جەزائیر.. ژنەكەی بە چەقۆ دەكوژێ و پەنجەكانی لێ دەكاتەوە

:: AM:10:42:25/02/2021 ‌
میدیای جەزائیری و تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی لەو وڵاتە، ترسناكترین تاوان و رووداویان لەو وڵاتە كردووەتە رۆژەڤ و زۆرترین قسەی لەسەر دەكەن، ئەویش پیاوێك هاوسەرەكەی بە چەقۆیەكی گەورە دەكوژێ و پەنجەی دەستی راستی لێ دەكاتەوە.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ پێنجشەم 25ی شوبات بڵاوی كردووەتەوە، ئەو رووداوە دوێنی لە شارێكی جەزائیر رووی داوە كە تا ئێستەیش پۆلیس هۆی رووداوەكە نازانێت، ئەوەندە نەبێت كە ئەو پیاوەی هاوسەرەكەی بەو شێوە مەترسیدار و قێزەونە كوشتووە، دۆخی دەروونی باش نییە.

بەپێی میدیاكانی جەزائیر كە "عەرەبیە" لەوانی وەرگرتووە، ئەو دوو هاوسەرە منداڵیان نییە، پیاوەكە تەمەنی 48 ساڵ و هاوسەرەكەشی تەمەنی 38 ساڵە. لە گەڕەكی سنۆبەر لە شاری خنشلەی رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە نیشتەجێن.

بەپێی میدیاكان كاتێك پۆلیس بە رووداوەكەی زانیوە، چوونەتە شوێنەكە و ژنەكەیان بە كوژراوی لەناو ماڵەكەی بینیوە، بە چەقۆیەكی گەورە سەری شەق كراوە و شانیشی چەقۆی پێ كەوتووە، هاوكات پەنجەكانی دەستی راستی لێ كرابووەوە. وێڕای گرتنی، تا ئێستە پیاوەكە هۆی كردەوەكەی ئاشكرا نەكردووە. بەڵام وەك پۆلیس رای گەیاندووە، لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەكرێت.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د