پیلان و چەواشەكارییەكانی پەكەكە دژی پێشمەرگە بەردەوامە

:: PM:12:18:16/09/2021 ‌
جارێكی تر پەكەكە بە پیلانەكانی دژی پێشمەرگەی كوردستان بە دانانی بۆمب و تی ئێن تی، ژمارەیەك پێشمەرگەی كردە قوربانی و دژایەتییەكانی پەكەكە بەرانبەر بە پێشمەرگە تا دێت زیاد دەكات. لە ماوەی رابردوودا 15 پێشمەرگە بەهۆی تی ئێن تی و هێرشەكانی پەكەكە شەهید بوون، هاوكات هەڵمەتێكی چەواشەكارییان دەست پێ كردووە.

سەردار مالوومەیی فەرماندەی پێشمەرگە، بە "وشە"ی راگەیاند، پەكەكە بەو كارانەی بەرانبەر بە پێشمەرگە، شەڕی خۆی بە ئاشكرا راگەیاندووە، ئەوەی پەكەكە دەیكات بەرانبەر بە هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە ناو خاكی هەرێم، تەنیا كاری دوژمنە و دوژمنانی كورد ئەوە دەكەن، بەڵام پەكەكە بە بەرگی كوردایەتییەوە لە ناو خاكی كوردستان ئەو كارە دەكات.

وادیارە پەكەكە لە ناو خاكی هەرێم ئامانجەكەی گۆڕیوە و خەبات دژی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستان دەكات.


ئەو گوتی، پەكەكە لە بری ئەو پیلانانەی كە بۆ پێشمەرگە دایدەنێت و ئەو بۆمب و تی ئێن تییانەی كە لە دژی پێشمەرگە دایدەنێت، با بچێت لە توركیا و باكور بەسەر توركیا تاقیی بكاتەوە، خۆ بە حیسابی خۆیان خەبات بۆ باكور دەكەن، بەڵام وادیارە پەكەكە لە ناو خاكی هەرێم ئامانجەكەی گۆڕیوە و خەبات دژی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستان دەكات.

ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە باسی لەوەش كرد، ئاشكرایە پەكەكە كار بۆ دەرەوە دەكەن و بە قسە و فیتی دوژمنان هەڵدەسووڕێن، هەرچییان پێ بگوترێ دەیكەن و درێغی ناكەن، ئەوان خۆیان خاوەنی خۆیان نین و هەر لە سەرەتای دروستبوونیانەوە بە فیتی وڵاتان كار دەكەن.

سەرانی پەكەكە بۆ ئەوەی دوژمنایەتی خۆیان لەگەڵ كورد و كوردستان بشارنەوە، چاوبەستی خەڵك و هاووڵاتییان بكەن، دەیانگوت بەهۆی پارتییەوە شەڕی براكوژی روو دەدات و توركیا بەنیازە ئەو شەڕە بە هەرێمی كوردستان بكات، لە كاتێكدا بارزانی شەڕی كورد لەگەڵ كوردی حەرام كردووە، لە دوای ئەو قسانە ئێستە پەكەكە هیچی بۆ نەماوەتەوە و ئەگەر شتێك روو بدات، خۆیان بەرپرسن و هۆكارن لە هەر حاڵەتێكدا.

ئازاد ئەكرەم سەرۆكی لیستی میلەت لە پەرلەمانی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، پەكەكە بۆ هەرێمی كوردستان هەمیشە زیان بووە، چەندان شوێنی بۆ خۆی داگیر كردووە و رێ نادات خزمەتگوزاری بگاتە ئەو شوێنانە. سەرەڕای ئەو زیانانەی كە لە رووی جیۆگرافیا و كۆمەڵایەتی و ئابووری بە گشتی لە هەرێمی كوردستانی داوە، هاوكات وەك دوژمنێكی پێشمەرگە مامەڵە دەكات و  بەردەوام لە دژی هێزی پێشمەرگە پیلان دادەڕێژێت، لە كاتێكدا ئەو خاكەی كە هەیە لە زاخۆوە تا خانەقین، پێشمەرگە خاوەنیەتی و قوربانی و خوێنی لە پێناو داوە.

پەكەكە لە ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان لە پێنجوێن و شارباژێڕ و ئامێدی هەیە، كاری سەرەكی پەكەكە لەو سنوورانە قاچاخی و وەرگرتنی سەرانەیە لە هاووڵاتییان، هەروەها ناوچەیەكی فراوانی وەك قەندیلی داگیر كردووە و رێ نادات هاووڵاتییان سەردانی بكەن و ئاژەڵدارەكانیش بە پارە دەچنە لەوەڕگەكان و كوێستانەكانی ئەو شوێنە.

مەلا وەیسی سەعید ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، "بوونی پەكەكە لە هەرێمی كوردستان نایاساییە و دەبێت بڕوات، ئەو هێرشانەی پەكەكە بۆ سەر پێشمەرگە بەتەواوی دەریخست كە ئەو گرووپە بە پیلان كار دەكات بۆ دروستكردنی ئاژاوە، دەیەوێت پێشمەرگە و هەرێمیش بهێنێتە ناو شەڕێكەوە كە هی ئێمە نییە."

ئەو باسی لەوەش كرد، لە ماوەی رابردوو بە سەدان كیلۆ "تی ئێن تی"یان بۆ پێشمەرگە داناوە، شەوی رابردوو ژمارەیەك پێشمەرگە بوونە قوربانی و جەرگی دایكانیان سووتاند و منداڵیان بێ باوك كرد.

نزیكەی 500 گوند لە هەرێمی كوردستان چۆڵیان كردووە


بەهۆی شەڕی پەكەكە و توركیا، تا ئێستە نزیكەی 500 گوند لە هەرێمی كوردستان چۆڵیان كردووە و ماڵوحاڵی خۆیان بەجێ هێشتووە و نەگەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان، ئەمە جگە لەوەی بە دەیان گوند وێران بوون و ماڵ و رەز و باخ و كشتوكاڵی هاووڵاتییان تێدا چوون، زۆربەی جاریش زیانی گیانی لێ كەوتووەتەوە.

سلێمانی/ هوشیار عەلی



وشە - سلێمان تاشان