به‌ری به‌یانه، خۆر ورده ورده زه‌رده‌ی خۆی به‌سه‌ر زه‌ویدا په‌خش ده‌كاته‌وه، دنیا كشوماته، ده‌نگی هیچ نایه‌ت، ڕه‌نگی ئاسمان له تاو بێ ده‌نگیی زه‌ویدا ھه‌ورینه، ئه‌ستێره هێدی هێدی كز ده‌بن، كه‌چی دنیا ڕووناك نابێت، كات دره‌نگه بۆ له‌خه‌و هه‌ڵسان، به‌ڵام دنیا هه‌ر تاریكه!
به‌رخۆ كاژێری باركراو له ژێر سه‌رینه‌كه‌ی ده‌ردێنێ:
-سه‌یره! گه‌لێك دره‌نگه، بۆچی دنیا هه‌ر تاریكه! ڕه‌نگه خۆر له په‌نای چیاكان گیرابێ! به‌ڵام به‌درێژایی ته‌مه‌نم ئه‌وه‌م نه‌بینیوه، سه‌یره! خودایه چی ڕوو ده‌دات..!
بانگ له «پۆڕێ» ده‌كات كه ھه‌مووی دوو مانگێكه زه‌ماوه‌ندیان كردووه:
-پۆڕێ.. هه‌سته نانم بۆ ئاماده بكه ده‌چمه سه‌ر كاره‌كه‌م.
-ئه‌رێ به‌رخۆ ده بنوو هێشتا شه‌وه، ئه‌ی نابینی دنیا تاریكه.
به‌رخۆ ده‌چێته ده‌ره‌وه سه‌یری ئاسمان ده‌كات هه‌ر تاریكه، كاژێره‌كه‌ی له باخه‌ڵ ده‌رده‌هێنێت، كات دره‌نگه. له باخی حه‌وشه‌دا كه‌مێك خۆی سه‌رقاڵی ئاودانی گوڵه‌كان ده‌كات، دێت و ده‌ڕوات گوڵێكی سوور له شێوه‌ی جگه‌ر ده‌چێت، به نووكی چه‌قۆێكی خاچ له‌سه‌ر ده‌چنێت، بۆنی ده‌كات و هه‌ناسه‌ی قووڵ هه‌ڵده‌مژێت:
- چه‌ند خۆشه ئه‌م بۆنه! ده‌ڵێی بۆنی پۆڕێیه، ده‌چم ده‌یده‌مێ، پێی ده‌ڵێم تۆم دۆزییه‌وه.
سه‌ری نا به ژووره‌وه، پۆڕێ له ده‌نگی ده‌رگا خه‌به‌ری بووه‌وه.
له‌پڕ ده‌نگێك دێت ده‌ڵێ (اخرج یا موخه‌ربین) سۆرگوڵی نێو له‌پی به‌رخۆ كه‌وته سه‌ر فه‌رشی چنراو، چووه ده‌ره‌وه له كونی ده‌رگای حه‌وشه‌ی هتانه‌وه بینیی كۆڵان هه‌مووی عه‌سكه‌ره: سه‌رگرد، سه‌ربان و به‌رده‌رگاكان پڕ كراوه له تانك و تۆپ، ئاسمان ڕه‌ش بووه له هه‌لیكۆپته‌ر، له كۆڵان به‌ده‌یان مونشه‌ئه و پاس راوه‌ستاون، به‌رخۆ به‌شڵه‌ژانێكی زۆر و له‌به‌رخۆیه‌وه:
-ئای خوایه ئه‌مه چی ڕوو ده‌دات!
ده‌نگی چه‌تۆی دراوسێ دێت، به سه‌ربازه‌كان ده‌ڵێ: چیتان له ئێمه ده‌وێت؟
- وه‌ره ده‌ره‌وه! ده‌زانین چه‌ندان جار هاوكاری پێشمه‌رگه‌ت كردووه، ئێوه هه‌موو موخاربن.
چه‌تۆ ده‌گرن، زۆر هه‌وڵ ده‌دات له ده‌ستیان ڕاكات هیچی بۆ ناكرێت، هه‌رچی بكات ناتوانێ له ده‌ستیان ڕزگاری بێت، چونكه ده‌وروپشتی ھه‌مووی عه‌سكه‌ره، به چه‌ك ده‌كێشن به‌سه‌ریدا، ده‌ستی ده‌به‌ستنه‌وه، جلی خه‌وتنی له‌به‌ره، نانی به‌یانیی نه‌خواردووه، به ده‌نگێكی به‌رزه‌وه هاوار ده‌كات:
به‌رخۆۆۆ.. منیان برد خۆت ڕزگار بكه ئه‌وانه زاڵمن.
جارێكی تر ده‌كێشن به سه‌ریدا، به‌ڵام له ھاوار ناكه‌وێت:
ده‌زانم ناگه‌ڕێینه‌وه، ده‌زانم هه‌ر كه‌سێ بكه‌وێته ده‌ستیان له‌ناوی ده‌به‌ن، ڕاكه به‌رخۆۆ.. ئه‌گه‌ر قورتار بووی منداڵه‌كانم ئامانه‌تی تۆن تكایه ئاگات لێیان بێت، بچووكن با گه‌وره‌بن ڕۆژێك دێت ناوی من به‌وانه‌وه سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه.
-ئه‌وه چییه به‌سه‌رمان دێت خودایه! به‌رخۆ واده‌ڵێت و به‌په‌له‌پرووزێ و شڵه‌ژاوی ده‌گه‌ڕێته‌وه لای پۆڕێ، پۆڕێ ده‌ستی به‌رخۆ ده‌گرێت و به‌ده‌سته‌كه‌ی تر سۆره‌گوڵه‌كه ھه‌ڵده‌گرێته‌وه، ئاگای له هیچ نه‌بووه:
-ئه‌م گوڵه بۆنخۆشه‌ت له كوێت هێنا؟ نه‌كا بڵێی له جوانیی تۆ ده‌چێت؟ ده‌ی با نان بخۆین، با دره‌نگ نه‌كه‌ویت له كاره‌كه‌ت، ئێواره هاوڕێكانیشت له‌گه‌ڵ خۆت بێنه خوانێكی خۆشتان بۆ ده‌ڕازێنمه‌وه.
به دڵێكی پڕه‌وه له چاوانی پۆڕێ ده‌ڕوانێت:
-ڕه‌نگه ئه‌مه دوا خوان بێت پێكه‌وه بخۆین پۆڕا من!
پۆڕێ له مه‌به‌ستی ناگات:
-تۆ چی ده‌ڵێی به‌رخۆ؟ ده‌زانی زۆرم خۆش ده‌وێیت؟ لاوێ من تێر بخۆ با برسیت نه‌بێ، زۆر خۆت هیلاك ده‌كه‌ی، دنیا ئه‌ونده ناهێنێت هه‌ر ئه‌ونده‌یه بژین و وا ده‌شبینی خۆش ده‌ژین.
وه‌ك ئه‌وه‌ی ھیچ نه‌بووبێ پۆڕێ به‌رده‌وام ده‌بێ:
ده‌زانم له‌به‌ر من هێنده خۆ ماندوو ده‌كه‌ی، چیتر به‌م شێوه‌یه قبووڵ ناكه‌م. ئه‌رێ دونێ شه‌و چیتان كرد تۆ و چه‌تۆ؟
-بۆچی؟
-ئه‌ی هه‌موو جار له شه‌ودا هاوكارییه‌كانتان ناگه‌یه‌نن به بازۆ؟
-من و چه‌تۆ چووین بۆ بناری چیا، به‌ڵام بازۆ نه‌هات، زۆر چاوه‌ڕێ بووین و ئێسته‌ش نه‌مانزانی بۆ نه‌هات! ده‌ترسم شتێك ڕووی دابێت.
-شتی وه‌ك چی؟
- خودا نه‌كات شه‌هید كرابێت، ھه‌رچه‌نده له پێناو نیشتمان ھه‌موومان مه‌رگمان وا له‌پێش خه‌باته و سڵ ناكه‌ینه‌وه.
-نا به‌رخۆ، بازۆ زۆر دلێر و ئازایه، پێم وانییه هیچی به‌سه‌ر هاتبێت.
زرم! زرم! زرم! زرمه‌ی پۆستاڵ گفتوگۆكانیانی پچڕاند.
-هه‌سته ده‌نگێكی سه‌یر دێت!
-ده‌نگی پۆستاڵه!
