سێ ملیار دۆلار لە پارەی بلۆككراوی ئێران ئازاد كرا

:: AM:11:34:08/03/2021 ‌
سێ ملیار دۆلار لە پارەی بلۆككراوی ئێران ئازاد كرا و بەرپرسێكی ئێران دەڵێت، ئەم هەنگاوە رەزامەندی ئەمەریكای لەسەر بووە.

حەمید حوسێنی ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی ژووری بازرگانی هاوبەشی نێوان عێراق و ئێران ئاشكرای كرد، سێ ملیار دۆلار لە پارەی بلۆككراوی ئێران لە وڵاتانی عێراق، كۆریای باشوور و عومان ئازاد كراوە.

بەگوێرەی رادیۆ فەردا، پێشتر وا راگەیەنرابوو كە لەو حەوت ملیار دۆلار پارە بلۆككراوەی ئێران لە بانكەكانی عێراق و كۆریای باشوور، تەنیا یەك ملیار دۆلاری ئازاد كراوە، ئەویش بۆ كڕینی دەرمان بووە، بەڵام ئەو بەرپرسەی ئێران رەتی كردەوە پارەكە كەم بێت، بەڵكو سێ هێندەی ئەو پارەیەیە باسی لێوە دەكرێت.

دوو ملیار دۆلار لەو پارەیەی ئازاد كراوە، هی بانكەكانی عێراق و عومانن.


بەگوتەی حوسێنی، دوو ملیار دۆلار لەو پارەیەی ئازاد كراوە، هی بانكەكانی عێراق و عومانن. پێشتر ئێران رای گەیاندبوو پێنج ملیار دۆلاری لای عێراقە كە لە بری فرۆشتنی گازی سروشتی و كارەبا بۆی نەگەڕاندووەتەوە.

بەپێی سزاكانی ئەمەریكا، پارەی ئەو گازەی ئێران بە عێراقی دەفرۆشێت، دەبێت لە بانكی بازرگانی عێراق هەڵگیرێت و ئێرانیش تەنیا بۆ كڕینی هەندێك پێداویستی مرۆیی دەتوانێ سوودی لێ وەربگرێت.



وشە - سلێمان تاشان