سلێمانی.. بەهۆی كێشەیەكی كۆمەڵایەتییەوە گەنجێك كوژرا

:: PM:07:46:27/01/2021 ‌

بەهۆی كێشەیەكی كۆمەڵایەتییەوە لە شارەدێی بازیانی سەر بە پارێزگای سلێمانی، گەنجێك كوژراوە و هێزە تەناهییەكانی سنوورەكە لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەكەن، بكوژەكە گیراوە، بەڵام هۆكاری رووداوەكە و كێشە كۆمەڵایەتییەكە ئاشكرا نەبووە.
بكوژەكە گیراوە و ددانی بە تاوانەكەدا ناوە
ئەمڕۆ چوارشەم 27ی كانوونی دووەم، ئیسماعیل ئەحمەد، بەڕێوەبەری شارەدێی بازیان بە "وشە"ی راگەیاند، پێش بانگی ئێوارەی ئەمڕۆ بەهۆی كێشەیەكی كۆمەڵایەتییەوە لە شارەدێكەمان، كەسێك كوژراوە و هێزەكانی پۆلیس و ئاسایشی ناوچەكەیش گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەكە و دەست كراوە بە لێكۆڵینەوە.

زیاتر گوتی، ئەو كەسەی كوژراوە گەنجێكە و تەمەنی نزیكەی 30  ساڵ دەبێت، دەستبەجێ بكوژەكە گیراوە، كاتێك شەڕ لەنێوانیان رووی داوە و ئەو كەسە كوژراوە، تا ئێستە هۆكاری رووداوەكە دیار نییە كە بەهۆی چییەوە بووە؟، بەڵام لێكۆڵینەوە بەردەوامە.

لەماوەی رابردوودا چەند كێشەیەكی تری كۆمەڵایەتی لە سنوورەكە رووی داوە و شارۆكەی چەمچەماڵیش، كە نزیك بازیانە، بەردەوام كێشەی كۆمەڵایەتی تێدا روودەدات و كوشتن و برینداریشی تێدا دەبێت.

بەپێی زانیارییەكان كە بە "وشە" دراون، ئەو دوو گەنجە لەسەر بابەتێكی كۆمەڵایەتی بووەتە كێشەیان، دواتر شەڕ لەنێوان هەردوولا دروست بووە و یەكێكیان بە چەقۆ ئەوەیتری كوشتووە و لەكاتی لێكۆڵینەوەیش ددانی بەودا ناوە كە كێشەیان هەبووە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل