هەڵبژاردنی ئێران و دەستنیشانکردنی جێگرەوەیەک بۆ عەلی خامنەیی

:: PM:04:37:26/05/2021 ‌
راگەیاندنی لیستی کۆتایی پاڵێوراوانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لەلایەن شورای چاودێری کۆماری ئیسلامی ئێران، فەزایەکی سیاسیی نوێی لەو وڵاتە دروست کردووە و ئەوانەی بەناوی ریفۆرمخوازییەوە هەوڵیان دەدا لەڕێی ئەو هەڵبژاردنەوە گۆڕانکارییەک لەناو رژێمەکە دا دروست بکەن، بە تەواوی سڕ کران، باڵی ریفۆڕمخوازیش دەڵی، رەتکردنەوەی سەرجەم پاڵێوراوەکانمان پێمان دەڵی حوکمڕانی ئێران هاوشێوەی هەشتاکانی سەدەی رابردوو بەرەو تاک رەهەندی دەچێت و دەیانهەوێ لە فەزایەکی بێ سەرئێشە دا جێگرەوەیەک بۆ عەلی خامنەیی دەستنیشان بکەن.
ئیبڕاهیم رەییسی کاندیدی بێ رکابەری هەڵبژاردنی خولی سێزدەیەمی سەرۆک کۆماریی ئێرانە

بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئێران 40 کەس خۆیان ناونووس کردبوو و دواجار شورای چاودێری ئەو وڵاتە حەوت کەسی وەک پاڵێوراوی هەڵبژاردنەکان پەسند کرد کە ئەو ژمارەیە لە یەکەم هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئێرانیش کەمترە.

عەلی لاریجانی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی ئێران و راوێژکاری عەلی خامنەیی، یەک لەو کەسانە بوو کە خۆی بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ناونووس کردبوو، بەڵام بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو لەلایەن شورای چاودێرییەوە پەسند نەکرا، بەر لە راگەیاندنی ناوی کاندیدە سەرەکییەکان، لاریجانی هێرشێکی توندی کردە سەر ئەو کاندیدانەی پێشتر لەناو سوپای پاسداران دا فەرماندەی سەربازی بوون، بەڵام لەگەڵ راگەیاندنی لیستی سەرەکی کاندیدەکان لەلایەن شورای چاودێرییەوە، لاریجانی یەکسەر خۆی دایە دەستەوە و هەڵوێستێکی ئەوتۆی بۆ رەتکردنەوەی لەلایەن ئەو شورایە وە نەبوو.

هەرچەند چاوەڕوانی ئەوە دەکرا بازنەی کێبڕکێکان لەو هەڵبژاردنە داخراوتر بێت لەچاو هەڵبژاردنی پێشوو و کەسانی ریفۆڕمخوازی وەک ئیسحاق جەهانگیری و مەسعود پزیشکیان لە فیلتەری شورای چاودێری دەرنەچن، بەڵام رەتکردنەوەی عەلی لاریجانی کە هەمیشە خزمەتکارێکی  وەفاداری عەلی خامنەیی بووە، دوور لە چاوەڕوانی بوو.

هێرشە لەدوای یەکەکانی باڵی توندئاژۆ بۆسەر لاریجانی دوای ئەوەی پشتیوانی لە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک کرد، رووی لە هەڵکشان کرد و لەلایەن باڵی سوپای پاسدارانەوە نازناوی "ئاژاوەچی بێدەنگ" وەک لە کوردی دا دەڵێن، ئاگری بن کای پێ بەخشرا. باڵی توندڕەو کە خۆیان بە وەفاداری عەلی خامنەیی دەزانن، ناسناوی "ئاژاوەچی"ـیان بە باڵی ریفۆرمخواز داوە.

لەناو رەخنەگرانی ناوخۆی ئێران، رەتکردنەوەی عەلی لاریجانی و پەسندکردنی کەسانی وەک عەلیڕەزا زاکانی و ئەمیرحوسێن قازیزادە پەیامێکی سیاسی تایبەت بەخۆی هەیە و پێشانی دەدات کە داهاتووی سیاسیی ئێران بۆ ئەو کەسانەیە نەک لاریجانییەک کە هەمیشە لە خزمەتی خامنەیی دا بووە، زاکانی کە لە هەڵبژاردنی پێشووتریش خۆی بۆ هەڵبژاردنەکان کاندید کرد و لەلایەن شورای چاودێرییەوە رەت کرایەوە، ئامانجی لە بەشداریکردنی هەڵبژاردنەکان بۆ دژایەتی عەلی لاریجانی گەڕاندبوویەوە.

رەتکردنەوەی کەسایەتییەکی تەناهی وەک محەمەد شەریعەتمەداری کە لە کابینەی رۆحانی دا وەزیری کاری ئێران بوو، جێ تێڕامانە، شەریعەتمەداری بە پشتیوانی محەمەد رەیشەهری کە ئەوکات وەزیری ئیتڵاعاتی ئێران بوو، هاتە ناو دنیای سیاسەتی ئێرانەوە و سەرەتا لە ماڵی خامنەیی دامەزرا و دواتر کە خامنەیی بوو بە رێبەری کۆماری ئیسلامی، لە ماڵی رێبەری ئێران دا مایەوە. شەریعەتمەداری پەروەردەی عەلی خامنەییە و بۆ خزمەتگوزاری ئیداری راهێنانی پی کراوە و لە سەردەمی سەرۆک کۆماری محەمەد خاتەمی، سەرباری ئەوەی سەر بە باڵی ریفۆرمخواز نەبوو، لەسەر داوای خامنەیی وەک وەزیری بازرگانی دەستبەکار بوو.

