چاودێریكردنی چێشتخانەكان زیاد دەبێت

:: AM:11:31:03/08/2021 ‌
قایمقامی هەولێر ڕای دەگەیەنێت، چاودێریكردنی چێشتخانەكان بەردەوامە و هەر شوێنێك ڕێنوێنییەكان جێبەجێ‌ نەكات، دادەخرێت و كرێكارانیش دەبێت كارتی تەندروستییان هەبێت.

ئەمڕۆ سێشەم سێی ئاب، نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی هەولێر، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەهۆی پابەند نەبوون بەمەرج و رێنوێنییەكان، سێ‌ رێستورانت و چێشتخانە لە هەولێر داخران .

زیاتر گوتی، لیژنەی پشكنین و چاودێری بازاڕ، بەردەوامن لە چاودێریكردنی شوێنەكان و بەهۆی پابەند نەبوون بە مەرج و ڕێنوێنییەكانی تەندروستی و نەبوونی مۆڵەت و كارتی تەندروستی و مۆڵەتی گەشتیاری، سێ‌ رێستورانت و چێشتخانە داخران.

باسی لەوەش كرد،، ئێمە ئامانجمان لە پشكنین و بەدواداچوونمان لەپێناو پاراستنی تەندروستی و سەلامەتی هاووڵاتییان و دڵنیابوونە لە جێبەجێكردنی مەرج و ڕێنوێنییەكان.

ڕوونی كردەوە، چەند شوێنێكیش سەرپێچییان هەبوو، تۆمار كران و هۆشدارییان پێ درا، بەپێی یاسا كاردانەوە بەرانبەر خاوەنەكانیان دەكرێت.

ئەو هەنگاوەی قایمقامی هەولێر لە كاتێكدایە، ئێستە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كارتی تەندروستی لە چێشتخانە و ڕێستورانتەكان، بەدواداچوونی زۆری بۆ دەكرێت و پێویستە هەر كرێكارێك كارتی تەندروستی دڵنیایی هەبێت كە هیچ نەخۆشییەكی نەبێت.

هەولێر/ فەیسەڵ شێخانی











وشە - رامیار جەواد