بەهۆی تەقینەوەیەك لە راپەڕین سێ كەس بوونە قوربانی

:: PM:03:54:21/07/2021 ‌

كەمێك پێش ئێستە بەهۆی تەقینەوەی بڕێك (تی ئێن تی)، لە گوندێكی سەر بە ئیدارەی راپەرێن، كەسێك گیانی لەدەست دا و دووانی تریش بریندار بوون، ئەوەیش لەكاتێكدایە درەنگانی شەوی رابردوو بەهۆی شەڕیكەوە لەلایەن دوو گرووپ لە رانیە، پێنج كەس بریندار بوون.
وەستاكە گیانی لەدەست داوە و دووانەكەی تر بیندار بوون كە یەكێكیان كوڕی خۆیەتی
ئەمڕۆ چوارشەم 21ی تەمووز، شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی بەڕیوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین بە "وشە"ی راگەیاند، لە گوندی سەیدئەحمەدان، وەستایەك لەگەڵ كوڕەكەی و كرێكارێكی لەكاتی هەڵكەندنی بیری دەستی (تی ئێن تی)یان بەكار هێناوە بۆ بڕینی كارێزەكە، لە ئەنجامدا پیایاندا تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە وەستاكە گیانی لەدەست داوە و دووانەكەی تر بیندار بوون كە یەكێكیان كوڕی خۆیەتی.

زیاتر گوتی، ئەوەی گیانی لەدەست داوە تەمەنی 33 ساڵ دەبێ و ناوی (م، س)ە، كاریان بۆ كەسێك كردووە لەناو باج و بەردێك هاتووەتە بەردەم هەڵكەندنی بیرەكە، ئەوانیش ویستویانە بە (تی ئێن تی) بیتەقێننەوە و رووداوەكە رووی داوە.

لەلایەكی ترەوە، درەنگانێكی شەوی رابردوو بەهۆی شەڕێكەوە لەلایەن دوو گرووپ لە رانیە، كە بە چەك و چەقۆ هێرشیان كردووەتە سەر یەكتر، بەهۆیەوە پێنج كەس بریندار بوون و پۆلیس پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ دوو رووداوەكە كردووەتەوە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل