ئیسرائیل ئێرانی بە هێرشكردنەسەر كەشتییەكی تۆمەتبار كرد

:: AM:10:39:31/07/2021 ‌
ئیسرائیل ئێرانی بە هێرشكردنەسەر كەشتییەكی نەوتهەڵگر لە نزیك كەنارئاوییەكانی عومان تۆمەتبار كردووە. لەو هێرشەدا دوو سەرنشینی بەریتانی و رۆمانی گیانیان لە دەست داوە.

كۆمپانیای ئیسرائیلی زودیاك گوتوویەتی، رۆژی پێنجشەم هێرش كراوەتە سەر كەشتیی نەوتهەڵگری "ئێم تی سی مێرسر ستریت"، ئەیال ئوفەر كە ملیاردێرێكی ئیسرائیلییە خاوەندارێتی كۆمپانیای زودیاك دەكات.

كەناڵی تەلەڤزیۆنی ئەلعالەم كە سەربە ئێرانە، گوتوویەتی هێزەكانی بەرگری لە سووریا بەرپرسیارێتی هێرشەكەیان لە ئەستۆ گرتووە، بە گوتەی سەرچاوەكە، هێرشكردنەسەر ئەو كەشتییە نەوتهەڵگرە لە دەریای عومان، وەڵامی ئەو هێرشەی ئیسرائیل بووە كە بۆ سەر فڕۆكەخانەیەكی سووریا ئەنجام دراوە.

ئێران تەنیا بۆ ئیسرائیل كێشە نییە، بەڵكو كێشەیەكی جیهانییە


یائیر لاپید وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەكدا، تیرۆریزمی ئێرانی سەركۆنە كردووە و گوتوویەتی، ئێران تەنیا بۆ ئیسرائیل كێشە نییە، بەڵكو كێشەیەكی جیهانییە و زیان بە ئازادی بازرگانی و گواستنەوەی دەریایی دەگەیەنێت.

بەگوێرەی بی بی سی، ئەو داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كردووە بەرانبەر ئەو كارەی ئێران بێدەنگ نەبن. لەسەر ئەو تۆمەتانەی خراوەتە سەر ئێران، حكوومەتی ئەو وڵاتە هێشتا هیچ هەڵوێستێكی نەبووە.

هێزی دەریایی ئەمەریكاش لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاندووە، كەشتیی فڕۆكەهەڵگری وڵاتەكە ئامادەباشی راگەیاندووە، لە هەوڵدان كەشتیی مێرسێر بۆ كەنارئاوییەكان بگوازنەوە و هەندێك زانیاریش باس لەوە دەكەن ئەم رووداوە لەوانەیە دۆخی ناوچەكە ئاڵۆزتر بكات.



وشە - سلێمان تاشان