گه‌نجێك له شارۆكه‌ی كه‌لاری ئیداره‌ی گه‌رمیان، له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆی لانه بۆ باڵنده‌كان دروست ده‌كات، كاره‌كه‌ی ڕوون ده‌كاته‌وه و زانیاری له‌سه‌ر پڕۆژه‌كه‌ی ئاشكرا ده‌كات.
ئه‌مڕۆ شه‌موو 18ی ئه‌یلوول، ئاسۆ ئه‌حمه‌د ئه‌و گه‌نجه‌ی له شارۆكه‌ی كه‌لاری ئیداره‌ی گه‌رمیان له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆی، لانه‌ی بۆ باڵنده‌كان دروست كردووه، به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، "سه‌ره‌تای پڕۆژه‌كه‌م له‌وه‌وه ده‌ستی پێ كرد، كاتێك بینیم گه‌راجی ناوخۆی كه‌لار ژماره‌یه‌كی زۆر باڵنده‌ی لێ ده‌ژین، به‌ڵام به‌هۆی نه‌گونجانی شوێنه‌كه‌وه، ڕۆژانه هێلكه و بێچووی ئه‌م باڵندانه تووشی فه‌وتان و له‌ناوچوون ده‌بوون".
ڕوونی كرده‌وه، "وه‌ك تاقیكردنه‌وه ژماره‌یه‌ك هێلانه‌ی ده‌ستكردم بۆیان دانا، دواتر بینیم باڵنده‌كان به‌كاری ده‌هێنن بۆ هێلكه و بێچوو، ئیتر هه‌ستم كرد كاره‌كه‌م ئامانجه‌كه‌ی پێكاوه و هه‌وڵم دا ژماره‌یه‌كی زیاتر هێلانه‌ی ده‌ستكرد له‌و شوێنه دابنێم."
ئاماژه‌ی دا، "هه‌رچه‌نده كارێكی بچووكه، به‌ڵام هیوادارم بڕواته چوارچێوه‌ی خزمه‌تێك به‌ژیانی باڵنده كێوییه‌كان. له هه‌مان كاتیش‌دا دیمه‌نێكی جوان و شارستانیش پێشانی ناوچه‌كه ده‌دات".
"بۆ قۆناغی داهاتوو پلانی گه‌وره‌ترم هه‌یه و به‌نیازم له ڕێی دروستكردنی تاوه‌ری به‌رزه‌وه، چه‌ندان جۆر هێلانه‌ی جیاواز بۆ جۆره جیاوازه‌كانی باڵنده له‌ناو باخچه گشتییه‌كانی كه‌لار دابنێم، به‌شێوه‌یه‌كی ستاندارد كه هیچی كه‌متر نه‌بێ له‌و كارانه‌ی كه له وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ باڵنده كێوییه‌كان ده‌كرێت." ئاسۆ ئه‌حمه‌د وای گوت.
ئاشكرای كرد، "ماوه‌یه‌كی زۆره حه‌ز به‌هاوڕێیه‌تی سروشت و ئاژه‌ڵ و باڵنده ده‌كه‌م، به‌جۆرێك توانیومه ڕووبه‌رێكی زۆری شوێنی نیشته‌جێبوونه‌كه‌م بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ته‌رخان بكه‌م، ژماره‌یه‌كی زۆر له چه‌ند جۆرێكی جیاوازی باڵنده‌م ڕاگیر كردووه، ڕۆژانه‌یش دوای ئه‌ركه‌كانی ترم، كاتێكی تایبه‌تیشم بۆ خزمه‌تی باڵنده‌كانم ته‌رخان كردووه".
ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، "ئه‌مه‌یش ته‌نیا وه‌ك حه‌ز و خولیایه‌كی خۆم به‌خێویان ده‌كه‌م، هیچ كاتێك چاوم له سوود یان تێچووی خزمه‌تكردنیان نه‌بووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا به‌رده‌وام هه‌وڵم داوه خزمه‌تی باڵنده كێوییه‌كانی سه‌رشه‌قام و شوێنه گشییه‌كانیش بكه‌م".
ئاسۆ ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د دانیشتووی شارۆكه‌ی كه‌لاری سه‌ربه ئیداره‌ی گه‌رمیانه، ته‌مه‌نی 33 ساڵه، ته‌واوی تێچووی پڕۆژه‌ی هێلانه ده‌ستكرده‌كان بۆ باڵنده كێوییه‌كان، له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆی كردوویه‌تی و ده‌ستی به‌كاری پاراستنی سروشتی ناوچه‌كه‌ی كردووه.