له‌ناكاو چوار عه‌سكه‌ری پۆستاڵ له‌پێ خۆیان به به‌ژووردا كرد، سه‌رده‌سته‌كه‌یان به نه‌ڕه و ھاواره‌وه:
- مه‌جووڵێن! ئێوه باسی ژوان و هاوكاری و به‌خشین ده‌كه‌ن! یه‌ڵا ئه‌و تێكده‌ره ببه‌ن.
قۆڵی به‌رخۆیان گرت، به‌رخۆ به‌چاوی پڕ له گریان:
ئازیزم ئه‌وه دوا خوانی من و تۆ بوو، دوا دیدار بوو، ره‌نگه تاهه‌تایه نه‌تبینمه‌وه. چاره‌نووسمان نادیاره، نازانم چیمان به‌سه‌ر دێت، به‌ڵام ھه‌رچی ببێ ئاگاداری خۆت به، ئاگاداری گوڵه‌كان به، بۆ هه‌میشه سۆره‌گوڵ بپارێزه با منت بیر بێنێته‌وه، یادگاریی من و تۆ ئه‌م گوڵه‌یه تكایه با نه‌چرمسێ، هه‌رده‌م به گه‌شاوه‌یی بمێنه‌وه ئازیزم.
پۆڕێ به شین و گریانه‌وه:
- به‌رخۆ ئه‌مه چی ڕوو ده‌دات! خودایه بۆ به‌ختی من ڕه‌ش ده‌بێت، بۆ كوێی ده‌به‌ن؟ ئه‌و بێ تاوانه، به‌رخۆ بێ تاوانه وازی لێ بێنن له‌سه‌ر خاك و وڵاتی خۆیه‌تی، هیچی نه‌كردووه بۆ واده‌كه‌ن كراسی فیراق به زۆری له‌به‌ر من ده‌كه‌ن، به‌رگه‌ی دووری به‌رخۆ ناگرم تكایه بۆ خاتری خودا....
سه‌رده‌سته‌كه‌یان بێ به‌زه‌ییانه ھاوار ده‌كات:
-بێ ده‌نگ به! ئه‌گه‌ر نا به گولله ده‌تكه‌ینه بێژنگ، یه‌ڵا بیهێنه ده‌ره‌وه.
به‌رخۆ چاوی سوور هه‌ڵگه‌ڕاون، خه‌ریكه لێڵایی چاوانی دابێت، ته‌نیا سۆره‌گوڵ ده‌بینێت، بۆنی له‌ناو جه‌سته‌و خوێنی‌دا ده‌خولێته‌وه، ئاخێك ھه‌ڵده‌كێشێت و ئێسته تێده‌گات بۆچی بازۆ نه‌هاته ژوان.
دوو عه‌سكه‌ر ملی به‌رخۆ ده‌گرن به‌ره‌و لای پاس و مونشه‌ئه‌كانی ده‌به‌ن، به‌رخۆ سه‌یر ده‌كات هه‌موو خزم و دۆست و هاوڕێكانی له مونشه‌ئه‌دان، ژن و منداڵ له دووره‌وه زیڕه‌و هاواریانه، قیژه‌یان تا عه‌رشی ئاسمان به‌رز ده‌بێته‌وه، هه‌واری دایكان له كێوه‌كانه‌وه زم ده‌داته‌وه. دایكی به‌رخۆ ده‌بینێت دوو عه‌سكه‌ر ملی به‌رخۆیان گرتووه ده‌یبه‌ن به‌ره‌و پاسه‌كان. هاوار ده‌كات:
-خودا چۆن لێتان قبووڵ ده‌كات، زاوای چه‌ند ڕۆژێكه، بێ تاوانه، بۆ كوێی ده‌به‌ن، لێیگه‌ڕێن، به‌رخۆیێ دایێ نه‌به‌ن، جه‌رگێ دایێیه به‌رخۆ.
سواری پاسی ده‌كه‌ن، چه‌تۆی هاوڕێی له پاسه‌كه‌دایه، بانگی ده‌كات:
-به‌رخۆ وه‌ره بۆ لای من.
له پاڵ یه‌ك داده‌نیشن:
به‌رخۆ چیمان به‌سه‌ر دێت؟
-نازانم دڵم زۆر ته‌نگه خودا یار و یاوه‌رمان بێت.
