شنگالییەكان چاوەڕوانی هەڵبژاردنن.. تەنیا پارتی دەتوانێ كێشەیان چارەسەر بكات

:: PM:07:32:18/09/2021 ‌

شنگال خاكی وێرانبوو بەدەست داعش و دواتر بە دەستی پەكەكە و میلیشیاكانەوە، شوێنە گرنگ و ستراتیجییەكەی بووەتە سەرچاوەی نەهامەتی بۆ خەڵكی ئەو دەڤەرە، زۆرینەی خەڵكەكەی ئاوارەن و چاویان لە گەڕانەوەیە، كاندیدێكی پارتی لە شنگال دووپاتی دەكاتەوە كە كاری سەرەكیان گەڕاندنەوەی ژیان و ئاوەدانكردنەوە و مافی شنگال و شنگالییەكانە لە بەغدا.

د. ماجد شنگالی، كاندیدی ژمارە 30 لە بازنەی سێی شنگال و قەحتانییە لە سنووری پارێزگای نەینەوا بۆ "وشە"، ئاماژەی كرد، بەرنامەی پارتی دیموكراتی كوردستان و كاندیدەكانی بۆ ناوچەكە بە پلەی یەك جێبەجێكردنی رێككەوتنی شنگالە لە نێوان هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان و گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانیان و قەرەبووكردنەوەیان، چونكە رێككەوتنەكە باشترین بژارەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی دەڤەرەكە.
سەركەوتنی پارتی واتە ئاساییبوونەوە و دووپاتبوونەوەی كوردستانییەتی شنگال
زیاتر گوتی، پارتی هێزێكی كاریگەرە و ژمارەیەكی زۆری كاندیدەكانی دەچنە پەرلەمانی عێراق و داواكاری سەرەكیی ئەوان جێبەجێكردنی رێككەوتنی شنگالە لە رێگەی حكوومەتی نوێی عێراق، جیا لە هەوڵەكان بۆ جێبەجێكردنی مادەی 140ی دەستووری عێراق سەبارەت بە چارەسەركردنی كێشەی تەواوی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.

شنگال ناوچەیەكی كشتوكاڵییە، بۆیە كار بۆ پاڵپشتیكردنی پڕۆژە كشتوكاڵییەكان لەو دەڤەرە دەكەین، جیا لە دەیان پڕۆژەی خزمەتگوزاری تری وەك نەخۆشخانە، كە نەخۆشخانەكانی هەبوون لەكاتی جەنگی رزگاركردنەوە وێران كران. لە رووی پەروەردەیشەوە هەوڵ دەدەین بۆ كردنەوەی قوتابخانەی نوێ و ئاوەدانكردنەوەی ئەوانەی هەن، كاتێك لە شنگال كە 400 هەزار كەسی تیادا دەژیا و خاوەن كۆلیج و پەیمانگە نییە، بۆیە ئەوانە هەمووی كاریان دەوێ و ئێمەیش لەبەرنامەماندایە.

شنگالی روونی كردەوە، وەك نوێنەرانی پارێزگەی مووسڵ بە گشتی، هەوڵی چارەسەركردنی كێشە سیاسییەكان دەدەین، كە هۆكاری ئەو هەموو كێشە و دۆخە ناهەموارەیە كە لەو دەڤەرەدا هەیە، یەكێك لە بڕگەكانی رێككەوتنی شنگال دەركردنی هێزە نایاسایی و ناشەرعییەكانە و پاراستنی ئاسایشی ناوچەكە بە سوپای عێراق و پێشمەرگە بسپێردرێت، ئەوانن هۆكاری نەگەڕانەوەی خەڵكی ئاوارەی شنگال، بۆیە لەو كاتە هەموو هەوڵی ئێمە ئەوەیە رێككەوتنەكە جێبەجێ بكرێت، ئەوان كاندیدیان بۆ پەرلەمانیش هەیە، بەڵام سەركەوتوو نابن، چونكە پارتی زۆر بەهێزە لە ناوچەكە و چاوەڕان دەكرێ خەڵكی شنگال و دەوروبەری دەنگ بە پارتی بدەن، كە تاكە هێزە دەتوانێت كێشەی شنگال چارەسەر بكات.

