چەواشەكارییەك ئاشكرابوو

:: AM:10:58:15/09/2021 ‌
به‌رپرسی لقی 16ـی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، لەلایەن چەند كەس و میدیایەك، قسەكانی منیان شێواندووە و هەمیشە ئامانجی پارتی ئاشتی و دووركەوتنەوە لە شەڕە.

ئەمڕۆ چوارشەم 15ـی ئەیلوول، بڵند ئیسماعیل بەرپرسی لقی 16ـی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا كه‌ كۆپییه‌كی‌ بۆ بە "وشە" ناردووه‌ رای‌ گه‌یاند، ژمارەیەك لە میدیاكان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، ناوەڕۆكی قسەیەكی منیان دەستكاری كردووە و شێواندوویانە، بە جۆرێك بڵاویان كردووەتەوە كە خوێنەر وا تێبگات مەبەست لەو قسانە ئەوەیە كە ئەگەر پارتی لە هەڵبژاردندا یەكەم نەبێت، شەڕی ناوخۆ دروست دەبێت.
 
زیاتر گوتی، پارتی هەمیشە باوەشی بۆ لایەنەكانی تر كراوەیە و لە ماف و دەستكەوتی خۆی دەبەخشێتە ئەوانی تر، بۆ ئەوەی هەموو بەیەكەوە شان بدەنەبەر بەرپرسیاریەتی و پێكەوە وڵاتەكە بەڕێوە ببەن.

باسی لەوەش كردووه‌، پێشتر كە حزبی تر هێزیان لە بەرژەوەندیی خۆیان دەبینی، هەمیشە بیریان لە شەڕ و نانەوەی ناكۆكی و پاوانخوازی دەكردەوە، بەڵام 25 ساڵە كە پارتی بووەتە حزبی ژمارە یەك، شەڕی ناوخۆ لەسەر دەستی سەرۆك بارزانی حەرام كراوە، چارەگە سەدەیەكە خەمی پارتی، بریتییە لە ئاشتی و ئاوەدانی و یەكڕیزی، بۆ ئەوەی ئەو ئاشتییەش بەردەوام بێت، پێویستە هەر پارتی بە حزبی ژمارە یەكی كوردستان بمێنێتەوە.

ڕوونی كردەوە، دڵنیان خەڵكی كوردستان پارسەنگی هێز لەلای پارتی دەهێڵنەوە و ئەوانەی خەون بە گێڕانەوەی پارسەنگی هێز دەبینن، لە دوای 10ی ئۆكتۆبەردا بۆیان دەردەكەوێت كە نەك نەگەیشتوونەتەوە بە پارتی، بەڵكو سەتان هەنگاوی تر لە پاشیان داوە.
 
"من بە ڕوونی گوتوومە بۆ ئەوەی لایەنەكانی تر شەڕ هەڵنەگیرسێنن و جارێكی تر خەون بەوە نەبینن حاكمی تاك و تەنیای ئەم هەرێمی كوردستانە بن، پێویستە خەڵكی كوردستان دەنگ بە پارتی بدەن و بیكەنەوە بە حزبی یەكەم، چونكە پارتی حزبێكە لە پێناوی كوردستاندا سازش لە مافەكانی خۆی دەكات و شەڕ و ئاژاوەی حەرام كردووە، بەڵام زۆر لایەنی تر هەن لە پێناو مەرامی خۆیان، دەست لە هیچ ئاژاوەیەك ناپارێزن"، بڵند ئیسماعیل له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌دا وا ده‌ڵێ‌. 



وشە - رامیار جەواد