كەشتییەكەی گۆڕان بە شۆفێر و سەرنشینەوە پێوەندی بە پارتییەوە كرد

:: PM:03:33:17/09/2021 ‌
خاوەنی ئەو ئۆتۆمبێلە گەورەیەی كە لە سەرووبەندی دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕاندا لایەنگرانی گۆڕانی هەڵدەگرت و بە گەرمیاندا دەسوڕایەوە و بانگەشەی بۆ گۆڕان دەكرد و میدیای گۆڕان بە "كەشتییەكەی گۆڕان" ناوی دەبرد، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە خۆی و تەواوی سەرنشینانی كەشتییەكەیەوە پێوەندییان بە ڕیزەكانی پارتییەوە كردووە لە گەرمیان.

شوان محەمەد ڕۆستەم، كاندیدی ژمارە 24ی پارتی لە گەرمیان هەواڵەكەی بۆ "وشە" پشتڕاست كردەوە و گوتی، "لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا خاوەنی كەشتییەكەی گۆڕان و تەواوی سەرنشینانی كەشتییەكەی و ژمارەیەكی زۆر لە خزمان و هاوڕێیانی پێوەندییان بە ڕیزەكانی پارتییەوە كردووە."

باسی لەوەكرد، "لە چەند ڕۆژی داهاتوو ئۆفیسێكیان بۆ دەكرێتەوە لە كەلار و بڕیاریشیانداوە كەشتییەكەیان بكەن بە ڕەنگى زەرد و بە ئاڵای پارتییەوە بانگەشەیەكی گەرم و بەرفراوان بكەن لە سنووری ئیدارەی گەرمیان."

بڕیارە ڕۆژی 10ی10ى2021، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت، لایەنەكانی هەرێمی كوردستان بەشدارییان تێدا كردووە و لە تێكڕای شارەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق بانگەشەی هەڵبژاردن دەستى پێ كردووە.

وشە/ کاروان کەلاری


وشە - محەمەد میران