دوای ئەوەی بانكی ناوەندی بۆ هاوكاریكردنی حكوومەتی عێراق و كەمكردنەوەی كورتهێنانی بودجە، بەهای دیناری عێراقی بەرانبەر بە دۆلاری ئەمەریكی دابەزاند و بەوشێوەیە هاووڵاتییان، بەتایبەتی چینی هەژار، زیانی گەورەیان كرد، دوای بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، لەناو پەرلەمانی عێراق جموجۆڵێك بۆ زیادكردنی بەهای دیناری عێراقی هەیە.
نرخی دۆلار لەنێوان 1300 تا 1350 دینار داواكاریی هەموو فراكسیۆنەكانە
حەسەن خڵاتی، پەرلەمانتاری عێراق لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا گوتی، ئاراستەیەك لەناو پەرلەمان هەیە بۆ دیاریكردنی نرخێكی نوێ بۆ دۆلار بەرانبەر بە دیناری عێراقی، بەشێوەیەك نرخەكە لەوە نزیك بێت كە پێشتر حكوومەتی عێراق دیاری كردووە، بەوشێوەیەی لە بەرژەوەندی تاكی عێراقی بێت.
زیاتر گوتی، ئێستە دیاریكردنی بەهای دۆلار لەنێوان 1300 تا 1350 داواكاریی هەموو فراكسیۆنەكانی پەرلەمانە، بۆ ئەوەی ببێتە چارەسەرێكی ناوەند لەنێوان ئەوەی حكوومەت دایناوە و ئەوەیشی خەڵك داوای دەكات، بە گەڕانەوە بۆ نرخی كۆن.
دوێنێ عەلی عەبدولئەمیر عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق لە دیمانەیەكی رۆژنامەوانیدا لەبارەی نرخی دۆلارەوە گوتی، گۆڕینی نرخی دۆلار بڕیارێكی حكوومەت بوو و ناكرێ رۆژانە بەپێی خواستەكان بگۆڕدرێت، بازاڕ نرخی نوێی دۆلاری قبووڵ كردووە و لە ساڵانی داهاتوودا دەبێتە هاندەر بۆ كەرتی تایبەت و یەدەگی دراو بەهێز دەكات.