كتێبی "پرسبڕكێ"ـی فه‌همی كاكه‌یی، تایبه‌ت به ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زانیاریی منداڵانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات، له‌ژێر چاپدایه و به‌منزیكانه بڵاو ده‌كرێته‌وه.
فه‌همی كاكه‌یی نووسه‌ر، مامۆستا و پسپۆڕی زمانی كوردی، له وڵاتی سویده‌وه كتێبێكی تر بۆ خزمه‌تی زمانی كوردی و منداڵانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات بڵاو ده‌كاته‌وه، ئێسته له‌ژێر چاپدایه و له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا ده‌گاته به‌رده‌ستی منداڵان.
كتێبه‌كه‌ی مامۆستا فه‌همی كاكه‌یی به ناوی "پرسبڕكێ"یه، له دیزاینی به‌رگی هیوا كاكه‌ییه و له چاپخانه‌ی سان له سوید چاپ ده‌كرێت.
ئه‌م كتێبه زیاتر بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زانیاریی منداڵانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات ئاماده كراوه
فه‌همی كاكه‌یی له‌باره‌ی كتێبه‌كه‌ی بە "وشە"ی ڕاگەیاند: ئه‌م كتێبه زیاتر بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زانیاریی منداڵانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات ئاماده كراوه، به‌ڵام بۆ منداڵان و مێردمنداڵانی كوردی هه‌ر شوێنێكی تریش ده‌گونجێت، پرسیاره‌كان بۆ ته‌مه‌نی جۆراوجۆر دانراون، زیاتر بۆ ته‌مه‌نی 12 تا 16 ساڵان ده‌بن.
هەروەها گوتی: "پرسبڕكێ" كتێبێكه نه‌ك ته‌نیا به كه‌ڵكی قوتابیان دێت، بگره به كه‌ڵكی كۆڕ و كۆمه‌ڵی خێزانیش دێت بۆ ئه‌وه‌ی پێكه‌وه له ڕێی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌كان كاتێكی خۆش به‌سه‌ر ببه‌ن.
له‌باره‌ی به‌كارهێنانی وشه‌ی "پرسبڕكێ" بۆ كتێبه‌كه‌ی، مامۆستا فه‌همی ڕوونی كردووه‌ته‌وه، بۆیه وشه‌ی پرسبڕكێم به‌كار هێناوه بۆ ناوی كتێبه‌كه كه به مانای (پێشبڕكێی پرسیاران)دێت له جیاتی (Quiz)ی ئینگلیزی. ئه‌م وشه‌یه پێشتر نه‌بیستراوه، بۆیه ڕه‌نگه كه‌مێك نامۆ به‌رگوێ بكه‌وێت، به‌ڵام پڕ به پێستی ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه‌یه.