نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا لە بەرزبوونەوەدایە و گەیشتە بەرزترین نرخی كە لە سەرەتای ساڵی رابردووەوە تۆمار كرابێت.
بەگوێرەی
dailyfx ئەمڕۆ سێشەم نرخی هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت گەیشتە 66 دۆلار و 31 سەنت، ئەمەش بەرزترین نرخە لە 14 مانگی رابردوو تۆمار كرابێت. هاوكات نرخی نەوتی تێكساسی ئەمەریكاش گەیشتە 62 دۆلار و 57 سەنت.
پێویستە بگوترێت لە كۆتایی هەفتەی رابردوو لە ژێر كاریگەریی ئاساییبوونەوەی دۆخی كەشوهەوای ئەمەریكا و دەستپێكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، نرخی نەوت بە رێژەیەكی بەرچاو دابەزیبوو، بەڵام لە دوێنێ كە بازاڕی بۆرسە كراوەتەوە، رووی لە بەرزبوونەوە كردووەتەوە.
پێشبینی ئەوە لە ئارادایە نرخەكەی بۆ سەرووی 70 دۆلار بەرز ببێتەوە.
پاشەكشە پێكردن بە كۆرۆنا و بەڕێوەچوونی هەڵمەتی كوتان لە وڵاتان و ئومێدی زیاتر بۆ تێپەڕكردنی دۆخی تایبەتیی كۆرۆنا و گەشەی پیشەسازی، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی داخوازی لەسەر كڕینی نەوت، ئەمەش بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی لێ دەكەوێتەوە. هاوكات سیاسەتەكانی ئوپێك پڵاس بۆ كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، وایكردووە پەرە بە بەهای نەوت بدات. پێشبینی ئەوە لە ئارادایە نرخەكەی بۆ سەرووی 70 دۆلار بەرز ببێتەوە.
هاوکات وال ستریت جۆرناڵیش پێشبینی کردووە نرخی نەوت بۆ 75 دۆلار بەرز ببێتەوە و هۆکارە سەرەکییەکەش پێداویستی زیاتری بازاڕ بە نەوت و کەمبوونەوەی یەدەگی نەوتی کۆگاکراوە.