ئەمڕۆ لە بەنداوی سماقوڵی سه‌ر به شارۆكه‌ى كۆیه دوو هاووڵاتیی خنكان و دوو کەسی تریش لە خنكان ڕزگار كران، ئه‌مه‌یش له كاتێكدایه بەپێی ڕێنماییەکانی بەرگریی شارستانی مەلەکردن لە بەنداوەکان قەدەغەیە، به‌ڵام هاووڵاتییان گوێ به یاسا و ڕێنماییه‌كان ناده‌ن و گیانى خۆیان ده‌خنه مه‌ترسى.
ئه‌مڕۆ هه‌ینى سێى ئهیلوول، عەقید گۆران ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی كۆیە له ڕاگه‌یانراوێكدا بڵاوى كردووه‌ته‌وه، "ئه‌مڕۆ سه‌عات 8:30ی سەر لە بەیانی، دوو گەنجی دانیشتووی شارى هەولێر بە ناوەکانی (هیوا عومەر) تەمەن 30 ساڵ، کە فەرمانبەر بووە، هه‌روه‌ها (یوسف شوکر مامە)، تەمەن 20 ساڵ، کە کاسبکارە لە بەنداوی سماقوڵی خنکان".
ڕوونى كردووه‌ته‌وه، "چەند خێزانێك بوونه بەمەبەستی سەیران چوونەتە کەناری بەنداوی سماقوڵی و چەند كەسێكیان لە بەنداوەكە دەستیان بەمەلە كردووە، دواتر ئه‌و ڕووداوه ڕووى داوه".
ئاماژه‌ى داوه، "تەرمەكان لەلایەن بەرگریی شارستانی كۆیەوە دەرهێنران و ڕەوانەی پزیشكی دادوەری كراون، هاوکات دوو گەنجی تریش لە خنكان ڕزگار کراون له به‌نداوه‌كه".