ئەوانەی ڤاكسینیان وەرگرتووە ڤایرۆسی كۆرۆنا دەگوازنەوە

:: PM:09:32:31/07/2021 ‌

تا دێت بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا زیاتر دەبێت، سەرەڕای پەرەپێدانی چەند جۆرێكی جیاواز و كاریگەری ڤاكسین، جیا لە هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی پەتاكە، بەڵام گەورەترین كێشەی بەردەم هەوڵەكانی رووبەڕووبوونەوەی، خۆگۆڕینی ڤایرۆسەكە و وەرنەگرتنی ڤاكسین و پابەن نەبوونە بە خۆپارێزی.

توێژینەوەیەكی نوێ دەری دەخات كە تیرەی دەلتای ڤایرۆسی كۆرۆنا لەلایەن ئەوانەی ڤاكسینیان وەرگرتووە و ئەوانەیشی وەریان نەگرتووە، بە هاوشێوە لە لەشیاندا بەرهەم هاتووە، وەك لە راپۆرتێكی تۆڕی هەواڵی "سی ئێن ئێن"، هاتووە. ئەوەیش مانای ئەوەیە كە ئەوانەی كوتراون بەهاوشێوەی ئەوانەی نەكوتراون، ڤایرۆسەكە دەگوازنەوە.
بۆ پاراستنی كەسانی بەتەمەن و نەخۆش پێویستە ماسك ببەشترێت
روشیل والینسكی، بەڕێوەبەری سەنتەری ئەمەریكی بۆ نەهێشتنی نەخۆشییەكان و خۆپاراستن لێیان دەڵێت، زیادبوونی مەترسیی گواستنەوەی تیرەی دەلتای ڤایرۆسی كۆرۆنا ئاماژەیە بەوەی كەسانی ڤاكسینیان وەرگرتووە، توانای گواستنەوەی ڤایرۆسەكەیان بۆ كەسانی تر هەیە، لەوكاتەی پێشتر شارەزایانی تەندروستی رایان گەیاندبوو كە وەرگرتنی ڤاكسین ئەگەری گواستنەوەی ڤایرۆسەكە زۆر كەمتر دەكاتەوە.

بۆیە ئەو توێژینەوە نوێیە ئاماژە دەكات كە ئەو قسە بۆ تیرەی دەڵتا جێبەجێ نابێت، ئەوەیش وای كرد كە شارەزایانی تەندروستی لە ئەمەریكا بەپێویستی بزانن خەڵكەكە لە شوێنە داخراوەكاندا ماسك ببەستن بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی تیرە نوێیەكە، كە بە خێرایی بڵاوبوونەوە دەناسرێت. والینسكی داوا لە هاووڵاتییانی ئەمەریكا كرد بە پێویستی گەڕانەوە بۆ بەستنی دەمامك لە شوێنە داخراوەكاندا، ئەوانەیشی ڤاكسینیان وەرگرتووە، پێویستە ئەوانیش بۆ نەگواستنەوەی ڤایرۆسەكە بۆ كەسوكاریان، بەتایبەتی كەسانی بەتەمەن و نەخۆش، كە بەرگری لەشیان لاوازە، دەبێت ماسك ببەستن.

لای خۆیەوە ئەنجیلا راسمۆسن، توێژەر لە رێكخراوی ڤاكسین و نەخۆشییە پەتاییەكان لە كەندا دەڵێت، وەرگرتنی ڤاكسین باشترین خۆپارێزییە لە كۆرۆنا، لەوانەیش تیرەی دەلتا، هاوكات بەستنی ماسك هێشتا پێویستە، ئەگەرچی زیاترین رێژەی تووشبوون لەنێوان ئەواەیە ڤاكسینیان وەرنەگرتووە، بۆیە ئەوان زیاتر مەترسیان لەسەرە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل