دانیمارك چیتر مۆڵه‌تی مانه‌وه‌ی كاتی بۆ په‌ناخوازانی سووریا نوێ ناكاته‌وه، به‌رپرسانی ئه‌و وڵاته هه‌ندێك ناوچه‌یان له سووریا وه‌ك ناوچه‌ی ئارام دیاری كردووه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و په‌ناخوازانه بگه‌ڕێننه‌وه وڵاتی خۆیان و له‌وێ نیشته‌جێیان بكه‌ن.
یاساکە كه‌سانی خوار ته‌مه‌ن 18 ساڵانیش ده‌گرێته‌وه
حكوومه‌تی دانیمارك زیاد له 10 ساڵه وه‌رگرتنی په‌نابه‌ری زۆر قورس كردووه، هه‌ندێك جار ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ش كه تاوان ئه‌نجام ده‌ده‌ن یان ئه‌وانه‌ی داوای په‌نابه‌رێتی ده‌كه‌ن، له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه ره‌وانه‌ی ناوچه‌یه‌كی دوور له ئاوه‌دانییان ده‌كه‌ن به ناوی "كه‌مپی لیندهۆڵم"، زۆرجاریش مۆڵه‌تی مانه‌وه‌ی كاتی له په‌ناخوازان وه‌رده‌گرنه‌وه.
به گشتی 30 هه‌زار په‌ناخوازی سووری له دانیمارك ده‌ژین و تا ئێسته حكوومه‌ت مۆڵه‌تی مانه‌وه‌ی كاتی له 300 كه‌سیان وه‌رگرتووه‌ته‌وه، له‌مه‌ودوا چیتر ئه‌و مۆڵه‌ته به په‌ناخوازانی تر نادات.
په‌ناخوازانی سووری زیاتریان ئه‌وانه‌ن كه به‌هۆی شه‌ڕ و له ترسی رژێمی ئه‌سه‌د له وڵاته‌كه‌یان رایان كردووه و په‌نایان بۆ دانیمارك بردووه، به‌ڵام له دانیماركیش دۆخێكی ناله‌باریان هه‌یه.
ماڵپه‌ڕی "
تاگس شا‌و"ی سه‌ربه كه‌ناڵ یه‌كی ئه‌ڵمانیا، چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ به‌شێك له‌و په‌ناخوازه سوورییانه كردووه كه رۆژانه له مه‌یدانی كۆشكی كۆپنهاگن له ده‌وری یه‌كتر كۆ ده‌بنه‌وه.
ئه‌و كه‌ناڵه نووسیویه‌تی، په‌ناخوازانی سووریا له به‌رانبه‌ر په‌رله‌مانی دانیمارك خۆپێشاندان ده‌كه‌ن و له‌سه‌ر لافیته‌كان نووسیویانه، گه‌ڕاندنه‌وه‌مان بۆ سووریا رابگرن.
به‌رپرسانی دانیمارك هه‌ندێك ناوچه‌یان له سووریا ده‌ستنیشان كردووه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و په‌ناخوازانه بگه‌ڕێننه‌وه و پێیان وایه، چیتر ئه‌و ناوچانه مه‌ترسییان له‌سه‌ر نییه و پارێزراون و هه‌فته‌یه‌كه ده‌ستی كردووه به دروستكردنی دۆسیه بۆ ئه‌وه‌ی مۆڵه‌تی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ده‌ربكات.
راشا كایرۆت یه‌ك له‌و په‌ناخوازانه‌یه كه له‌م رۆژانه‌دا نامه‌یه‌كی له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كۆچی دانیمارك پێ گه‌یشتووه، ئه‌و ژنه ته‌مه‌نی 38 ساڵانه و له سووریا مامۆستا بووه، ماوه‌ی شه‌ش ساڵه له‌گه‌ڵ دوو منداڵی په‌نایان بۆ دانیمارك هێناوه، كه‌چی ئێسته ئاگادار كراونه‌ته‌وه كه ده‌بێ ئه‌و وڵاته جێ بهێڵن.
ئه‌و یاسایه ته‌نانه‌ت كه‌سانی خوار ته‌مه‌ن 18 ساڵانیش ده‌گرێته‌وه و مێرمنداڵێك به ناوی مسته‌فایش كه بۆ تاگس شا‌و قسه‌ی كردووه، ته‌مه‌نی 13 ساڵان بووه كه په‌نای بۆ دانیمارك بردووه، ئێسته ئاگادار كراوه‌ته‌وه ده‌بێ ئه‌و وڵاته جێ بهێڵێت.
زۆربه‌ی ئه‌وانه‌یش وا مۆڵه‌تی مانه‌وه‌یان لێ ستێنراوه‌ته‌وه، ژنان و منداڵانی سوورین، له‌به‌رئه‌وه‌ی حكوومه‌تی دانیمارك له‌سه‌ر ئه‌و بڕوادایه كه هیچ مه‌ترسییه‌كی ئه‌وتۆیان له‌سه‌ر نییه و حكوومه‌ت بۆ سه‌ربازی ناچاری ره‌وانه‌ی به‌ره‌ی شه‌ڕیان ناكات.
میتی فرێدریكسۆن سه‌رۆكی حزبی سۆسیال دیموكرات و سه‌رۆك وه‌زیرانی دانیمارك، سیاسه‌تێكی توندی به‌رانبه‌ر وه‌رگرتنی په‌نابه‌ران گرتووه‌ته‌به‌ر، ساڵی 2019 له‌كاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ڵێنی دا ژماره‌ی په‌نابه‌ران له وڵاته‌كه‌ی بۆ ئاستێكی یه‌كجار نزم دابه‌زێنێت.
سه‌رۆك وه‌زیرانی دانیمارك پێی وایه، چیتر سوورییه‌كان مه‌ترسییان له‌سه‌ر نییه و ده‌بێ بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌یان بنیات بنێنه‌وه، ئه‌و سیاسه‌ته‌ی فرێدریكسۆن رووبه‌ڕووی ره‌خنه‌ی زۆری دانیماركییه‌كان بووه‌ته‌وه.
رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ ده‌ڵێن، له زۆربه‌ی ناوچه‌كانی سووریا شه‌ڕ و پێكدادان كۆتایی پێ هاتووه، به‌ڵام ئه‌وه هه‌موو كێشه‌كه نییه، له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆرینه‌ی ئه‌و په‌ناخوازانه به‌هۆی رژێمی ئه‌سه‌ده‌وه له وڵاته‌كه‌یان رایان كردووه و تا ئێسته‌یش له‌لایه‌ن ناوه‌نده هه‌واڵگرییه‌كانی ئه‌و رژێمه‌وه داوا كراون.
لیزا بلینكن ئه‌ندامی رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی له دانیمارك ده‌ڵێ، لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی ساڵانێكه به رژدی چاودێری پێشێلكارییه‌كانی مافی مرۆڤ له سووریا ده‌كات، هه‌موو پێشێلكارییه‌كانی تۆمار كردووه، ئه‌گه‌ر ئه‌و په‌ناخوازانه بگه‌ڕێننه‌وه ناو دیمه‌شقیش، دیسان گیانیان پارێزراو نابێت و مه‌ترسییان له‌سه‌ره.