-گوێت له ده‌نگی من بوو؟
-ئه‌رێ.
-ئه‌ی بۆ خۆت نه‌شارده‌وه خۆت قورتار نه‌ده‌كرد؟
-هیچ ده‌رفه‌ت نه‌بوو، نه‌تبینی چه‌ند هێز و چه‌كیان هێناوه، دوێنێ شه‌و به‌لامه‌وه سه‌یر بوو كه بازۆ نه‌هات بۆ ژوان، له‌و كاته‌وه ناره‌حه‌ت بووم زانیم شتێك ده‌بێت!
له جامه‌كه‌وه سه‌یری ده‌ره‌وه ده‌كه‌ن، خه‌م به ڕووخساریانه‌وه ده‌بارێت.
-چه‌تۆ چی بكه‌ین؟
-هیچمان بۆ ناكرێ.
-هه‌وڵ بده‌ین خۆمان ڕزگار كه‌ین؟
-ئه‌وه ئه‌سته‌مه به‌رخۆ، ده‌مانكوژن، نابینی چۆن وه‌ستاون، هه‌رچی هێزه لێره و له ده‌وروبه‌رمانه، ته‌نانه‌ت ئاسمانیشیان تۆخ كردووه، ئێمه‌ش ته‌بای ئه‌و هه‌موو كه‌ڵه‌پیاوانه‌ی له پێناو نیشتمان مه‌رگی خۆیان به‌خشی، چی ده‌بێت با ببێت، خۆ له مێژه په‌یمانمان داوه بۆ ئه‌م خاكه مه‌رگمان له پێشمان بێ..
-چه‌تۆ! براكه‌م بیرم هه‌ر لای بازۆیه چۆن ده‌ژیت و كێ هاوكاریی ده‌كات؟
خه‌می بازۆت نه‌بێ، ڕۆژێك دێت نیشتمان ڕزگار ده‌كه‌ن، منداڵه‌كانمان گه‌وره ده‌بن، باشتر له ئێمه تێده‌كۆشن، ژنه‌كانمان نازناوی شێره‌ژن وه‌رده‌گرن، هیچ خه‌مت نه‌بێت.
سه‌یری به‌رخۆ ده‌كات، قووڵ ڕاماوه، ته‌مێكی چڕی خه‌مێكی سه‌خت له چاوانیدا چه‌شنی ئاگرێك كڵپه‌ی داوه.
-براكه‌م به‌رخۆ بۆ وا داماوی؟ هه‌سته سه‌ر پێ بزانه كێی تریان هێناوه.
به‌رخۆ هه‌ستا، پۆڕێی بینی، دوو ترمزی به‌ده‌سته‌وه‌یه، یه‌ك هی چا بوو، یه‌ك ئاوی سارد، گوڵێكی وشكی زه‌ردیش له باخه‌ڵیدا دیاره، ره‌شیی كراسه‌كه نه‌یتوانیوه گوڵه‌كه بشارێته‌وه.
پۆڕێ له پاسه‌كه سه‌ركه‌وت:
-به‌رخه گه‌رمایه، ئاوی سارد و چام بۆ هێناوی، ده‌زانم زۆر حه‌زت له چایه به‌په‌له ئاماده‌م كرد و هێنام، هانێ ئه‌م گوڵه زه‌رده بگره بیكه ھاوسه‌فه‌رت، تا ده‌مێنم به ئومێدی گه‌ڕانه‌وه‌ت ده‌ژیم.
به‌رخۆ هێدی له نتو مونشه‌ئه له‌پاڵ چه‌تۆی هاوڕێی دانیشت و هه‌ر بۆنی زه‌رده‌گوڵی ده‌كرد، به خه‌یاڵ گه‌ڕایه‌وه تافی منداڵیی له گوند و یاده‌وه‌ریی خۆی ھه‌ڵڕشت:
چه‌ند خۆش بوو ئه‌و ساته‌ی ئه‌م گوڵه‌م له‌ناو سروشتێكی جوان و له كاره‌وانی پێشكه‌شی پۆڕێ كرد.
-پۆڕێ به‌یانی ده‌بێت زوو له خه‌و هه‌ستین، چونكه زۆر دوور ده‌كه‌وینه‌وه له گوند، ده‌چین بۆ له‌وه‌ڕاندنی كاره‌كان، باوكی تۆ و باوكی منیش ده‌چن بزنه‌كان ده‌له‌وه‌ڕێنن.
