مافی مرۆڤی عێراق: زۆرینەی ئه‌و مه‌سیحیانه‌ی ماون لە كوردستانن

:: PM:09:40:07/03/2021 ‌

نەهامەتی مەسیحییەكان بە سەردانەكەی پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیكان زیندوو كرایەوە و تیشكی زیاتری خرایە سەر، ئەندامێكی كۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤی عێراق ژمارەی راستەقینەی مەسیحییەكان لە عێراق ئاشكرا دەكات و دووپاتی كردەوە لەوانەی ماون زۆرینەیان لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێن.
لەنێوان ساڵانی 2003 بۆ 2014 هەزار و 315 كەسیان كوژراون
عەلی بەیاتی، ئەندامی كۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ لە عێراق گوتی، ژمارەی مەسیحییەكان لە عێراق پێش 2003، ملیۆنێك و 500 هەزار كەس بووە، بەڵام دوای ئەوە ژمارەكە بۆ 250 هەزار كەس كەمی كرد و زۆرینەیان لە هەرێمی كورستانن. 

زیاتر گوتی، دوای ئازادكردنەوەی ناوچەكانیان لە داعش، 40%ی مەسیحییەكان لە هەرێمی كوردستان گەڕانەوە دەشتی نەینەوا، جیا لە بوونی 15 بۆ 80 خێزانیان لە مووسڵ، روونی كردەوە، بەهۆی تاوانەكانی داعش بەرانبەر بە مەسیحییەكان 130 هەزاریان ئاوارە بوون و 115 كەسیان كوژراون و 161 یان رفێنراون و 91 كەسیان دووچاری ئازاردان هاتووەتەوە و 68یان كراونەتە كەنیزەك، هاوكات هەزار و 315 كەسیان لەنێوان ساڵانی 2003 بۆ 2014 كوژراون.

بەپێی راپۆرتەكان نەهامەتی سەرەكیی مەسیحییەكان لە عێراق، كە ئێستەیش لە رێگەی زەوتكردنی موڵكوماڵیان و وەرگرتنی سەرانە و هەڕەشەكردن لێیان لەلایەن میلیشیا شیعەكانەوە بەردەوامە، پێشتر لەلایەن قاعیدە و داعشەوە كرانە ئامانج، بەوهۆیەوە نزیكەی ملیۆنێكیان بۆ هەرێمی كوردستان و وڵاتانی دەرەوە كۆچیان كرد.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل