نەوت باشترین هەفتەبازاڕی بەڕێ كرد

:: AM:10:08:06/03/2021 ‌
نەوت باشترین هەفتەبازاڕی بەڕێ كرد و لە ماوەی هەفتەكەدا، نزیكەی 9% لە بەهای نەوت هەڵكشا و گەیشتە بەرزترین نرخ كە لە 14 مانگی رابردوو تۆمار كرابێت.

وەك پێشتریش چاوەڕوان دەكرا، كۆبوونەوەی ئۆپێك پڵاس بڕیاری دا لە مانگی نیسانیش بەرهەمهێنانی نەوت بەرز نەكاتەوە، ئەمەش لە دوو رۆژی رابردوودا بەهای نەوتی بە رێژەیەكی بەرچاو هەڵكشاند.

لە سەرلەبەیانی رۆژی پێنجشەم كە هێشتا كۆبوونەوەی ئۆپێك دستی پێ نەكردبوو، نرخی هەر بەرمیلێك نەوت لە سەرووی 63 دۆلار دەفرۆشرا، بەڵام بەهۆی دەرەنجامە ئەرێنییەكانی كۆبوونەوەكە، نرخی نەوت تا كۆتایی هەفتە بازاڕەكە كە چەند سەعاتێك لەمەوبەر داخرا، گەیشتە نزیكەی 70 دۆلار.

نرخی نەوتی برێنت بە 69 دۆلار و 55 دۆلار داخرا، ئەمەش بەرزترین نرخی نەوتە لە سەرەتای ساڵی 2020ەوە تۆمار كرابێت.

بەگوێرەی dailyfx نرخی نەوتی برێنت بە 69 دۆلار و 55 دۆلار داخرا، ئەمەش بەرزترین نرخی نەوتە لە سەرەتای ساڵی 2020ەوە تۆمار كرابێت. هاوكات بەهای نەوتی تێكساسی ئەمەریكاش بە 66 دۆلار و 26 سەنت داخرا.

جێی باسە ساڵی رابردوو كاتێك لە ژێر كاریگەریی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا، نرخی نەوت دابەزی، لە مانگی نیسانی هەمان ساڵ ئۆپێك بڕیاری كەمكردنەوەی زیاتر لە 10 ملیۆن بەرمیل نەوتی دا كە لە سەرەتای مانگی ئایارەوە جێبەجێ كرا و بازاڕی نەوتی تا ئاستێك بووژاندەوە. 

لەو ساڵەدا نرخی نەوتی تێكساس گەیشتە خوارووی سفر دۆلار و نەوتی برێنتیش تا 16 دۆلار دابەزی، بەڵام ئێستە بۆ ئاستێكی گونجاو بەرز بووەتەوە و ئەمەش نیشانەی سەركەوتوویی سیاسەتی ئۆپێك پڵاسە.

خاڵێكی تر كە گرنگە ئاماژەی پێ بكرێت ئەوەیە، لەگەڵ پاشەكشە پێكردن بە كۆرۆنا و بووژانەوەی كەرتی پیشەسازی، داخوازی لەسەر نەوتیش رووی لە بەرزبوونەوەیە و ئەمانە رێگرن لەوەی نەوت چیتر روو لە دابەزین بكاتەوە.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت كاریگەری ئەرێنی لەسەر ئابووری هەرێمی كوردستان دەبێت.


دابەزینی نرخی نەوت زیانی بە هەرێمی كوردستانیش گەیاند كە زۆربەی داهاتەكەی پشتی پێ دەبەستێت، بۆیە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت كاریگەری ئەرێنی لەسەر ئابووری هەرێمی كوردستان دەبێت.


وشە - سلێمان تاشان