پێده‌چێت فیدراسیۆنی ئه‌وروپا له‌وه په‌شیمان بووبێته‌وه، یاریی كۆتایی ئه‌م وه‌رزه‌ی چامپیۆنزلیگ له ئیسته‌نبۆڵ بكرێت.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئه‌وروپا UEFA، رای گه‌یاند سبه‌ی چوارشه‌م، ئه‌و شوێنه دیاریی ده‌كات كه یاریی كۆتایی چامپیۆنزلیگی ئه‌م وه‌رزه‌ی لێ ده‌كرێت.
هه‌ردوو یانه‌ی ئینگلیزی، مانچێسته‌ر سیتی و چێڵسی گه‌یشتوونه‌ته یاریی كۆتایی ئه‌م وه‌رزه‌ی پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه.
پیش‌تر بڕیار درابوو یاریی كۆتایی له ئیسته‌نبۆڵ بكرێت، به‌ڵام دوای گه‌یشتنی دوو یانه‌ی ئینگلیزی به یاریی كۆتایی، هاوكاتیش حكوومه‌تی به‌ریتانیا به هۆی خۆپارێزیی له كۆرۆناوه توركیای خستووه‌ته نێو بازنه‌ی سووری قه‌ده‌غه‌ی سه‌فه‌ركردن بۆ ئه‌وێ، بۆیه فیدراسیۆنی ئه‌وروپا به بڕیاره‌كه‌یدا ده‌چێته‌وه و پێده‌چێت ئیسته‌نبۆڵ نه‌بێته شوێنی یاریی كۆتایی.
بڕیاره له یاریی كۆتاییدا به رێژه‌یه‌كی دیاریكراو جه‌ماوه‌ری وه‌رزشی ئاماده‌بن، هه‌ر ئه‌م هۆیه‌شه وای كرد یوێفا بیر له گۆڕینی شوێنی یاریی كۆتایی بكاته‌وه.
له رۆژانی رابردوو حكوومه‌تی به‌ریتانیا له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی فیدراسیۆنه‌كه له‌سه‌ر هێڵ بوون، بۆ ئه‌وه‌ی یارییه‌كه بگوازنه‌وه له‌نده‌نی پایته‌ختی وڵاته‌كه‌یان.
یاریی كۆتایی ئه‌م وه‌رزه‌ی خولی یانه پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌وروپا "چامپیۆنزلیگ" له 29ی ئه‌م مانگه ده‌كرێت.