"ئەگەر ڤاكسین بەكار نەهێنن خۆشەویستتان لە دەست دەدەن"

:: AM:10:15:31/07/2021 ‌
رێكخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری دەدات، ڤایرۆسی "دێلتا" كە گۆڕاوێكی ڤایرۆسی كۆرۆنایە، خەریكە لە زۆرینەی وڵاتانی دنیا گەشە دەكات و بەوەش مەترسییەكانی زیاتر دەبن. بۆیە رێكخراوەكە دەڵێ ئەگەر هاووڵاتییان ڤاكسین بەكار نەهێنن، خۆشەویستانیان لە دەست دەدەن.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ شەموو 31ی تەمووز بڵاوی كردووەتەوە، مایك راین كە پزیشكێكی ناودارە لە رێكخراوەكە لەبارەی مەترسییەكانی پەتاكە و گۆڕاوی "دێلتا" گوتوویەتی، ڤایرۆسەكە بەشێوەیەكی زۆر فراوان و خێرا بە زۆرینەی وڵاتانی دنیا بڵاو بووەتەوە، بۆیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی زۆر گرنگە هاووڵاتییان لێدانی ڤاكسین فەرامۆش نەكەن.

ئەو پزیشكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە جنێڤ رای گەیاند، گەشەكردنی دێتا لە زۆرینەی وڵاتان و بەو شێوە خێرا و فراوانە، پێمان دەڵێ ئەگەر رێنوێنییە تەندروستییەكان جێبەجێ نەكەین و هاوكات ڤاكسینی دژی كۆرۆنا بەكار نەهێنین، دەبێ چاوەڕێ بینین زۆرترین لە خۆشەویستەكانمان لە دەست بدەین.

ئەوەشی گوت كە لەوەتەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە 2019 پەیدا بووە و هەموو دنیای گرتووەتەوە، تا ئێستە زیاتر لە چوار ملیۆن كەس بەهۆیەوە گیانیان لە دەست داوە، بۆ ئەوەی رێ لەو هەموو تووشبوون و مردنە بگرین، نابێ كتانی ڤاكسین فەرامۆش بكەین.

ئەو پزیشكە دووپات دەكاتەوە كە بۆ بەرگرتن لەو ڤایرۆسە كە ئێستە لە قۆناغێكی زۆر مەترسیداردایە، جیا لە بەكارهێنانی ڤاكسین كە لە سەرووی هەموو چارەسەرەكاندایە، هاوكات گرنگە رێنوێنییەكانی تری تەندروستی جێبەجێ بكرێن وەك تێكەڵنەبوون، بەستنی دەمامك و دەست شووشتن و خاوێنی.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د