- باش زوو هه‌ڵده‌ستم.
سپێده‌یه، گوڵه‌كان له خۆشیی وزه‌ی تیشكی خۆر ده‌شنێنه‌وه، باڵنده‌كان جریوه‌یانه، به‌رخۆ بانگی پۆڕێ ده‌كات:
-كاره‌كان بێنه ده‌ره‌وه بابڕۆین.
-هاتم هاتم.
-به‌رخۆ ده‌بێ هێدی بڕۆین، نابێت كاره‌كان تێكه‌ڵ به بزنه‌كان ببن، ئه‌گه‌ر نا شیری دایكان هه‌مووی ده‌مژن و هیچ بۆ ئێمه نامێنێت.
-وای! تۆ زۆرباش ئه‌مه ده‌زانی!
-باوكم پێی گوتم.
-ئێمه ده‌چین بۆ مێرگ و بناری چیا، ئه‌وێ له‌وه‌ڕی زۆر باشی لێیه.
-به‌رخۆ تۆ هه‌موو شوێن شاره‌زایت؟
-به‌ڵێ، له‌گه‌ڵ باوكم زۆرجار چوومه.
-منیش هه‌موو شوێن ده‌زانم چونكه له‌گه‌ڵ باوكم زۆر گه‌ڕاوم، به‌رخۆ ئه‌وه نیوڕۆیه با هه‌موویان مه‌خه‌ڵ بكه‌ین، بلووله‌كه‌ت ده‌ربهێنه بۆیان بژه‌نه منیش سه‌ره‌خه‌وێك ده‌شكێنم، زۆر هیلاكم.
-باشه پۆڕ، بخه‌وه خه‌وێكی خۆش.
ده‌نگی بلوول تێكه‌ڵ به ده‌نگی باڵنده‌كانی ناو سروشت ده‌بێت، به‌ناو دۆڵ و نهاڵ و جوانیی سروشت و تاشه به‌رد و داربه‌ڕوو و مازیدا زمه‌ی ده‌هاته‌وه، هه‌موو جوانییه‌ك له یه‌ك وێنه‌دا ئاوێته‌ی یه‌كتر بوو: دوو لاو ئه‌ڤین ده‌چێنن. تا ده‌هات جوانیی پۆڕێ له دڵی به‌رخۆدا زیاتر ده‌بوو، ئاوێنه‌ی ئه‌ڤینی ڕاسته‌قینه‌ی پڕ دڵ ده‌بوو، هه‌موو ئاوازێكی ئه‌ڤینداری به بلووله‌كه‌ی ده‌ژه‌ند، به چاوی دڵ جوانی عه‌شقی ده‌دیت، هه‌رچی جوانیی دنیا هه‌یه له‌ناو رووخساری پۆڕێی به‌دی ده‌كرد، هێدی هێدی ئاوازی نه‌رمی ده‌ژه‌نی، چه‌ندان جۆره باڵنده‌ی له‌سه‌ر گه‌ڵا و لقه‌كانی داره‌كه كۆ بووبوونه‌وه، گوڵه‌كانیش به‌و ئاوازه گه‌شابوونه‌وه، كاره‌كانیش له‌ژێر سێبه‌ری داربه‌ڕووه‌كه‌دا ده‌وره‌یان دابوون، دیار بوو دڵشاد بوون به‌م دۆخه.
هێدی هێدی به‌رخۆ سه‌ری پۆڕێی بڵند كرد، جۆڕكه‌كه‌ی له‌ژێر سه‌ری دانا، به‌ره‌و لای گوڵه ڕوونه‌كان چوو، چه‌پكێك گوڵی چنی، ورده ورده گه‌ڕایه‌وه ژێر داربه‌ڕووه‌كه و له‌پاڵ سه‌ری پۆڕێی دانا، بۆنێكی خۆش و سیحراوی به‌به‌ر لووتی پۆڕێدا چوو، له خه‌وێكی قووڵدا بوو، به‌ڵام هه‌ناسه‌یه‌كی درێژ و ئارامی هه‌ڵمژی، ھێدی ھێدی سه‌ری بڵند كرد، بۆنی عه‌شق و ئه‌ڤینی ڕاسته‌قینه‌ی هه‌ڵمژته‌وه، چه‌پكه گوڵه‌كه‌ی به‌ده‌سته‌وه گرت و قووڵ بۆنی كرد و له باخه‌ڵی نا.
