ئاوی هەولێر زۆر پاكە و ئەوەی هەندێك كۆمپانیا دەیكەن هەڵخەڵەتاندنە

:: PM:04:15:06/03/2021 ‌
زۆربەی ئاوی خواردنەوەی هەولێر لە رووباری زێی گەورە دابین دەكرێت و بەشێكیشی پشت بە ئاوی ژێر زەوی دەبەسترێت. هەندێك كۆمپانیای دابینكردنی ئامێری پاڵاوتنی ئاوی ماڵان بۆ فرۆشتنی ئامێرەكانیان بە پشکنینی ئاو لە ماڵان خەڵك هەڵدەخەڵەتێنن، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆش پێداگری لەوە دەكات ئاوی خواردنەوەی ماڵان پاكە و هیچ كێشەیەكی تەندروستی نییە.

كۆمپانیاكانی بواری فرۆشتنی ئامێری پاڵاوتنی ئاو لە شارەكانی هەرێمی كوردستان بە تایبەتی لە هەولێر، لە فرۆشتنی ئامێرەكانیان بە هاووڵاتییان لەسەر بنەمای ئەوەی ئاوی خواردنەوەی هەولێر شیاوی خواردنەوە نییە، خەریكی پەرەپێدانی بازاڕیانن.

ئەوان ژمارەیان رۆژ بە رۆژ زیاد دەكات و بریكار و نوێنەری ئەو كۆمپانیایانە لە دەرگای ماڵان دەدەن، بە مەبەستی رێكلامكردن بۆ بەرهەمەكەیان، پشكنین بۆ ئاوی ماڵان دەكەن و لە سەرجەم ئەو پشكنینانەش ئاوی خواردنەوەی ماڵان كە لە لایەن حكوومەت دابین كراوە، بە ئاوێكی ناتەندروست دەردەچێت.

بەو كارلێكە فیزیاییەی بەهۆی دوو كانزا روو دەدات، رەنگی ئاوی خواردنەوە بۆ رەنگێكی رەش و قاوەیی دەگۆڕێت.


رەنگە ماڵێك نەبێ بەم دیاردەیە ئاشنا نەبێت و نوێنەری چەند كۆمپانیایەك لە دەرگای ماڵیانی نەدابێت تا پشكنین بۆ ئاوەكەیان بكات. تیمەكە كە زۆرجار لە دوو كەس پێكدێت، بەو ئامێرەی لایانە لە ناو پەرداخێكدا تاقی دەكرێتەوە و بەو كارلێكە فیزیاییەی بەهۆی دوو كانزا روو دەدات، رەنگی ئاوی خواردنەوە بۆ رەنگێكی رەش و قاوەیی دەگۆڕێت.

بریكارەكان وا لە خەڵك دەگەیەنن كە ئەو ئاوە زۆر پیسە و ئەگەر لە خواردنەوەی بەردەوام بن، تووشی نەخۆشی گورچیلە و كۆمەڵێك نەخۆشی تر دەبنەوە، هەندێك هاووڵاتیش باوەڕ بەمە دەكەن و خێرا ئامێرەكە دەكڕن. ئامێرەكە هەر لە لایەن تیمەكە دەبەسترێت و نرخیان لە سەرووی 300 دۆلارە و هەندێك لە كۆمپانیاكان بە قستیش دابینی دەكەن.

چەند هاووڵاتییەك بۆ "وشە" باسیان لەوە كرد لە ماوەی ساڵێكدا، لانی كەم سێ جار نوێنەری كۆمپانیای دابینكردنی ئامێری پاڵاوتنی ئاو سەردانی ماڵەكانیان كردوون، سەلماندوویانە ئاوی خواردنەوەیان پیسە  و گرانیی ئامێرەكە وایكردووە ئامێرەكە نەكڕن و قەناعەت لە لایان دروست بووە.

ئەو ئاوەی خواردنەوە كە لە هەولێر بۆ خەڵك دابین كراوە، ستانداردێكی بەرزی هەیە .


ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان، بۆ "وشە" پێی وایە، ئەوەی ئەو كۆمپانیایانە دەیكەن جۆرێك هەڵخەڵەتاندنە، ئەگەرنا ئەو ئاوەی خواردنەوە كە لە هەولێر بۆ خەڵك دابین كراوە، ستانداردێكی بەرزی هەیە .

ئەو روونی كردەوە ئاوی سروشتی كە لە ژێر زەوی دەردەهێنرێت یان لە رووباری زێی گەورە دوای پاڵاوتن دابەش دەكرێت، خۆی هەڵگری هەندێك كانزایە و جیاوازە لە ئاوێك كە بۆ مەبەستی پزیشكی سوودی لێ وەردەگیرێت و هیچ جۆرە كانزایەكی تێدا نییە. ئاو كە هەندێك كانزای تێدابێت، بەو واتایە نییە لەرووی تەندروستییەوە كێشەی هەبێت.

بەپێی ئەو پلانەی  كە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆ دانراوە، لە داهاتوودا تەنیا سوود لە ئاوی سەرزەوی وەردەگیرێت چ بۆ خواردنەوە چ بۆ بەكارهێنانی بۆ باخچە و پاركەكان.

لە هەولێر سێ پڕۆژەی ئیفراز هەیە كە یەكێكیان لە ساڵی 1968 تەواو بووە، دووەمیان لە ساڵی 1983ەوە تەواو بووە و پڕۆژەی ئیفراز 3 لە ساڵی 2006 دا 60% ی تەواو بوو، لە 2016دا 40%ەكەی تریش تەواو بوو و ئێستە هەرسێ ئیفراز بە توانای 100% كار دەكەن. لەگەڵ ئەمانە هەزار و 180 بیریش لە هەولێر و دەوروبەری، پێداویستی ئاوی خواردنەوە دابین دەكەن.

 لە 2014ەوە كار بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی ئاوی هەولێر چوار دەكرێ. بە پێی ئەو دیزاینەی بۆی كراوە لە هەر سەعاتێكدا 25 هەزار مەتر سێجا ئاو دەپاڵێوێت، كە لە شەو و رۆژێكدا دەكاتە 600 هەزار مەتر سێجا. توانای ئەمە یەكسانە بە هەرسێ پڕۆژەی ئیفراز و سەرجەم ئەو هەزار و 180 بیرەی كار دەكەن. بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە، تەواوی هەولێر تا دەگاتە پشتێنەی سەوز، ئاوی خواردنەوە و باخچەكانی پێ دابین دەكرێت و چیتر پشت بە ئاوی ژێر زەوی نابەسترێت. 
بەشێك لەو ئاوی ماڵان كە لە پشكنیندا بەراستی پیس بووبێت، پێوەندی بە تانكی سەربانیان هەیە

پێویستە ئاماژە بەو راستییەش بكرێت بەشێك لەو ئاوی ماڵان كە لە پشكنیندا بەراستی پیس بووبێت، پێوەندی بە تانكی سەربانیان هەیە كە لەوانەیە لە جۆری كۆنی تانكی ئاو بن یان خاوەن ماڵەكە ساڵانە چەند جارێك پاكیان نەكەنەوە.

تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆ چ لە بیرەكان و چ لەو ئاوەی لە ئیفراز دابین دەكرێت، بەردەوام پشكنینی ئاو دەكەن و ئەگەر بزانن ئاوێك كێشەی هەیە، خێرا چارەسەری كێشەكە دەكەن.


وشە - سلێمان تاشان