وەزیری تەندروستی هۆشداری لەبارەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان دەدات

:: PM:12:18:04/03/2021 ‌
وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، دۆخەكە بەرەو مەترسی دەڕوات و هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا هەیە و بڕیاری پێویست دەدرێ.

ئەمڕۆ پێنجشەم چواری ئادار، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، ئێستە ڕۆژانە ژمارەی تووشبوون بەكۆرۆنا زیادی كردووە و دۆخەكە بەرەو مەترسی دەڕوات، ئەگەر هاووڵاتییان پابەندی رێنوێنییەكان نەبن، ناچارین رێوشوێنی توند بگرینەبەر.

هەرچی پێویست بێت دەكرێت تا ژیانی هاووڵاتییان پارێزراو بێت
زیاتر گوتی، ئەگەر دۆخەكە بگاتە ئاستێك كە مەترسی لەسەر هاووڵاتییان هەبێت و توانای كۆنترۆڵكردنی نەبێت، ئەوكاتە بڕیاری پێویست دەدرێت و هەرچی پێویست بێت دەكرێت تا ژیانی هاووڵاتییان پارێزراو بێت.

باسی لەوەش كرد، كۆتایی هەفتەی داهاتوو لیژنەی باڵای رووبەڕووبونەوەی كۆرۆنا جارێكی تر كۆ دەبێتەوە و دوای هەڵسەنگاندنە تەندروستییەكان بڕیار دەدەین، بەڵام بڕیار و رێكارەكانیش بۆ راوەستانی ژیان پێوەندی بەخۆپارێزییەوە هەیە، ئەگەر خەڵك پابەندی رێنوێنییە تەندروستییەكان نەبن، ئەوكاتە بەناچاری رێكاری توند دەگرینەبەر.

ئەو گوتانەی وەزیری تەندروستی لە كاتێكدایە دوێنێ‌ دوای یەك مانگ لە كەمبوونەوەی ژمارەی تووشبووان، ژمارەكە بۆ سەرووی 200 تووشبوو بەرز بووەوە.



وشە - رامیار جەواد