رۆناڵد كۆمانی هۆڵه‌ندی و راهێنه‌ری یانه‌ی بارسێلۆنا رای گه‌یاند، تا دواچركه بۆ بردنه‌وه‌ی نازناوی لالیگای ئیسپانیا ده‌جه‌نگن.
كۆمان ئه‌مڕۆ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی ئه‌نجام دا، پێش ئه‌وه‌ی سبه‌ی تیپه‌كه‌ی ببێته میوانی یانه‌ی لیڤانتی له گه‌ڕی 36ی خولی ئیسپانیا.
كۆمان گوتی: "تا دواچركه بۆ بردنه‌وه‌ی نازناوی لالیگا ده‌جه‌نگین، نابێ چیتر هه‌ڵه بكه‌ین، ئێسته كاره‌كه له ده‌ست خۆمانه، قسه له‌سه‌ر میدیا ناكه‌م، كه باسی ئه‌وه ده‌كه‌م كامه تیپ نازناوه‌كه ده‌باته‌وه و شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ میدیا ناكرێت، به‌ڵام ئه‌م كاره له‌گه‌ڵ هه‌موو راهێنه‌ران رووده‌دات".
راهێنه‌ری بارسا گوتی: "گرێبه‌ستی دوو ساڵم له‌گه‌ڵ بارسێلۆنا هه‌یه، پێم وایه وه‌رزی داهاتووش هه‌ر من راهێنه‌ری بارسێلۆنا، سه‌رۆكی یانه هه‌موو كات متمانه‌ی به تواناكانم هه‌بووه و له كۆتایی وه‌رزیش قسه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌م، به‌ڵام ئێسته زیاتر بایه‌خ به ركابه‌رییه‌كانی لالیگا ده‌ده‌م".
سبه‌ی سێشه‌م گه‌ڕی 36ی خولی ئیسپانیا ده‌ست پێ ده‌كات و بارسێلۆنا له ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆیدا به‌رامبه‌ر لیڤانتێ یاریی ده‌كات.