پشكنینی كۆرۆنای گۆڕاو لە كوردستان بە هەمان ئامێری جاران بەڵام بە كیتی جیاواز دەكرێت

:: PM:04:04:22/02/2021 ‌
ئەو پشكنینەی بۆ گومانلێكراوانی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان دەكرێ، هەمان پشكنینە كە جاران بۆ كۆرۆنا دەكرا، بەو جیاوازییەی بۆ جیاكردنەوەی جۆرە نوێیەكە لە جۆرە كۆنەكە سوود لە كیتێكی تایبەت وەردەگیرێت.

دكتۆر ئاسۆ حەویزی گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەریمی كوردستان، بۆ "وشە" باسی لەوە كرد كە پشكنین بۆ زانینی  ئەوەی كەسێك تووشی كۆرۆنای گۆڕاو بووە، پێویستی بە ئامێری تایبەتی نییە، بەڵكو هەر بەو ئامێرانەی پێشوو كە بۆ پشكنینی كۆرۆنا باوەكە بەكاریان دەهێنا، بۆ ئەوەش بەكاری دەهێنن، بەو جیاوازییەی كیتی زانینی كۆرۆنا گۆڕاوەكە جیاوازە لە ئەوەی پێشتر.
ئەوانەی پشكنینی كۆرۆنایان بۆ كراوە و پۆزەتیڤ دەرچوون، بۆ جاری دووەمیش پشكنینیان بۆ كردوون بۆ ئەوەی بزانن گۆڕاوەكەیە یان نا

ئەو روونی كردەوە لە ماوەی رابردوودا ئەوانەی پشكنینی كۆرۆنایان بۆ كراوە و پۆزەتیڤ دەرچوون، بۆ جاری دووەمیش پشكنینیان بۆ كردوون بۆ ئەوەی بزانن گۆڕاوەكەیە یان نا، ئەو پشكنینانەش كە لە هەرێمی كوردستان دەكرێن زۆر ورد و پێشكەوتوون و لە ئاستی ناوچەكەدا وردترینن.

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی دا، پێوەندیی وەزارەت لەگەڵ رێكخراوی تەندروستی جیهانیی و دامەزراوە تەندروستییە نێودەوڵەتییەكان لە ئاستێكی بەرزدایە، هەموو ئەو زانیارییانەیان بەردەستە كە بۆ چۆنیەتی پشكنین و رووبەڕووبوونەوەی كۆڕۆنای گۆڕاو دەگیرێنەبەر.

ئەو نیگەرانی خۆی لەوە دەربڕی كە بەشێكی زۆر لە هاووڵاتییان كەمتەرخەمن بەرانبەر ڤایرۆسەكە، لە كاتێكدا هاوشێوەی جاران باشترین رێ بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسە گۆڕاوەكەش رەچاوكردنی رێنوێنییەكانی تەندروستییە.

پێویستە بگوترێ دوێنێ یەكشەم بۆ یەكەم جار لە هەرێمی كوردستان، پێنج حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسە گۆڕاوەكە راگەیەنران، ئەمڕۆكەش 14 حاڵەتی تر راگەیەنران كە نیوەیان ئەو كەسانە بوون لە دەرەوەی كوردستانەوە هاتوونەتەوە.



وشە - سلێمان تاشان