به‌رخۆ ئه‌ڤیندارانه سه‌یری ده‌كرد و شه‌رمێكی منداڵانه سه‌ر رووخسار و زمانی گرتبوو، چه‌په‌ری شه‌رمه‌كه‌ی شكاند:
-پۆڕێ؟
-به‌رخۆ
-پۆڕێ زۆۆ....
-چی؟ زۆۆ چییه به‌رخۆ؟
-پۆڕێ زۆرم خۆش ده‌وێی زۆۆۆر
ئه‌ڤین لای ھه‌ردووكیان چه‌كه‌ره‌ی كردبوو، نیشتبووه سه‌ر دڵیان، پۆڕێ به‌ھه‌مان شه‌رمی به‌رخۆ:
منیش به‌رخۆ...منیش.
-به‌رخۆ ئه‌وه چی ده‌ڵێی وا له‌به‌ر خۆت قسه ده‌كه‌یت و زه‌رده‌خه‌نه دێنه سه‌ر لێوت! ده‌زانی ئێمه وا به‌ره‌و مه‌رگ ده‌ڕۆین! خه‌یاڵت بۆ كوێ ڕۆیشتووه براكه‌م ماڵئاوایی له پۆڕێ بكه، پێی بڵێ به‌هێز و خۆڕاگر بێ.
-چه‌تۆ گیان ده‌زانی ئه‌م چه‌پكه‌گوڵه هی چ سه‌رده‌م و ساتێكه؟
-نه‌خێر به‌رخۆ براكه‌م.
ھی كاتی یه‌كه‌م ژوانی خۆشه‌ویستیمه له‌گه‌ڵ پۆڕێ، كاتێ پێكه‌وه له گوند كاره‌كانمان ده‌برده مێرگ و له‌وه‌ڕگاكان، كاره‌وان بووین كاره‌وان، ئه‌و كاتم بیرهاته‌وه بۆیه ئاگام له خۆم نه‌ما.
- ئه‌وه پاسه‌كه به‌ڕێ كه‌وت، نازانین بۆ كوێ ده‌مانبه‌ن، ڕه‌نگه له جێیه‌ك كۆمان بكه‌نه‌وه تا بمانكه‌ن به عه‌سكه‌ر، یان كه‌سێكی گه‌وره‌یان هاتووه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ندێك ڕێنوێنیمان بكات.
-هیچ باوه‌رم به‌م ده‌سته‌ڵاته نییه، ئه‌وان دژی خاك و زمان و كولتووری ئێمه‌ن، چه‌تۆ ئه‌وانه زاڵمن زۆر ده‌ترسم هه‌موومان له ناو ببه‌ن!
-به‌رخۆ ئێره ڕێی به‌غدایه، له به‌غدا نزیك ده‌بینه‌وه، بیرت دێ جارێ پێكه‌وه هاتین له‌سه‌ر لێواری زیێ دیجله نانمان خوارد؟
-به‌ڵێ بیرمه، ئه‌و كاته هه‌ندێك قوماشمان كڕی بۆ بازۆمان برد و نامه‌یه‌كمان لێره پێ گه‌یشت.
ده‌نگی عه‌سكه‌ره‌كان چه‌تۆ و به‌رخۆ له‌ناو ئه‌و یاده‌وه‌رییانه دێننه‌ده‌ر، ده‌گه‌نه ناوشار، عه‌سكه‌ره‌كان له جامی پاسه‌كانه‌وه ھاوار ده‌كه‌ن:
هه‌موویان پێشمه‌رگه‌ن، پێشمه‌رگه‌مان نه‌هێشتن، هه‌موویان له‌ناو ده‌به‌ی، قه‌تل و عامیان ده‌كه‌ین، ئه‌وه سه‌ركه‌وتنی ئێمه‌یه و به‌چاوی خۆتان بیبینن ھه‌ر كێ خیانه‌ت بكات ئه‌نجامی وه‌ك پێشمه‌رگه ده‌بێت.
-چه‌تۆ! براكه‌م بۆنی خوێن له‌م خاكه دێت!
مه‌عاف مه‌ناف