سبه‌ی لیژنه‌ی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا كۆ ده‌بێته‌وه و تا ئێسته ژماره‌یه‌ك پێشنیار بۆ كۆبوونه‌وه‌كه ئاماده كراون، به‌هێزترینیان راگه‌یاندنی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆیه له كاتێكی دیاركراو، هه‌روه‌ها ده‌ستكاریكردنی ده‌وامی فه‌رمانبه‌ران یه‌كێكی تره له داواكارییه‌كان، ئه‌وه‌یش به‌هۆی خێرایی بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا.
ئاماره‌كانی كۆرۆنا ڕوو له هه‌ڵكشانه، ته‌نیا له 24 سه‌عاتی ڕابردوودا زیاتر له سێ هه‌زار و 500 كه‌س تووشی كۆرۆنا بوون. په‌یامنێری "وشه" له شار و شارۆكه‌كانی كوردستان به دواداچوونیان له‌سه‌ر ره‌وشی نه‌خۆشخانه‌كان كردووه، بۆیان ده‌ركه‌وتووه كه شوێنی نه‌خۆش نه‌ماوه.
دووپاتیان له‌سه‌ر قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆی نیمچه‌یی كردووه‌ته‌وه
دهۆك و هه‌ولێر و سلێمانی له‌و شارانانه‌ن كه زۆرترین تووشبووی كۆرۆنایان تێدایه. هێشتا مردن له 13 بۆ 19 كه‌س ده‌بێت و چاكبوونه‌وه‌یش به‌راورد به تووشبوون له نزمبوونه‌وه‌دایه. به‌گوێره‌ی قسه‌ی به‌رپرسانی ته‌ندروستی، دۆخێكی مه‌ترسیدار له ڕێدایه و سبه‌ی لیژنه‌ی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا بۆ چه‌ند بڕیارێك كۆ ده‌بێته‌وه.
به‌پێی زانیارییه‌كانی "وشه" كه له سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌رپرسی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ده‌ستی كه‌وتووه، پێشنیاره‌كان ئه‌مانه‌ن:
•توندوتۆڵكردنی خۆپارێزی و جێبه‌جێكردنی بڕیاری سزادانی ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌مامك نابه‌ستن.
•داواكردن بۆ دابینكردنی زیاتری ڤاكسینی كۆرۆنا و هاندانی هاووڵاتییان تا زۆرترین كه‌س ڤاكسین وه‌ربگرێ.
•ده‌ستپێكردنی هه‌ڵمه‌تی هۆشیاریی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا.
هه‌ر ئه‌و سه‌رچاوه‌یه باسی له‌وه‌یش كرد، ته‌واوی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه ته‌ندروستییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، دووپاتیان له‌سه‌ر قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆی نیمچه‌یی كردووه‌ته‌وه جگه له دهۆك كه داوای قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆی ته‌واوه‌تی ده‌كات.
له‌لایه‌كی تره‌وه د. ره‌هێڵ فه‌ریدوون بریكاری وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕای گه‌یاند، له دۆخێكی مه‌ترسیداین و داوای را‌گرتن و ده‌ستكاری ده‌وامی فه‌رمانبه‌رانی حكوومه‌تی هه‌رێممان كردووه.
ڕوونیشی كرده‌وه كه ئه‌و جۆره‌ی ڤایرۆس كه ئێسته هه‌یه به خێرایی بڵاو ده‌بێته‌وه، بۆیه ئه‌و رێوشوێنانه‌ی ئێسته هه‌ن، پێویسته زۆر توندتر بكرێن.