وەزیری تەندروستی: فرۆشتنی ڤاكسینی دژ بە كۆرۆنا لە بازاڕەكان رێگەپێدراو نییە

:: PM:07:45:12/04/2021 ‌

وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند كە  فرۆشتنی ڤاكسینی كۆرۆنا لە دەرەوەی كەرتی گشتی رێگەپێدراو نییە و رێگەیش نادرێ بە شێوەی بازرگانی  بێتە ناو هەرێمی كوردستان، دووپاتی كردەوە، لە رۆژانی داهاتوودا  بڕێكی تر لە ژەمە ڤاكسینی كۆرۆنا دەگاتە هەرێمی كوردستان.

ئەمڕۆ دووشەم 12ی نیسانی 2021، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێم بە "وشە"ی راگەیاند، ڤاكسینی كۆرۆنا بە هیچ شێوەیەك لەو وڵاتانەی دروست كراوە بە پارە نەدراوە بە كەرتی تایبەت بۆ ئەوەی لە بازاڕەكان بفرۆشرێ و رێگەپێدراویش نییە بێتە ناوەوەی هەرێم.
ڤاكسین تەنیا لە رێگە وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی سەر بە وەزارەت بەكار دەهێنرێن
زیاتر گوتی، ئێستە ڤاكسینی كۆرۆنا هێندە زۆر نییە و بەشی كەرتی گشتی ناكات تا لە كەرتی تایبەت هەبێت و لە بازاڕدا بازرگانی كڕین و فرۆشتنی پێوە بكرێت، ئاماژەی كرد، لە هەرێمی كوردستان ئەو ڤاكسینانە تەنیا لە رێگە وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی سەر بە وەزارەت بەكار دەهێنرێن.

لەبارەی ئەو بڕە ژەمە ڤاكسینەی گەیشتووەتە هەرێم، وەزیری تەندروستی گوتی، لەو بڕە ڤاكسینەی تا ئێستە بۆ هەرێمی كوردستان هاتووە، كە نزیكەی 50 هەزار ژەم ڤاكسینە، تا دوێنی لە 51% ئەو ڤاكسینە بۆ هاووڵاتی و چین و توێژەكان بەكار هێنراوە، ئەمڕۆیش بۆ سەرووی 60% بەرز بووەتەوە، ئەوەیش رێژەیەكی زۆر باشە، ئاشكرای كرد، بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا برێكی تر ژەمە ڤاكسینی كۆرۆنا لە جۆری سیناڤارمی چینی بگاتە هەرێمی كوردستان، بەڵام تا ئێستە دیار نییە بڕەكەی چەندە.

لە ماوەی رابردوو چەند وەجبەیەك ڤاكسینی كۆرۆنا گەیشتووەتە هەرێمی كوردستان و یەكەم وەجبەیش ڤاكسینی چینی بوو، دوێنێیش بڕێك لە ڤاكسینی فایزەری ئەمەریكی گەیشتە عێراق و بەشی هەرێمی كوردستانیشی تیادایە، ئێستە سێ جۆر ڤاكسین لە عێراق و هەرێمی كوردستان هەن و هەموویان كاریگەری و سەڵامەتیان باشە و هیچ حاڵەتێكی نائاسایی و نیشانەیەكی توند لەسەر بەكارهێنەران دەرنەكەوتووە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل