زۆرن ئه‌و كه‌سانه‌ی كه وا بیر ده‌كه‌نه‌وه، وڵاتانی ئه‌وروپا لووتكه‌ی ئازادی و ڕاده‌ربڕینیان تێدایه، به‌ڵام له ڕاستیدا ئه‌ورپییه‌كان به گشتی له‌م ساڵانه‌ی دوایی ده‌ستیان كردووه به هه‌ڵمه‌تێكی فره‌وان، بۆ جیاكردنه‌وه‌ی ئازادی ده‌ربڕین و هه‌ڕه‌شه و هاندان بۆ توندوتیژی و جیاكاری له نێو وڵاته‌كانیان، دواجاریش په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا یاسایه‌كی نوێی ده‌ركرد، كه تێیدا ڕێوشوێن و سزای توند به‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه ده‌سه‌پێنێت كه جیاكاری و ڕق و تووڕه‌یی و هه‌ڕه‌شه بڵاو ده‌كه‌نه‌وه، ته‌نانه‌ت له كۆمێنتی پۆستی تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تیش لێكۆڵینه‌وه ده‌كرێت.
له هه‌فته‌ی ڕابردوو په‌رله‌مانی
ئه‌ڵمانیا "بوندستاگ" به زۆرینه‌ی ده‌نگی هاوپه‌یمانی زۆرینه كه پارتی یه‌كێتی دیموكراتی كریستیان و سۆشیال دیموكراته‌كان پێكهێنه‌ری هاوپه‌یمانییه‌كه‌ن ده‌نگیان له‌سه‌ر یاساكه دا و ئاراسته‌ی ئه‌نجوومه‌نی پیرانی وڵاته‌كه "بوندسڕات" كرا، تا له‌وێش په‌سه‌ند بكرێ و به فه‌رمی بخرێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه.
وه‌زیری دادی فیدرالی ئه‌ڵمانیا كریستین لامبرێخت له لێدوانێكدا دووپاتی كرده‌وه، كه به ڕوونی ده‌مانه‌وێ ئه‌وه به هه‌موو حزبه‌كانی ئۆپۆزسیۆنیش بگه‌یه‌نن، كه حكوومه‌ت هه‌رگیز ڕێنادات تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئینته‌رنێت ببێته به سه‌رچاوه‌یه‌كی گه‌وره‌ی تاوان و هه‌ڕه‌شه‌كردن و جیاكاری و ڕه‌گه‌زپه‌رستی، له‌به‌ر ئه‌وه فلته‌ری توندتر و هه‌نگاوی گه‌وره‌تر له‌وباره‌وه به گوێره‌ی ئه‌و یاسایه ده‌گیرێته‌به‌ر.
كریستین پشتیوانی ته‌واوی له یاساكه كرد و دووپاتی كرده‌وه، ئه‌م هه‌نگاوه بۆ پشتیوانیكردنه له مرۆڤ و مافه‌كانی و دیموكراسی، چونكه ئه‌وانه‌ی توندوتیژی و ڕق و كینه و هاندانی توندوتیژی و ڕه‌گه‌زپه‌رستی له ئینته‌رنێت و تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی بڵاو ده‌كه‌نه‌وه، دوژمنی دیموكراسی و ئازادی و مافه‌كانی مرۆڤن.
ڕه‌گه‌زپه‌رسته‌كان ئینته‌رنێت و تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تییان قۆستووه‌ته‌وه بۆ هاندانی توندوتیژی و تێكدانی ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی
به گوێره‌ی ئه‌و یاسایه‌ی په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا په‌سه‌ندی كردووه، بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕق و كینه و جیاكاری و ڕه‌گه‌زپه‌رستی و توندوتیژی له تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئینته‌رنێت، نه‌ك ته‌نیا له شێوه‌ی پۆست، به‌ڵكو له كۆمێنتیش هه‌ست به‌وه بكرێت كه هاندانی توندوتیژی ده‌كرێ له‌لایه‌ن كه‌سێكه‌وه، ئه‌وا فه‌یسبووك و تویته‌ر و یوتیوب و تیكتۆك و سه‌رجه‌م تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی ناچار كراون، كه به زووترین كات پۆست و كۆمێنته‌كان بسڕنه‌وه و ئه‌و كه‌سه‌ی پۆست یان كۆمێنته‌كه‌یشی نووسیوه، ده‌گیرێت و دوو ساڵ سزای به‌ندكردنی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنرێت، له هه‌ندێ حاڵه‌تیش ئه‌گه‌ر هه‌ڕه‌شه‌كان گه‌وره و فره‌وانبوون، سزاكه بۆ سێ ساڵ درێژ ده‌كرێته‌وه.
