بەفڕۆكە هێرش كرایە سەر حەشدی شەعبی

:: AM:08:58:15/09/2021 ‌
شەوی ڕابردوو لەلایەن فڕۆكەیەكی نەناسراو، هێرش كرایە سەر كاروانێكی حەشدی شەعبی لە سنووری عێراق و سووریا، تا ئێستە زیانەكانی هێرشەكە نەزانراوە و لایەنی هێرشكاریش نادیارە.

ئەمڕۆ چوارشەم 15ـی ئەیلوول، بەپێی ئەو زانیارییانەی لە پێگە عێراقییەكان بڵاو كراونەتەوە، شەوی ڕابردوو كاروانی ئۆتۆمبێلەكانی حەشدی شەعبی لە ناوچەیەكی سنووریی نێوان عێراق و سووریا، لەلایەن فڕۆكەیەكی نەناسراوەوە كرایە ئامانج.

هێرشەكە لەڕێی چوار مووشەكەوە بووە
باس لەوەش كراوە، لە بۆردمانی ئەو فڕۆكەیە دوو ئۆتۆمبێلی چەكدارانی حەشد پێكراون و ئۆتۆمبێلەكان بەتەواوی سووتاون، هەروەها میدیاكانی حەشدی شەعبی بڵاویان كردووەتەوە، ئەمەریكا ئەو هێرشەی ئەنجام داوە، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە زیانە گیانییەكانی ئەو بۆردمانە بكەن.

ئەوەیش ڕوون كراوەتەوە، تا ئێستە ئەو فڕۆكەیەی هێرشەكەی ئەنجام داوە، نەناسراوە و هێرشەكە لەڕێی چوار مووشەكەوە بووە و زیانیش هەیە.

ئەنجامدانی ئەو هێرشە لە كاتێكدایە، ئەمساڵ ئەوە سێیەم كاروانی حەشدی شەعبییە لەو ناوچەیە دەكرێتە ئامانج، جاری ڕابردوو لە مانگی ئایار و لە هێرشێكدا، پێنج ئەندامی حەشدی شەعبی گیانیان لە دەست دا و 13 تریش بریندار بوون.



وشە - رامیار جەواد