شۆخان عارف، ئه‌و ژنه پارێزه‌ره‌ی چوار مانگ له‌مه‌وبه‌ر له ناو ئۆتۆمبێله‌كه‌ی خۆی له سلێمانی كوژرا، تا ئێسته بكوژی ڕاسته‌قینه‌ی نه‌گیراوه، جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی ناوخۆ له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی هۆكاره‌كه‌ی بۆ زۆری ڕووداوه‌كان له سلێمانی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه.
رۆژی دووشه‌می مانگی تشرینی دووه‌می 2020، رووداوێكی كوشتن له شه‌قامی بازنه‌یی مه‌لیك مه‌حموود له سلێمانی روویدا و به‌هۆیه‌وه ژنێكی ته‌مه‌ن 36 ساڵ كه ئاسه‌واری سێ گولله‌ی به جه‌سته‌یه‌وه دیاربووه له‌نێو ئۆتۆمبێله‌كه‌یدا دۆزرایه‌وه.
هه‌مان ڕۆژ گه‌نجێك له ده‌ریاچه‌ی دوكان خۆی كوشت، دواتر وا بڵاوكرایه‌وه كه ڕووداوه‌كه پێوه‌ندیدارن به یه‌كه‌وه و ئه‌و گه‌نجه شۆخانی كوشتووه.
هێزه ته‌ناهییه‌كان ناپه‌ڕژێنه سه‌ر ئه‌و هه‌موو ڕووداوه
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م 28ی شوبات، سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگه‌دار له پۆلیسی سلێمانی به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، ڕووداوی كوشتنی شۆخان عارف هیچ پێوه‌ندی به‌و گه‌نجه‌وه نه‌بوو كه له ده‌ریاچه‌ی دوكاندا خۆی كوشت، به‌ڵكو بكوژی ئه‌و ژنه هێشتا نه‌گیراوه.
روونیشی كرده‌وه كه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و ناوچه‌یه‌ی تاوانه‌كه تیایدا ڕوویدابوو كامێرای لێ نه‌بوو، دۆزینه‌وه‌ی تاوانبار كه‌مێك قوورس بوو، پاشان كه‌سوكاری ئه‌و ژنه‌یش گوتبوویان كێشه‌یان له‌گه‌ڵ كه‌سدا نییه.
به‌گوته‌ی سه‌رچاوه‌كه‌ی پۆلیس، له‌سه‌ره‌تادا چه‌ند كه‌سێك وه‌ك گومان‌لێكراو گیراون، به‌ڵام دواتر به‌هۆی نه‌بوونی به‌ڵگه له‌سه‌ریان ئازاد كران.
بارزان حه‌مید جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی ناوخۆ و ئه‌نجوومه‌نه خۆجێییه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی، به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، به‌هۆی زۆری كه‌یسه‌كان و ڕووداوه‌كان هێزه ته‌ناهییه‌كان ناپه‌ڕژێنه سه‌ر ئه‌و هه‌موو ڕووداوه.
بارزان گوتی، به‌نیازین له‌م هه‌فته‌یه وه‌ك لیژنه‌ی ناوخۆ سه‌ردانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بكه‌ین بۆ به‌دواداچوونی چه‌ند پرسێك. دووپاتیشی كرده‌وه كه كۆی ئه‌و ڕووداوانه‌ی له ساڵی 2021 له سلێمانی ڕوویانداوه له‌گه‌ڵ ڕووداوی كوشتنی ئه‌و ژنه پارێزه‌ره له‌گه‌ڵ پۆلیسی سلێمانی باس ده‌كه‌ین و داوایان لێده‌كه‌ین هۆكاری زۆربوونی ڕووداوه‌كانی كوشتنمان بۆ ڕوون بكه‌نه‌وه.
شۆخان عارف له 2013 وه له هاوسه‌ره‌كه‌ی جیاببووه‌وه و خاوه‌نی دوو منداڵ بوو، به‌ڵام وه‌ك كه‌سوكاره‌كه‌ی پێشتر گوتبوویان، شۆخان هیچ كێشه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ هاوسه‌ری پێشووی نه‌بووه.
سلێمانی/ هه‌ستیار عه‌بدوڵا