فازڵ میرانی: ئێمە قسە بە كەس ناڵێین و قوتابخانەی بارزانی نەمرین

:: PM:01:50:15/09/2021 ‌
فازڵ میرانی سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، لە ململانێكانی بانگەشەی هەڵبژاردن، پارتی قسە بەهیچ لایەنێك ناڵێت و تایبەتمەندیی خۆی هەیە.

ئەمڕۆ چوارشەم 15ـی ئەیلوول، فازڵ میرانی سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستان، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە بانگەشە و ململانێ حزبییەكان بۆ هەڵبژاردنەكان، ئێمە قسە بە كەس ناڵێین و قوتابخانەی بارزانی نەمرین.

باشترە ئێمە ڕكابەری یەكتر بكەین لەسەر باشییەكانی یەكتر.
زیاتر گوتی، دەمانەوێ كۆمەڵگەی ئێمە پێڕەوی لە ڕەوشتی باش بكات و میلەتی خۆمان بە باشی پێشانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بدەین، هەروەها باشترە ئێمە ڕكابەری یەكتر بكەین لەسەر باشییەكانی یەكتر.

باسی لەوەش كرد، سەرۆك بارزانی و ڕەوشتی خۆشمان ڕێمان پێ نادات بە زمانی زبر لەگەڵ ڕكابەرەكانمان قسە بكەین، هەروەها بۆ ڕكابەرایەتی، دەچینە لای دەنگدەرانمان.

لەبارەی ڕێككەوتنی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ لایەنە  شیعەكان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار گوتی، تا ئێستە هیچ ڕێككەوتنێك نەكراوە و هیچ پۆستێك یەكلا نەكراوەتەوە، هەروەها ئەنجامی دەنگدان ئەوە یەكلا دەكاتەوە كێ‌ سەركەوتووە، بەڵام ئەوە یەكلا بووەتەوە كە سەرۆك كۆمار بۆ كوردە و سەرۆك وەزیران بۆ شیعە و سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ سوننە دەبێت.




وشە - رامیار جەواد