ئێستە ئیبڕاهیم رەییسی کاندیدی بێ رکابەری هەڵبژاردنی خولی سێزدەیەمی سەرۆک کۆماریی ئێرانە کە هەوڵ دراوە لەچاو هەڵبژاردنەکانی پێشوو بە شێوەیەکی ئاشکراتر کەسێک دەستنیشان بکەن بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆک کۆماری بگرێتە دەستەوە. لە راستیدا ئەو هەڵبژاردنە هاوشێوەی هەڵبژاردنەکەی ساڵی 1981ە کە رۆژێک بەر لە هەڵبژاردنەکان سەرۆک کۆمار لەلایەن رێبەرەوە دیاری کرابوو و چوونی خەڵک بۆسەر سندوقەکانی هەڵبژاردن زیاتر شانۆگەرییەکی دیموکراسی بوو.

بەدەر لەمە، ئەگەر هەیە لەو شەش پاڵێوراوەی تر هەر یەکە لە قازیزادە هاشمی و سەعیدی جەلیلی و عەلیڕەزا زاکانی لە بەرژەوەندی ئیبڕاهیم رەییسی لە کێبرکێکە بکشێنەوە و رکابەری لە نێوان چوارگۆشەی موحسین رەزایی، ئیبڕاهیم رەییسی و عەبدولناسر هیمەتی و موحسین میهر عەلیزادە دەست پێ بکات.

حکوومەتەکەی حەسەن رۆحانی حکوومەتێکی لاواز و بێ هەڵوێست بوو و لە هەڵبژاردنەکانی  2015 و 2017 و 2019 بەرانبەر رەوتی توندئاژۆی سەر بە ویلایەتی فەقی شکستێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و بە تەواوەتی خۆی دایە دەستەوە.

ئێستە بۆ هەڵبژاردنی خولی 13یەمی سەرۆک کۆماری ئێران، سەرجەم پاڵێوراوانی بەرەی ریفۆرم لەلایەن شورای چاودێرییەوە رەت کراونەتەوە و بە کردەوە هیچ کاندیدێکیان نییە بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە، ئەوە وای کردووە ریفۆرمخوازەکان تووشی تەنگژەیەکی سیاسی قووڵ ببنەوە. سەرجەم لێکدانەوەکانی باڵی ریفۆرم بە هەڵە دەرچوون و ئێستە بە دۆخێکی شڵەژاو دا تێدەپەڕن، هەرچەند ئەوان پێیان وایە هەڵبژاردن لە ئێران تەندروست نییە و سندوقەکانی دەنگدان هیچ کاریگەرییەکیان نییە لەسەر هەڵبژاردنی کاندیدێک بۆ 13ەیەمی خولی سەرۆک کۆماری، بەڵام ئەوە واتای ئەوە ناگەیەنێت کە هیچ کاندیدێکیان لەو رکابەرییە دا نەبێت.

گەرانەوە بۆ هەشتاکانی سەدەی رابردوو تەنیا لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری دا رەنگی نەداوەتەوە، بەڵکو ئەمە خاڵێکی دەستپێکە بۆ چوونە ناو وەرزێکی نوێی حوکمڕانی ئێران، ئەم وەرزە نوێیە دەروازەیەکە بۆ چوونە ناو "هەنگاوی دووەمی شۆڕش" و ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتی ویلایەتی فەقێیە لە داهاتوویەکی نزیک دا. چاوەڕوان دەکرێت  سیستمی حوکمڕانی کە لە دەیەی رابردوو بە سیستمی دوو باڵی بەڕێوە دەچوو، ئەم دەیەیە بە تەواوی یەکدەست و تاک رەهەند بکرێتەوە.

سافکردنی رێگە بۆ ئیبڕاهیم رەییسی و هەڵگرتنی ئاستەنگەکانی سەر رێی بۆ بوون بە سەرۆک کۆمار، ئەو ئەگەرە دەخاتە روو کە حوکمڕانی لە ئێران دەچێتە قۆناغێکەوە کە زیاتر بەرەو توندئاژۆیی دینی "شیعە" دەڕوات و دەست دەکات بە سڕینەوەی هەموو ئەو کەسانەی نەیاری باڵی سەرەکی و ویلایەتی فەقین.

هەموو ئەو رێخۆشکەرییانە بۆ ئەوەن باڵی سەرەکی رژێمی ئێران بتوانێت بەبێ دەستوەردانی لایەنەکانی تر، لە ناوخۆ دا جێگرەوەیەک بۆ عەلی خامنەیی دەستنیشان بکات، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی خامنەیی گیرۆدەی نەخۆشییەکی کوشندەیە و ئەگەر هەیە نەتوانێت تا چەند ساڵی تر بەرگەی بگرێت، قوربانیکردنی عەلی لاریجانی و هەندێک لە کەسایەتییەکانی سەر بە رەوتی خامنەیی بۆ ئەوەیە وا پێشان بدات کە رکابەرییەکە بۆ یەکدەستکردنی حوکمڕانی نییە و شورای چاودێری و رێبەر بێلایەنانە چاودێری هەڵبژاردن و کاندیدەکان دەکەن.

لە کۆی 40 کەس کە خۆیان بۆ کاندیدی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری ئێران ناونووس کردبوو، تەنیا حەوت کەس بە ناوەکانی ئیبڕاهیم رەییسی، موحسین رەزایی، موحسین میهر عەلیزادە، سەعید جەلیلی، عەلیڕەزا زاکانی، عەبدولناسر هیمەتی و ئەمیرحوسێن قازیزادە هاشمی لەلایەن شورای چاودێرییەوە پەسند کران و وەک کاندیدی سەرەکی بۆ هەڵبژاردنەکان رکابەری دەکەن.



وشە - هیدایه‌ت جان