ژنێك دزی لە چەند ماڵێك دەكات

:: AM:09:36:14/09/2021 ‌
بەرپرسێكی پۆلیسی سلێمانی ڕای دەگەیەنێت، تۆمەتبارێك گیراوە كە دزی لە چەند ماڵێك كردووە و لە دواین تاوانیشی، ژنێك بێ‌ هۆش دەكات و زێڕەكانی دەدزێ.

ئەمڕۆ سێشەم 14ـی ئەیلوول، سەركەوت ئەحمەد گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، پۆلیسی سلێمانی دزێكیان گرتووە كە دزی لە چەند ماڵێك كردووە.

زیاتر گوتی، پاش تۆماركردنی سكاڵای یاسایی لەلایەن هاووڵاتییەك كە لە ماڵەكەی خۆی بێ هۆش كراوە و دواتر زێڕەكانی دزراوە، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانیان دەست پێ كرد.

باسی لەوەش كرد، توانرا تۆمەتبارێك بەناوی "ج، خ، ت" لەدایكبووی 1970 بگرن، لە بەردەم دادوەردا ددانی بەتاوانەكەیدا ناوە كە چەند جارێك و لە چەند ماڵێكدا زێڕی دزیبوو.

ڕوونی كردەوە، تۆمەتبار بەناوی یارمەتیدان و هاوكارییەوە خۆی لەو ژنانە نزیك كردووەتەوە كە بەتەنیا ژیاون، دواتر خاوەن ماڵەكەی بێ هۆش كردووە و زێڕەكانی دزیوە. ئێستە تۆمەتبار بەبڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 443 ڕاگیراوە و لێكۆڵینەوەكان لەگەڵیدا بەردەوامە.



وشە - رامیار جەواد