ستیڤن هیكی باڵوێزی شانشینی یه‌كگرتووی به‌ریتانیا له عێراق، له‌میانه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی گرته ڤیدیۆكانی كه تێیدا خواردنی عێراقی به گشتی دروست ده‌كات، له‌لایه‌ن به‌شێك له عێراقییه‌كان تووشی ڕهخنهبووهتهوه و ئه‌میش به ته‌نزه‌وه وه‌ڵامیان ده‌داته‌وه و تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌خۆیه‌وه سه‌رقاڵ كردووه.
پاش بڵاوكردنه‌وه‌ی ڤیدیۆیه‌ك له‌لایه‌ن ستیڤن هیكی باڵوێزی به‌ریتانیا له عێراق له تویته‌ر كه تێیدا خه‌ریكی ئاماده‌كردنی خواردنی دۆڵمه‌یه، له‌لایه‌ن هاووڵاتییه‌كی عێراقی ڕه‌خنه‌ی لێ‌گیرا و بۆ باڵوێزه‌كه‌ی نووسیوه، ئایا كاری باڵوێزایهتی بریتییه له خه‌ریكبوون به دروستكردنی دۆڵمه و بامیه‌ی عێراقی؟
له وه‌ڵامی ئه‌و ڕه‌خنه‌یه هیكی نووسیویه‌تی، نه‌خێر ته‌نیا دۆڵمه و بامیه نییه، به‌ڵكو قیمه و كه‌باب و نانی عێراقیش له‌لایه‌ن باڵوێزه‌وه دروست ده‌كرێ، ئه‌مه‌یش هێنده‌ی تر كاردانه‌وه‌ی خه‌ڵكی لێ كه‌وتووه‌ته‌وه و گفتوگۆی گه‌رم و ڕه‌خنه‌ی زۆری به دوادا هاتووه.
له تویتێكی تر باڵوێزه‌كه‌ی له‌نده‌ن دووباره به زمانێكی ته‌نزه‌وه قسه ده‌كات و ده‌ڵێ، گفتوگۆیه‌كی فره‌وان له‌سه‌ر ئه‌وه دروست بووه، كه له‌و كاته‌ی مه‌ره‌گه‌ی بامیه‌م دروست كردووه، پیازم تێی نه‌كردووه، ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی بابه‌ته‌كه بۆ هه‌مووان ڕوون بێت، پیازم له‌ت كرد و حازرم كرد، به‌ڵام نه‌مخستووه‌ته ناو بامیهكهوه و به‌ڵكو به نه‌كوڵاوی پیازم وه‌ك زه‌ڵاته دانا له‌گه‌ڵ ژه‌مه خواردنه‌كه كه دروستم كرد.
له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕه‌خنانه‌یش، چاودێران باس له‌وه ده‌كه‌ن، كه هیكی به‌م هه‌نگاوانه‌ی زۆر باش تێكه‌ڵی خه‌ڵكی عێراق بووه و زۆرجار سوپاسیان ده‌كات كه له كۆمێنت له‌سه‌ر بابه‌ته‌كانی ڕێنمایی و ڕه‌چه‌ته‌ی خواردنه‌كانی بۆ پێشنیاز ده‌كه‌ن، تا ئه‌و بتوانێ به‌شێوه‌یه‌كی دروست سازیان بكات، هه‌ندێكجاریش به‌ڵێن ده‌دات كه ئه‌وه یه‌كه‌مجاریه‌تی و له جاری داهاتوو به‌شێوه‌یه‌كی باشتر خواردنه عێراقییه‌كان ئاماده ده‌كات.
باڵوێزی له‌نده‌ن له به‌غدا ڤیدیۆی دروستكردنی خواردنی عێراقی له تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی بڵاو ده‌كاته‌وه
له‌لایه‌كی تره‌وه باڵوێزی به‌ریتانیا له عێراق كه‌وتووه‌ته ململانێ له‌گه‌ڵ شێفێكی عێراقی له نه‌جه‌ف و ده‌ڵێ، ده‌توانم هاوشێوه‌ی ئه‌و و باشتریش خواردنی عێراقی ئاماده بكه‌م و له هه‌وڵدان ناوه‌ستم و زیاتر فێر ده‌بم، دووپات له‌وه‌یش ده‌كاته‌وه كه خواردنه‌كانی عێراق زۆر به چێژ و له‌زه‌تن.
