ئێران لە پشتی هێرشەكەیە و چارەسەرییەكەش لای هەرێمی كوردستانە

:: PM:04:15:16/02/2021 ‌
دكتور مەحموود عوسمان سیاسەتمەداری كورد، لەسەر ئەو هێرشە مووشەكییەی كرایە سەر هەولێر، رووی قسەی لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان دەكات و دەڵێت، چارەسەرییەكان لای حكوومەت و پەرلەمان و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانە، دەبێ خۆیان مشووری ئەو دۆخە بخۆن و ناكرێ هەر چاویان لە خەڵكی تر بێ كێشەكانیان بۆ چارەسەر بكەن. ئەو پێی وایە سەرچاوەی ئەو هێرشە میلیشیاكانی سەربە ئێرانن كە مستەفا كازمی پێیان ناوێرێت، بۆیەش واباشە كورد لەگەڵ خۆی دابنیشێت و بە تۆكمەكردنی ناوماڵی خۆی رووبەڕووی كێشەكان ببێتەوە. 

بۆچی هەولێر كراوەتە ئامانجی هێرشی مووشەكی؟

ئەوە درێژكراوەی هەمان هێرشە كە شەش مانگ لەمەوبەر رووی دا، ئەوەی لێرە لە كوردستان و ئەوەی كە لە بەغداش روو دەدات یەك شتە، ئێران دەیەوێت فشار بخاتە سەر هەرێمی كوردستان . كوردیش هەر نابێت هێرشەكان سەركۆنە بكات، بەڵكو دەبێت لە ناو خۆیان كۆ ببنەوە، دەبێ تەماشای ئەو دۆخە بكەن كە هەرێم تێی كەوتووە. لە رووی تەناهی، دارایی، پرسەكانی پێوەندیدار بە ئێران و ئەمەریكا و هەر كێشەیەكی تر هەیە، بە یەكەوە بڕیارێك بدەن. 

ئەمەریكا گوتوویەتی تووڕەم لەو هێرشەی كراوەتە سەر هەولێر. ئەمە كەی قسەیە؟ خۆی هێرشەكە بۆ سەر ئەوان بووە


ئەگەر دەتوانن لە ئەمەریكا گرەنتییەك نەك بە قسە بەڵكو بە كردار وەربگرن با وەری بگرن. لەگەڵ عێراقیش رێككەوتنێك بكەن بۆ ئەوەی مافەكانیان و ئاسایش و سەقامگیرییان دابین بكەن. بەڵام حكوومەتی عێراق نایكا و پێشی ناكرێ. ئەمەریكاش نایكات، بۆیە لەگەڵ ئێران گفتوگۆیەك بكەن و هەوڵ بدەن تەفاهومی لەگەڵدا بكەن و كارێك بكەن ئێران چیتر ناخی خۆی بە ئێمە هەڵنەڕێژێ . ئەمەریكا گوتوویەتی تووڕەم لەو هێرشەی كراوەتە سەر هەولێر. ئەمە كەی قسەیە؟ خۆی هێرشەكە بۆ سەر ئەوان بووە و خەڵكی ئەوان كوژراوە و بریندار بووە، ئەمەریكاش خۆی دەزانێت ئەوانەی ئەو هێرشەیان كردووە كێن؟ راستە بەیاننامەیان دەركردووە، بەڵام ئەوانە سەر بە ئێرانن. هەرێمی كوردستان ئەگەر دەتوانێ رێكی بخات با رێكی بخات  و گفتوگۆ بكات. ئەوەی دەكرێ تەواو نییە هەر بەیاننامە دەردەكەن و مەحكوومی دەكەن و كێشەكەش بەوە چارەسەر نابێت. سەركۆنەكردن هیچ كاتێك چارەسەر نییە.