"بەشێكی زۆری خەڵكی شنگال لە هەولێر و دهۆك و لە كەمپەكان ئاوارەن، دەنگدانی ئەوان كە هەژمار كراون لەگەڵ دەنگدانی تایبەت دەبێت، واتە 8ی مانگ لەگەڵ هێزەكانی تەناهی و سەربازی و لەسەر بنەمای بایۆمەترییە، ئەوانەیشی هەژمار نەكراون، رۆژی 10ی مانگ لە شنگال دەنگ دەدەن"، شنگالی وای گوت.

لە ماوەی رابردوو پەرلەمان و حكوومەتی عێراق چەندان بەڵێنیان بە ئێزیدییەكان و خەڵكی شنگال دا، زۆرینەی وەك بەلێن ماونەتەوە، ئەو كاندیدیەی پارتی باسی ئەوە دەكات كە ئەگەر كاندیدانی پارتی دەربچن، كار بۆ جێبەجێكردنی بەڵێنەكان و زیاتریش دەكەن، روونی كردەوە، لە ماوەی رابردوو یاسایەك لە پەرلەمانی عێراق پەسند كرا تایبەت بە ژنە رزگاربووەكانی ئێزیدی، ئێمە دەمانەوێ تەواوی خەڵكی شنگال قەرەبوو بكرێنەوە و كار بۆ شیاندنەوەی تاكەكان بكرێت، لە قەرەبووی مادی و مەعنەوی و دەروونی، بەتایبەتی كە خەڵكێكی زۆری دەڤەرەكە تووشی رفاندن و بەكەنیزەكردن و كڕین و فرشتن هاتنەوە، ئەوەیش پێویست بە بوونی چاودێری و گرنگیدانی تایبەت بەوان دەكات، بۆیە كار بۆ دەركردنی یاسا دەكەین بۆ پاڵپشتیكردنی ئەوان.

شنگالی دووپاتی كردەوە، چارەسەركردنی زۆرینەی كێشەكانی شنگال پێوەستە بە بەهێزیی دەوڵەتی عێراق، ئەگەر دەوڵەت و حكوومەتێكی بەهێز هەبێت، ئەو كێشانە هەمووی بە رێگەی یاسا و دادگا چارەسەر دەبێت، یەكێك لە بابەتەكان تاوانباركردنە لەسەر كەیسی كۆمەڵكوژی ئێزیدییەكان، تۆ ناتوانی بێ بوونی بەڵگە خەڵكێك بە داعشبوون تۆمەتبار بكەیت، دوای ئەوە پێویستە دەوڵەتێكی بەهێز هەبێت ئاشتەوایی كۆمەڵگەیی بسەپێنێ و پێكهاتە لاوازەكان بپارێزێت.

لە كۆتاییدا شنگالی ئاماژەی كرد، سەركەوتنی پارتی و كاندیدەكانی لەو هەڵبژاردنە، واتە گەڕانەوەی ئاوارەكان و ئاساییكردنەوەی شنگال و قەرەبووكردنەوەی خەڵكەكەی و دووپات دەكرێتەوە كە شنگال كوردستانییە، بەپێچەوانەوە ئەگەر پارتی سەركەوتوو نەبێت، كێشەی شنگال زۆر ئاڵۆز دەبێت، بەتایبەتی ئەگەر كاندیدی پەكەكە سەر بكەوێت، زۆر زەحمەتی روو دەدات، چونكە ئێستە تەنیا هێزی ناشەرعیان هەیە، قایمقام و بەڕێوەبەری شارەدێی تۆزوبا دادەنێن، ئەگەر پەرلەمانتاریان هەبێت دەبێت چی بكەن؟.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل