هەڵاتن لە دەربەندیخان دەستی پێ‌ كرد

:: PM:01:07:06/07/2021 ‌
دوای تۆماركردنی سكاڵا لەسەر 76 گەنجی شارۆكەی دەربەندیخان بەهۆی نووسینی كۆمێنت بۆ باشتركردنی تەندروستی شارۆكەكەیان، ئێستە حەوت گەنج گیراون و 34 گەنجی تر فەرمانی گرتنیان بۆ دەرچووە، ئەوان خۆیان شاردووەتەوە و بەشێكیان هەڵاتوون.

ئەمڕۆ سێشەم شەشی تەمووز، بەپێی بەدواداچوونی "وشە" دوای سكاڵای بەڕێوەبەری تەندروستی دەربەندیخان لەسەر ژمارەیەكی زۆری گەنجی شارۆكەكە، ئێستە جگە لە گرتنی حەوت هاووڵاتی، 34 هاووڵاتی تریش فەرمانی گرتنیان دراوەتە بازگەكان.

لە نوێترین لێدوانی سەركەوت ئەحمەد گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانیدا هاتووە، لەسەر سكاڵای بەڕێوەبەری تەندروستی دەربەندیخان، چەند كەسێك گیراون و 34 كەسی تریش فەرمانی گرتنیان بۆ دەرچووە، ئەگەر لە سنووری سلێمانیدا بن، دەیانگرین، ئەوانی تریش كە روویان لە شار و ناوچەكانی تر كردووە، فەرمانی گرتن بۆ پۆلیسی ئەو ناوچانە رەوانە دەكەین تا بیانگرن.

چەند گەنجێك سكاڵایان لەسەر تۆمار كراوە و هەڵاتوون و شارۆكەی دەربەندیخانیان جێهشتووە
بەگوێرەی بەدواداچوونێكی "وشە" لە دوو ڕۆژی رابردوو چەند گەنجێك لە وانەی سكاڵایان لەسەر تۆمار كراوە و هەڵاتوون شارۆكەی دەربەندیخانیان جێهشتووە، ئێستە چوونەتە شار و شارۆكەكان یان خۆیان حەشار داوە.

ئەیاد كاكەیی پارێزەر و سەرۆكی لقی هەولێری سەندیكای پارێزەران، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەو دۆسیەیە دەكەوێتە لقی سلێمانی سەندیكای پارێزەران، بەڵام ئەگەر ئەو كەسانەی سكاڵایان لەسەر تۆمار كراوە داوای گواستنەوەی كەیسەكەیان بۆ هەولێر بكەن و كەیسەكەیان بێتە هەولێر، ئامادەین بەرگرییان لێ بكەین.

كێشەی بەڕێوەبەری تەندروستی دەربەندیخان ئەوەیە، مانگی‌ پێنجی‌ ئەمساڵ لەسەر داوای‌ خەڵكی‌ ناوچەكە، وەزارەتی‌ تەندروستی‌ حكوومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان، پزیشكی ژنی‌ بۆ تەندروستی‌ دەربەندیخان دیار كرد، بەڵام دواتر لەلایەن بەڕێوەبەری‌ تەندروستی‌ كە ناوی‌ سازان ئیبراهیمە، ئەوە رەت كرایەوە كە بووە هۆی‌ ناڕەزایی‌ خەڵك.

سازان ئیبراهیم كە پزیشكی‌ ژنانە و هاوكات بەڕێوەبەری‌ تەندروستی‌ سنوورەكەیە، تەنیا خۆی‌ لەو سنوورە پزیشك بووە و پێی‌ قەڵس بووە كە كەسێكی‌ تر كاری‌ پزیشكی‌ لەو سنوورە بكات. خەڵكی‌ دەربەندیخان ئەوكاتە كەمپینێكیان لە دژی‌ ئەو كارە پێكهێنا، بەڵام بەڕێوەبەری‌ تەندروستی‌ دەربەندیخان سوور بوو لەسەر گواستنەوەی‌ پزیشكە نوێیەكە.

لە نامەیەكدا كە خەڵكی‌ شارۆكەكە دژی‌ د. سازان ئیبراهیم نووسیبوویان و ئاراستەی‌ سەرۆكی‌ حكوومەت و جێگرەكەی‌ و قایمقامی‌ دەربەندیخان كراوە، تێدا هاتووە، بەڕێوەبەری‌ تەندروستی‌ دەربەندیخان بێمنەتانە بوونی‌ پزیشكی‌ تر لەو سنوورە رەت دەكاتەوە، ئەوەیشی‌ دابین كرابوو گواستیەوە بۆ سەیدسادق، لەكاتێكدا ئەوێ‌ سێ‌ پزیشكی‌ ژنانی‌ لێیە. 

خەڵكی‌ سنوورەكە لە نامەكەیاندا داوا دەكەن ئەو كارە قبووڵ نەكرێ‌، چیتر گەندەڵی‌ و كەموكوڕییەكانی‌ دەربەندیخان پەردەپۆش نەكرێ‌.

لەسەر بڵاوكردنەوەی‌ ئەو نامەیە و نووسینی‌ كۆمێنتی‌ خەڵك بۆ پاڵپشتی‌ دەربەندیخانییەكان، د. سازان ئیبراهیم 76 كەسی‌ داوەتە دادگا كە تاكە تۆمەتباركردنیان نووسینی‌ كۆمێنتە وەك پاڵپشتی‌ خەڵكی‌ ناوچەكە.



وشە - رامیار جەواد