هیكی له تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2019 وه‌ك باڵوێزی به‌ریتانیا له عێراق ده‌ستبه‌كاربوو و له‌گه‌ڵ بڵاوكردنه‌وه‌ی ڤیدیۆكانی كه خه‌ریكی ئاماده‌كردنی خواردنی عێراقییه، ڕێژه‌ی فۆلۆوه‌رانی له تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی به ده‌یان هه‌زار زیادی كردووه و زۆربه‌ی عێراقییه‌كان كۆمێنتی بۆ ده‌كه‌ن، ئه‌ویش له ڤیدیۆكان به عه‌ره‌بی قسه ده‌كات و زمانی عه‌ره‌بی به باشی ده‌زانێت، ئه‌مه‌یش وایكردووه كه هێنده‌ی تر تێكه‌ڵی خه‌ڵكی ببێت، به‌ڵام به‌شێك له خه‌ڵكه‌كه ڕه‌خنه‌ی لێ ده‌گرن.
به ڕوانین له تویته‌كانی كه به به‌رده‌وامی هاشتاگی "بمێنه‌وه له ماڵ" به‌كارده‌هێنێت له‌گه‌ڵ پۆستكردنی بابهتهكان، وا ده‌رده‌كه‌وێ كه هیكی ده‌یه‌وێ هانی عێراقییه‌كان بدات كه زیاتر خۆیان بپارێزن و له ماڵه‌وه بمێننه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی تووشی په‌تای كوشنده‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا نه‌بن و ژیانیان پارێزراو بێت، ئه‌مه‌یش له‌لایه‌كه‌وه به چوونی ئه‌و باڵوێزه‌ی به‌ریتانیا بۆ نێو دڵی عێراقییه‌كان داده‌نرێ، چونكه له كۆمه‌ڵگه‌ی عێراق بووه‌ته دیارده‌یه‌كی باو، كه سیاسی و دیپلۆماتكار و به‌رپرسان نابێ خۆیان به‌وشێوه پێشان بده‌ن و هه‌میشه وه‌ك به‌رپرس بمێننه‌وه و هه‌موو شتێكیان بۆ ئاماده بكرێت.
ئامانجێكی تری ئه‌و كاره‌یش بریتییه له هاندانی پیاوانی عێراق بۆ یارمه‌تیدانی هاوسه‌ر و دایك و خوشكه‌كانیان، چونكه له كۆمه‌ڵگه‌كه ژنان ئه‌ركی سه‌ره‌كیان بریتییه له ئاماده‌كردنی ته‌واوی خواردنه‌كان، بێ هاوكاری باوك و برا و هاوسه‌ره‌كانیان، كه ئه‌مه‌یش به ئه‌ركێكی قورس به ته‌نیا له‌سه‌ر شانی ژن داده‌نرێ و هیكی مه‌به‌ستیه‌تی ئه‌وه بڵێ، كه ژن و پیاو یه‌كسان و هاوبه‌شن و شووره‌یی نییه كه پیاوان چێشت ئاماده بكه‌ن و هاوشێوه‌ی ژنان ڕۆڵ له ئاماده‌كردنی خۆراك و پێویستییه‌كانی ناو ماڵه‌كانیان بگێڕن.
عێراقییه‌كان ڕه‌خنه‌ی لێ ده‌گرن و كاری باڵوێزی به دۆڵمه دروستكه‌ر ناو ده‌به‌ن
به‌شێك له میدیاكان ئه‌و دهسپێشخهرهی باڵوێزهكهیان كردووه‌ته بابه‌تی ڕۆژنامه‌وانی و باس له‌وه ده‌كه‌ن، كه ئه‌مه دیارده‌یه‌كی نامۆیه لای عێراقییه‌كان كه به‌رپرسان كاری له‌مجۆره بكه‌ن و به هاندانێكی باشیشی هه‌ژمار ده‌كه‌ن، كه زیاتر له ڕێكخراوه‌كانی داكۆكیكردن له ژنان و مافی مرۆڤ ده‌توانێ كاریگه‌ری له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی دابنێ و بیری پیاوان بهێنێته‌وه، كه یارمه‌تی هاوسه‌ر و دایك و خوشكه‌كانیان بده‌ن و ئه‌و جیاكارییه بوونی نه‌مێنێت، به‌ڵام به‌شێك له عێراقییه‌كان له‌و په‌یامانه تێ ناگه‌ن و ڕه‌خنه له باڵوێزی به‌ریتانیا ده‌گرن و به بێكار و نادیپلۆماسی ناوی ده‌به‌ن و ده‌یانه‌وێ به‌رپرسانی بیانیش له وڵاته‌كه‌یان هاوشێوه‌ی سه‌رانی به‌غدا بژین و هه‌موو شتێكیان بۆ ئاماده بكرێ و كولتووری ئاساییكردنه‌وه‌ی به‌رپرسان و هاوشێوه‌كردنیان له‌گه‌ڵ ژیانی هه‌ر مرۆڤێكی تر بۆ هه‌مووان ڕوون بكرێته‌وه و ببێ به دیارده له نێو كۆمه‌ڵگه‌ی عێراق.