ئه‌ڵمانیا له نێو ئه‌و یاسایه، هاندانی توندوتیژی و ناوزڕاندن و هێرشی بێ بنه‌ما و سوكایه‌تیكردن و جۆره‌كانی تر به هاوشێوه‌ی تاوانێكی واقیعی ناو ده‌بات، چونكه له‌و بڕوایه‌دان كه تاوانی ئه‌لیكترۆنی كاریگه‌ری و كاردانه‌وه‌ی فره‌وانتر و گه‌وره‌تره به به‌راورد له تاوانێك كه له واقیع له شارێكی وڵاته‌كه ئه‌نجام ده‌درێ و هه‌موو كه‌س پێی نازانن، له‌به‌ر ئه‌وه مه‌به‌ستیه‌تی به توندی ئه‌و بواره پڕ بكات له كۆت و به‌ند، تا ئازادی ڕاده‌ربڕین و هاندان بۆ توندوتیژی و تیرۆر له‌یه‌كتر جیا بكرێته‌وه.
حكوومه‌تی فیدرالی ئه‌ڵمانیا و په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته له‌و بڕوایه‌دان، كه ئه‌مه هه‌ڕه‌شه‌یه‌كه بۆ سه‌ر ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌ڵمانیا، به تایبه‌ت له‌لایه‌ن ڕه‌گه‌زپه‌رسته‌كانه‌وه ئینته‌رنێت وه‌ك ده‌روازه‌یه‌كی فره‌وان به‌كارده‌هێنرێت، بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی توندوتیژی و جیاكاری له نێوان ئه‌و خه‌ڵكه جیاوازانه‌ی كه له نه‌ته‌وه و ئاینی جیا جیا پێكهاتوون و له‌سه‌ر خاكی ئه‌ڵمانیا ده‌ژین.
نووسینگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی فیدرالی ئه‌ڵمانیا و نووسینگه‌ی پۆلیسی فیدرالی نه‌هێشتنی تاوان له‌و وڵاته به پشت به‌ستن به‌و یاسایه چاودێری چڕی تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كه‌ن و به هه‌موو شێوه‌یه‌ك هه‌ر پۆست و كۆمێنتێك كه بۆنی توندوتیژی و ڕه‌گه‌زپه‌رستی و ناوزڕاندنی تێدا بێت، ئه‌وا له ڕێی تیمی تایبه‌تی ته‌كنیكییه‌وه ئای پی ئه‌درێسی كه‌سه‌كه ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن و شوێنه‌كه‌ی ده‌دۆزنه‌وه و هه‌ڵده‌كوتنه‌سه‌ری و ده‌ستگیری ده‌كه‌ن.
ئه‌م دیارده‌یه مه‌ترسییه بۆ سه‌ر ئازادی و دیموكراسی و ئاسایشی نیشتمانی
له ڕاستیدا ئه‌و هه‌نگاوه‌ی ئه‌ڵمانیا به پاراستنی ئازادی و دیموكراسی داده‌نرێ، چونكه جیا له‌وه‌ی كه گرووپه ڕه‌گه‌زپه‌رسته‌كانی ئه‌و وڵاته ده‌یانه‌وێ به هاندان بۆ جیاكاریكردن له نێو ئه‌ڵمان و نه‌ته‌وه‌كانی تر كه ڕوویان له وڵاته‌كه كردووه و تێیدا ده‌ژین، دووباره پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری خۆیان به‌هێز بكه‌نه‌وه، هۆكارێكی تر پێویسته به ئاسایشی نیشتمانی ئه‌و وڵاته‌وه، چونكه له دوای هه‌ڵبژاردنی 2016ی ئه‌مه‌ریكا و ده‌رچوونی تره‌مپ و تۆمه‌تباركردنی ڕووسیا به ده‌ستوه‌ردان له هه‌ڵبژاردنی ئه‌و وڵاته، زۆرێك له وڵاتان ئینته‌رنێت و تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تییان به مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی هه‌ژمار كرد، چونكه وڵاته نه‌یاره‌كانیان ئه‌گه‌ری زۆره سوپایه‌كی ئه‌لیكترۆنی دروست بكه‌ن و كاریگه‌ری له‌سه‌ر ڕای گشتی دروست بكه‌ن، یان له ڕێی تیمی تایبه‌تی هاككردنه‌وه، یاری به سیسته‌می ئه‌لیكترۆنی به‌ڕێوه‌بردن له فه‌رمانگه‌كانی ئه‌و وڵاتانه بكه‌ن، بۆیه ڕێوشوێنه‌كان چاوه‌ڕوان ده‌كرێ توندوتر و به‌هێزتر بكرێت.