هەڕەشەی كوشتن لە بەرپرسێكی كورد دەكرێت

:: AM:08:50:11/05/2021 ‌
لەلایەن كەسانێكی نەناسراو، هەڕەشەی كوشتن لە كاندیدێكی كورد لە كەركووك دەكرێ‌ و داوای لێ‌ دەكرێ بڕوات و لە هەڵبژاردنەكان بكشێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەم 11ـی ئایار، حەسەن شێخانی ئەندامی سەركردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان، كاندیدی سەربەخۆ بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، هەڕەشەی كوشتنم لێ‌ دەكرێ‌.

فیشەكێكش لە زەرفێك دانراوە وەك ئاماژەیەك بۆ هەڕەشەی كوشتن
ئەو كاندیدە ڕوونی كردووەتەوە، لە دەرگای ماڵەكەم نووسراوێك نووسراوە "أرحل" ، "بڕۆ" فیشەكێكش لە زەرفێك دانراوە وەك ئاماژەیەك بۆ هەڕەشەی كوشتن.

باسی لەوەش كردووە، ئەو هەڕەشانە بۆ ئەوەیە من بكشێمەوە لە خۆ كاندیدكردنم، منیش ناكشێمەوە و بەردەوام دەبم، هەروەها هۆكاری هەڕەشەكانیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕەخنانەی لە ئیدارەی شارەكە دەگرم.

دوای ڕووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەری 2017، سنووری كەركووك بۆ كەركووكییەكان بووەتە شوێنێكی نائارام و بەردەوام كوردەكان هەڕەشەیان لەسەرە، لە ماوەی ڕابردووشدا بە دەیان كەسایەتیی سیاسی ئەو شارەیان جێهێشتووە.

بڕیارە 10ـی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوە بچێت و تا ئێستەیش بەهۆی ناكۆكییە سیاسییەكان، ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی ئەو هەڵبژاردنە هەیە.




وشە - رامیار جەواد