‌وه‌ی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌وباره‌وه ئاماژه‌ی داوه، كه كچانی كۆبانێ دیارده‌یه‌كی نائاسایی ژنانی بوێره له ناوچه‌یه‌ك كه كه‌مترین ڕۆڵ به ژن ده‌درێ، به‌ڵام ئه‌وان شانبه‌شانی پیاو له پێناوی یه‌كسانی و ئازادی و دادپه‌روه‌ری ده‌جه‌نگن و زۆر بوێرانه ڕووبه‌ڕووی تیرۆریستان بوونه‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه ده‌ستمان كرد به دروستكردنی كۆمپانیای Hidden Light بۆ ده‌رخستنی ئه‌و پاڵه‌وانه ڕاسته‌قینانه، كه له به‌ره‌كانی جه‌نگ به سترانه‌وه به ڕووی تیرۆریستان وه‌ستانه‌وه، له كاتێكدا ئه‌وان پاڵه‌وانی ڕاسته‌قینه‌ن، به‌ڵام زۆر گرنگیان پێ نه‌درا و له جیهان زۆر باسیان لێ ناكرێ و ناوودهنگیان نه‌داوه‌ته‌وه، بۆیه هه‌ستمان به شادی نه‌ده‌كرد، ئه‌گه‌ر چیرۆكی ئه‌و داستانه‌ی ئه‌وان پێشكه‌شی بینه‌ران له سه‌رتاسه‌ری جیهان نه‌ده‌ین.
كتێبه‌كه‌ی لیمون له ساڵی 2019 یه‌كێك بوو له پڕفرۆش‌ترین كتێبه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و جیا له‌وه‌یش ماڵباتی كلینتن خه‌ڵات كرا، به‌هۆی ئه‌و كاره ناوازه‌یه‌ی و هه‌ر له‌و كاتهوهیش گفتوگۆ له‌سه‌ر دروستكردنی زنجیره‌یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌و كتێبه‌وه كرا، كه سام برانسن دووباره ناوه‌رۆكی كتێبه‌كه‌ی داڕشتووه‌ته‌وه و بۆ فیلمی دیكۆمێنتاری ئاماده‌ی كردووه، هه‌ر له‌و پێناوه‌یش كلینتن و كچه‌كه‌ی كۆمپانیاكه‌یان دامه‌زراند و یه‌كه‌م به‌رهه‌میشیان ئه‌و زنجیره‌یه ده‌بێت.
پرۆژه‌كه له‌لایه‌ن رومان خانا و جۆنی وێب سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێ و كۆمپانیاكه‌ی ماڵباتی كلینتنیش له له‌نده‌ن و نیویۆرك و لۆس ئه‌نجلس لقی كردووه‌ته‌وه، تا بتوانێ زۆرترین گرنگی به یه‌كه‌م به‌رهه‌می بدات و ده‌نگدانه‌وه‌ی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر ئاستی دنیا لێ بكه‌وێته‌وه.
لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تیش بۆ پرۆژه‌كه دانراوه كه هاوكاری له لیژنه‌ی مافی مرۆڤی نێوده‌وڵه‌تی وه‌رده‌گرن و له‌لایه‌ن ستیڤن سپیلبێرگه‌وه سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێ، بۆ وه‌رگرتنی ده‌نگی ژنه شه‌ڕڤانانی كورد و به‌كارهێنانی له نێو زنجیره دیكۆمێنتارییه‌كه، هاوكات نانیت پۆرستین هاریكار و پشتیوانی پرۆژه‌كه ده‌بێ و پێشتریش له فیلمی هولو دۆك به‌شداری كارای كردووه.
ژنانی كورد نموونه‌ی بوێرین و ناكرێ مێژوو ئه‌و داستانانه‌ی تۆماریان كرد له‌یادی بكات
له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا زۆرینه‌ی ئه‌و كتێبانه‌ی كه زۆرترینیان لێ ده‌كڕدرێ و ده‌بن به پرۆفرۆشترین كتێب له ساڵه‌كانی داهاتوو له‌لایه‌ن كۆمپانیاكانی وه‌به‌رهێنانه‌وه یان ده‌كرێن به فیلم، یان زنجیره‌ی دیكۆمێنتاری، یان دراما، به‌هۆی كاریگه‌ری كتێبه‌كه‌ی لیمون و هۆگری زۆری ئه‌مه‌ریكییه‌كان به خوێندنه‌وه‌ی و ده‌نگدانه‌وه‌ی كتێبه‌كه له‌سه‌ر ئاستی جیهان، چاوه‌ڕوان ده‌كرێ ئه‌و زنجیره دیكۆمێنتارییهی كۆمپانیاكه‌ی هیله‌ری و كچه‌كه‌یشی ببێت به یه‌كێك له به‌ناوبانگترین زنجیره دیكۆمێنتارییه‌كان له‌سه‌ر ئاستی دنیا، به تایبه‌ت كه جیهان زۆر وردتر به دوای ئه‌و ڕووداوانه ده‌گه‌ڕێ كه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و له‌سه‌رده‌می جه‌نگی دژ به داعش ڕوویداوه، ئه‌مه‌یش به بڕوای هیله‌ری و كچه‌كه‌ی ناوازه‌ترین بابه‌ته كه پێویسته مرۆڤایه‌تی به گشتی پێی ئاشنا بێ و ژنان له سه‌رجه‌م كۆمه‌ڵگه‌كانی دنیا ئیلهامی لێ وه‌ربگرن و بۆ مافه‌كانیان بجه‌نگن و یه‌كسانی له نێوان پیاو و ژن دروست بكه‌ن.