كچانی لبنان كەمپێنی "بمخوازە، مارەییم ناوێ" رادەگەیەنن

:: PM:03:02:02/09/2021 ‌
كچانی لبنان بۆ پێشوازی لە شووكردن و دابەزاندنی ئەركی هاوسەرگیری و هاندانی كوڕان بۆ پێكهێنانی ژیانی هاوسەگیری، كەمپینێكیان لە ژێر ناوی "تزوجنی بدون مهر" راگەیاند.

 لە لبنان گەنجێكی زۆر هەن كە كاتی هاوسەرگیرییان هاتووە، بەڵام لەبەر گرانیی خەرجییەكانی هاوسەرگیری و تێچووی مارەیی و كۆمەڵێك ئەركی تری دارایی، كوڕان ئامادە نین هاوسەرگیری بكەن، ئەمەش دواجار بە زیانی كچانیش شكاوەتەوە و ژمارەیەكی زۆری كچ لەو وڵاتە خەریكە قەیرە دەبن.

بەشێك لە كچان رچەشكێنییان كردووە و بە رێكخستنی كەمپینێك، دەیانەوێ ئەو بەربەستە داراییانە لابەرن كە لە بەردەم هاوسەرگیری هەن، گرنگترینیان تێچووی مارەییە، بۆیە لە كەمپینەكەیاندا داوای شووكردنی بێ مارەییان كردووە.

هەشتاگێكیشیان لە ژێر هەمان دروشم لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كردووەتەوە


ئەوان هەر بۆ ئەو مەبەستە هەشتاگێكیشیان لە ژێر هەمان دروشم لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كردووەتەوە و لەلایەن خەڵك بەتایبەتی گەنجانەوە پێشوازیی لێ كراوە.

لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، بەشێك لە گەنجان دڵخۆشی خۆیان دەربڕیوە و بە دانانی ڤیدیۆ و وێنەی سەرنجڕاكێش و هەندێك جاریش بۆ پێكەنین پێشوازییان لەو هەڵمەتە كردووە.

دیاردەی گرانیی خەرجییەكانی هاوسەرگیری تایبەت نییە بە كۆمەڵگەی لبنان بەڵكوو لە كۆمەڵگەی وڵاتانی تری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دەبینرێت.

لە كۆمەڵگەی كوردستانی خۆشمان كەم نین ئەو گەنجانەی كە لە تەمەنی هاوسەرگیریدان، بەڵام لەبەر خەرجییەكانی مارەیی و داواكاری  زۆر لەلایەن كچان، كوڕان ئامادە نین هاوسەرگیری بكەن و ئەوەش هۆكار بووە لە هەرێمی كوردستانیش ژمارەی كچانی قەیرە ساڵ بە ساڵ زیاد بكات.



وشە - سلێمان تاشان