باسی ئەوەت كرد هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئێران تەفاهوم بكات، بەڵام جەنابیشت دەزانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەیتوانیوە لەگەڵ ئێران تەفاهومی هەبێت، هەرێمی كوردستان چۆن دەتوانێ ئەو تەفاهومە دروست بكات؟

دەبێ لەگەڵ ئێران رێككەوتن بكرێ و دەبێ بەو تەفاهومە بگەن، ئێران ئەو ململانێیەی لەگەڵ ئەمەریكا هەیەتی نەیهێنێتە هەرێمی كوردستان. لەبەرئەوە ئەگەر ئەمەریكا نایەوێ هیچ بكات، بۆ دەبێ ئێمە بە هۆی ئەمەریكا تووش بین. بەڵام كێشەكە لەوەدایە هەرێمی كوردستان هیچ ناكات. خۆیان كۆ نابنەوە، حزبەكان بەیەكەوە دانانیشن بڕیارێك بدەن.

دەبێ كورد بەیەكەوە دانیشێت و بڕیار بدات نەك هەر كەسە و لای خۆی سەركۆنەی بكات.


دیسان دەڵێم دەبێ كورد بەیەكەوە دانیشێت و بڕیار بدات نەك هەر كەسە و لای خۆی سەركۆنەی بكات. تۆ بەرپرسیاری لە ئاسایش و ژیانی خەڵك و نابێت هەر سەركۆنە بكەی، بەڵكو دەبێت بڕیار بدەی. پێم وایە حكوومەت و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كورستان لەم رووەوە بەرپرسیارن و نابێت بەم شێوەیە كێشەكە بە هەڵواسراوی بهێڵنەوە، دەبێ لەگەڵ بەغدا و ئەمەریكا و لەگەڵ لایەنی تر بە رژدی قسە بكەن و یەك گوتاریان هەبێت. نازانم چارەسەرییەكە چی دەبێت، بەڵام دەكرێ بەیەكەوە بیدۆزنەوە.

پێت وایە كێشە سەرەكییەكە پێوەندی بە ناوخۆی هەرێمی كوردستان هەیە كە نەیتوانیوە ناوماڵی خۆی تۆكمە بكات؟

بەڵێ كێشەكە لە ناوخۆیە، حزبێك شتێك دەڵێ و ئەوەی تر شتێكی تر، بۆیە دنیای دەرەوەش دەڵێ ئەگەر ئەوانە خۆیان یەك نەبن، چی بكەین.

پێشمەرگە یەك ناخەن، ئاسایش یەك ناخەن، پۆلیس یەك ناخەن، ئەو سەیتەرە و مەیتەرانەی بەینی زۆنی سەوز و زەرد لانابەن.

ئەگەر هەرێمی كوردستان بە رژدی لەسەر یەكخستنی ناوماڵی خۆی كار نەكات و خۆی رێك نەخاتەوە، پێشبینی چی دەكەن ؟

بەڵێ دەكرێ شتی خراپتر لە داهاتوودا روو بدات و ئێستەش رووی داوە و بە چاوی خۆمان دەیبینین . لە هەرێمی كوردستان ئاشكرایە ناكۆكی سیاسی هەیە. دانانیشن تا سیاسەتێكی یەكگرتوو لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان دابنێن . پێشمەرگە یەك ناخەن، ئاسایش یەك ناخەن، پۆلیس یەك ناخەن، ئەو سەیتەرە و مەیتەرانەی بەینی زۆنی سەوز و زەرد لانابەن. نایكەن بە یەك وڵات، نایكەن بە یەك حكوومەت، نایكەن بە یەك دەوڵەت، لەبەرئەوەیە دەڵێن ناكۆكییەكان ئاشكرا و روونن.

