به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌بای ھه‌ولێر گوتی، دوای ئه‌وه‌ی كۆمپانیاكانی جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كانی كاره‌با به‌ھۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی دۆلار زیانیان به‌رێژه‌ی 21% به‌ركه‌وت، حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان بڕیاری داوه قه‌ره‌بووی ئه‌و كۆمپانیایانه بكاته‌وه و ئه‌وانیش ده‌ست به ته‌واوكردنی پڕۆژه‌كانی بواری كاره‌با بكه‌نه‌وه.
حوسێن حه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌بای ھه‌ولێر به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، به‌ھۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی دۆلار و ھاتنه‌خواره‌وه‌ی به‌ھای دیناری عێراقی، ھه‌موو پڕۆژه‌كانمان راگیرابوو كه به سێ قۆناغ بوو، یه‌كه‌م 25 پڕۆژه، دووه‌م شه‌ش پڕۆژه و سێیه‌م 15 پڕۆژه بوون.
ڕوونی كرده‌وه، به‌بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، جارێكی تر ده‌ست به‌و پڕۆژانه ده‌كرێت كه ھێشتا ته‌واو نه‌كراون و ته‌واو ده‌كرێن.
ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره گوتی: ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ره‌زامه‌ندیی داوه قه‌ره‌بووی ئه‌و كۆمپانیایانه بكه‌ن كه گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ ئێمه كردووه، به‌ھای دۆلار 21% گران بووبوو و به‌و رێژه‌یه قه‌ره‌بوویان ده‌كاته‌وه، چونكه جیاوازیی نێوان دۆلار و دینار 21% بوو و حكوومه‌ت به‌و جیاوازییه پاره ده‌داته‌وه ئه‌و كۆمپانیایانه و قه‌ره‌بوویان ده‌كاته‌وه.
دوای ئه‌و بڕیاره، ئێسته كۆمپانیاكان ده‌ستیان به كاره‌كانیان كردووه‌ته‌وه و پڕۆژه‌كانیان ته‌واو ده‌كه‌ن.
بڵند ئیبراھیم