حكوومەتی عێراق زۆر خراپە، زۆر ترسنۆك و بێ ورەیە

ئەو گرووپەی هێرشە مووشەكییەكەی كردووەتە سەر هەولێر، ناوێكی نوێیە و پێشتر گرووپی تر بە ناوی نوێ چ لە عێراق و چ لە هەرێمی كوردستان هێرشیان ئەنجام داوە، پێت وایە ئەم گرووپانە لە كوێ فەرمان وەردەگرن؟

بەڵێ خۆی ئەو میلشیایانە ناسراون و سەربە ئێرانن، هەمان ئەوانەن كە لە بەغداش كێشە دروست دەكەن و هەموو جۆرە تاوان و سەرپێچییەك دەكەن. عێراق بووەتە مەعەسكەر، نیوەی ئەو چەكدارانە زیادەن، بە ئاشكراش چالاكییان هەیە بە ناوی عەسائیب و كەتائیب. دەشڵێن سەربە ئێران نین، باشە حكوومەتی عێراق  چەكداری وای بۆ چییە؟ بەڵام كێشەكە لەوەدایە حكوومەت ناوێرێ قسەیان لەگەڵدا بكات، بۆیە من قەناعەتم وایە حكوومەتی عێراق زۆر خراپە، زۆر ترسنۆك و بێ ورەیە . لە هەمان كاتدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حزبە سیاسییەكان و پەرلەمانی هەرێمیش خەتابارن، چونكە لە كاتی وادا دەبێ كۆ ببنەوە و چارەیەك بدۆزنەوە و ئەگەر پێشیان ناكرێ، رای بگەیەنن و بڵێن پێمان ناكرێ.

لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، پێشمەرگە لە سنووری مادەی 140 كشاوەتەوە و هێزی تر لەم ناوچەیەدان، پێت وایە ئەم بۆشاییە تەناهییە وایكردبێت هێرشەكان بۆ سەر هەولێر زیادیان كردبێت؟

ئەوەی دوێنێ شەو رووی دا، هاوشێوەی هێرشە مووشەكییەكەی ساڵی رابردووە، كۆمەڵێك میلیشیا لەسەر ئۆتۆمبێلێك تا نزیك گوێڕ هاتوون و دوای هاویشتنی مووشەكەكان، هەڵاتوون بۆ شوێنی خۆیان. خۆ دیارە ئەوانە كێن و كێ لە پشتی ئەم هێرشانەیە. كێشە ئەوەیە حكوومەتی عێراق هەر ناوێرێ ناویشیان بهێنێت، كەچی ئەوان خۆیان بەیاننامە دەردەكەن و بەرپرسیارێتی هێرشیش لە ئەستۆ دەگرن. خۆ ناكرێ ئێمە بە تەمای مستەفا كازمی بین كە بەرانبەر میلیشیاكانی سەر بە ئێران هیچ شتێكی پێ ناكرێت. كەوایە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان دەبێ خۆیان دانیشن و چارەسەرێكی ئەو دۆخە بكەن، ئەگەر پێشیان ناكرێ، با بڵێن پێمان ناكرێ.

گوتوویانە تووڕەین و لێكۆڵینەوە دەكەین. باشە لێكۆڵینەوەی بۆ چییە، خۆی شتەكە روونە

هەندێك میدیای جیهانی نووسیویانە بەو هێرشە مووشەكییە بۆ سەر هەولێر، هەوڵ دراوە حكوومەتی بایدن تاقی بكرێتەوە، جەنابت چۆنی دەبینی؟

ئەمەریكا پێم وانییە هیچ بكات و لەوە ناچێ بایدن هیچ شتێك بكات. ئەوە نییە گوتوویانە تووڕەین و لێكۆڵینەوە دەكەین. باشە لێكۆڵینەوەی بۆ چییە، خۆی شتەكە روونە، پێم وایە هەڵویستی ئەمەریكا لە بەرانبەر ئێران نەرم دەبێت. دیارە ئێرانیش دەیەوێ لەم رێیەوە حكوومەتی نوێی ئەمەریكا تاقی بكاتەوە و ئەمەریكاش لە بەردەم تاقیكردنەوەیەكی تردایە.



وشە - سلێمان تاشان